دواین هەواڵ

ھەڵبژاردنی تازە،، ڕێوڕەسم، یان ڕەسمی ڕێیەکی تازە ؟

‌شیروان تاڵیب

07/08/2023

پار کە وادەی خولی پەڕلەمان بەرەو کۆتایی ئەچوو، لەجیاتی خۆمان، خانمەکەی یوئێن مشەوەش بوو، ئەو چونکە ئەیزانی لەپشت پەردەوە دەنگی مەعامەلەیەکی غەریب دێ، ئیتر ھەرچەند ھاواری ئەکرد کۆک بین و لەسەر ھەڵبژاردنیش ڕێکبکەوین، گوێگر کەم بوون و ڕێگریش زۆر!

زلھێز نەما بۆ ھەڵبژاردن نەیەتە سەرخەت، بەس ئەمجارە وەک جاری جاران نەیانووت قەیچێکا قیچێکی تریشی بدەنە دەم، بەڵکو وتیان بۆ نایکەن !؟ ھەیانبوو ئەیووت بۆخاتری خوا بیکەن ،، ئێ ئەوانیش ئەیانزانی تەبیعەتی گەمەکە گۆڕاوە و ئێمە بەو تەوزیعبوونەمان لەسەر ھەموو شتێک، لانیکەم (لەم قۆناغە)دا، کەڵکی پشت پێ بەستنمان نەماوە!

کێشەمان زۆرە، بەڵام قەراری غەڵەت لە تەوقیتی غەڵەتدا، سەرچاوەی بەشی ھەرەزۆری کێشەکانمانە !
کاتێک پێیان ئەوتین ھەڵبژاردن بکەن، لەجێی ئەوەی گوێیان لێ بگرین، پشتگوێمان خستن!

لەسەر یاسا و ڕێسایەک بۆ ھەڵبژاردنی پەڕلەمان ڕێکنەکەوتین، کەچی لەسەر درێژکردنەوەی عەمری پەڕلەمانەکە عەیبمان نەبوو، بەچەقەنەیەک ڕێککەوتین و قسەی ئەو عالەمان بەدیواردا دا ،، دەی ئەوانیش بۆئەوەی پێمان بڵێن غەڵەتن و بەخۆتاندا بچنەوە، ئۆکەیەکیان بە بەغدا دا ( ئۆکەییشیان نەدابێ، چاویان داخست و گوێیان قەپات کرد) و بەغداش پاڵێکی پێوەناین و خستینیە ناو چاڵی فەراغەوە،، فەراغێک کە تیایدا مقەست و قوماش لەدەستی خۆیانە و چۆنیان بوێ، ئاوھا بەرگی ھەڵبژاردنمان بۆ ئەدوورن !

ئەوە لەولاوە دانێ ، وەرە بۆ شتی تر ،،

لەم دوو سێ ساڵەدا، ژمارەی ئەو شاندە غەربییانەی کە بۆ کۆکردنەوەی پارتی و یەکێتی لەسەر ( یەک) مێز، سەردانی ھەولێر و سلێمانیان کردووە، لە ژمارەی ھەموو ئەو شاندانە زیاترە کە بەدرێژایی دە دوانزەساڵی شەڕی ناوخۆ، بۆ کوژاندنەوەی ئاگری شەڕەکە ئەھاتن ،، کەچی نەک بەپیر تکا و ڕجاکانیانەوە نەچوین، ئەسڵەن کە دەستپێشخەرییەک لێرە و لەوێ بۆ کۆبوونەوەیەک ئەکرا، قسەیەکی ناوەخت لێرە و جوابێکی ناوەختتر لەولا، ئەو تاڵە دەزووەیشی ئەقرتاند کە بەھەزار حاڵ لە دەستی کەتەر نەجاتی بوو بوو، بەوەش، تەواوی وەزعەکەمان ئەھێنایەوە سەر سفر و ئێستاش ئەڵێین بایەخمان نەماوە و پێگەمان زەعیف بووە !

بایەخ، لە فیکری باشەوە دێ، پێگەش، فیعلی چاک دروستی ئەکا و ئەتداتێ ،،

تۆ بەرببیتە گیانی خۆت و دار بەسەر بەردی خۆتەوە نەھێڵی، ئیتر ھەر بایی ئەوەندە بایەخت پێ ئەدرێ کە دەستت بگرن تا لەوە زیاتر عەزییەتی خۆت نەدەی و شتی تریش نەشکێنی!
تۆ کە ھەم خۆت و ھەم دۆستانت ڕەنج بەخەساربکەی، ئەکید ھەر بایی ئەوەندە پێگەت ئەمێنێ کە ڕێ نەدەن قووت بدرێی و کارێک بکەن ھەرچۆنێک بێ بمێنی،، بمێنی بۆ جەولەیەکی تر، بۆ گەمەیەکی تر، بۆ چانسێکی تر، تا خۆتی پێ ھەستێنیتەوە!
ئیھمال نەکراوین، ئەوە ئێمەین کە ئەو عالەمەمان ئیھمالکرد،،

ئەو ھەوڵانەی لەگەڵماندا درا تا لەسەر ھەندێک شت بسازێین و لەسەر ھەموو شتێک نەترازێین، ئەوپەڕی بایەخپێدان بوو بەئێمە، بەس ئێمە حسابمان بۆ نەکردن !
ئەو خەمەی کە دنیا بۆ سازدانی ھەڵبژاردن و دوانەخستنی لە ئێمەیان ئەخوارد، خەمێک بوو بۆ مانەوەی پێگەکەمان و دوورخستنەوەی ھەر ئەگەر و پیلانێک کە بۆی ھەیە لاوازمان بکا ،، ئەوە ئێمە بووین پێمان نەزانی و پێمان ھەڵخلیسکا !

ئەمانەش بدەنە لاوە و با بێینە سەر ئەم دەققەیە ،،

ئەو تکا و ڕجایەی لێمان ئەکرێ تا خۆ گورج کەینەوە و ھێزەکانمان یەکبخەین، بۆ لاوازکردنمان نیە، ڕێک بۆ عەکسەکەیەتی، بەس دیسانەوە ( لانیکەم تا ئەم دەققەیە )گوێی پێ نادەین و خەمەکەش ئەوەیە کە ھەر گوێی پێ نەدەین تا دواجار ئەویش وەک ئەوانەی پێشتر، ( پادداشت)ێکی بەدوادا بێ !

ئەلموھیم ئێستا لەسەر ڕێی ھەڵبژاردنین، ئەو ھەڵبژاردنەی کە بەڕادەیەک چاوی جیھانی لەسەرە، کە مەرسوومی ھەرێمی بۆ وادەکەی دەرکرا، لەھەر چوارلای دنیاوە دەستخۆشی و پشتیوانینامە بۆ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ڕەوانەکرا، کەوابێ، ھەم جێی بایەخین و ھەمیش پێگەمان وەک خۆی ماوە ،،
بەڵام ڕێ و ڕەسمێکی تازەی ئەوێ.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP