دواین هەواڵ

پلانە ستراتیجیە گەورەکەی ئەر دۆگان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانیی بزانە

‌كارزان گلی

13/09/2023

هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا نزیك دەبێتەوە، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، بە سەركردایەتی پارتەكەی گوتووە، هەرچیتان كردووە بیكەن، دەبێت سەرۆكی شارەوانیی ئیستانبۆڵ ببەینەوە، بۆ ئەمەشیان تیمێكی گەورەی پێكهێناوە، كە ئێفكان ئاڵا، وەزیری پێشووی ناوەخۆی توركیا سەرپەرشتی دەكات.
لەم راپۆرتەدا زانیاری ورد لەبارەی ستراتیژی ئەردۆغان و هاوپەیمانیی كۆماریی دەخەینە روو بۆ هەڵبژاردنی 31_3_2024ی شارەوانییەكانی توركیا.

ئەنكەرا

ئەنكەرا، بەلای ئەردۆغانەوە زۆر گرنگ نییە، هەر گوێشی لێ نییە كە مەنسوور یاڤاش، سەرۆكی ئێستای شارەوانی ئەنكەرا هەڵبژاردن بباتەوە یان نا، بۆیە زۆر فۆكەس ناخاتە سەر ئەو شارە و هەموو ماندووبوونەكەی بۆ ئیستانبۆڵ و چەند شارەوانییەكی تری توركیایە.

بەگوێرەی زانیارییەكان، ئەردۆغان، لە ئەنكەرا كەسایەتییەكی گرنگ دەكاتە بەربژێر، بەڵام زۆر گرنگی بەوە نادات، كە ئەنكەرا دەباتەوە یان دەیدۆڕێنێت، ئەو سەركەوتنی خۆی لە ئیستانبۆڵ و ئیزمیردا دەبینێتەوە.

ئیستانبۆڵ

ئەردۆغان، تیمێكی گەورەی پێكهێناوە بەسەرۆكایەتی ئێفكان ئاڵا، وەزیری پێشووتری ناوەخۆی توركیا، پێی گوتووە هەرچی دەكەیت بیكە، دەبێت ئیستانبۆڵ بكەوێتەوە ژێر دەستی ئێمە. ئاڵا، لەگەڵ هەموو چین و توێژەكاندا كەوتووەتە گفتوگۆ و سەردانی هەموو توێژێك لە ئیستانبۆڵ دەكات، تیمەكانیشی بەسەر چەندین ناوچەدا دابەش كردووە.

بەگوێرەی تازەترین راپرسی، كە خستویانەتە بەردەستی ئەردۆغان، ئەگەر بەیانی هەڵبژاردن بكرێت، ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی ئێستای شارەوانیی ئیستانبۆل براوەیە، بۆیە ئەردۆغان، دەیەوێت لەماوەی ئەو حەوت مانگەی ماوە، باڵانسی دەنگ بگۆڕێت.

فاتیح ئاڵتایلی، رۆژنامەنووسی بەناوبانگی توركیا، دەڵێت یەكلایی بووەتەوە، كە فەخرەدین كۆجا، وەزیری تەندروستیی توركیا، ببێتە بەربژێری هاوپەیمانیی كۆماریی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئیستانبۆڵ، چونكە بەداوی كەسێكدا دەگەڕێن، هەموو توێژ و نەتەوەكان خۆشیان بوێت و هەروەها بەهیچ شێوەیەك دڵی هیچ لایەنێكی نەشكاندبێت.

كۆجا، یەكێكە بەرپرسانی ئاكەپە، كە كوردە و خەڵكی مێردینە، هەموو پارتە سیاسییەكانی توركیا لێی رازین، چونكە كاتێك ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات دژایەتی یەكتریان دەكرد، ئەو بەهێمنی كاروباری وەزارەتی بەڕێدەكرد و خۆی نەخستبووە ناو ئەو شەڕە جنێوە، بۆیە تورك و كورد و عەلەوی و ئەوانەی ئاكەپەش نین، رقیان لێی نییە و خۆشیان دەوێت.

كۆجا، شانسی لە هەموو بەربژێرەكانی تر زیاترە بۆ ئەوەی ببێتە بەربژێری هاوپەیمانیی كۆماریی، واتە ئەردۆغان، دەیەوێت شەڕی ئیستانبۆڵ بە كوردێك بكات، بەڵام ئایە ئەو كوردە لە ئیمامئۆغڵو دەباتەوە؟ چونكە لە 2019، بەهەمان شێوە ویستی بە كوردێك شەڕی ئیستانبۆڵ بكات، كاتێك بیناڵی یڵدرمی كردە بەربژێر، بەڵام یڵدرم بەرامبەر بە ئیمامئۆغڵو، شكستی هێنا.

ئەنتاڵیا

ئێستا شارەوانیی ئەنتاڵیا، لەدەستی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، بەڵام ئەردۆغان، دەیەوێت بەبەربژێركردنی مەولوود چاوشئۆغڵو، ئەو شارە لەدەستی ئۆپۆزسیۆنی توركیا دەربهێنێت. ئیستانبۆڵ چەندە گرنگە لەڕووی ئابوورییەوە، ئەنتاڵیاش بەهەمان شێوە، چونكە لە توركیا وەكوو پایتەختی گەشتیاری ناوی دەبەن.

چاوشئۆغڵو، كە لە كابینەی پێشووتر وەزیری دەرەوەی توركیا بوو، لەلایەن ئەردۆغانەوە، 99% یەكلایی بووەتەوە كە دەبێتە بەربژێر بۆ ئەنتاڵیا، لەئێستاشەوە بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ پروپاگندەیان دەستپێكردووە و چاوشئۆغڵو، رووی لە ئەنتاڵیا كردووە.

بەگوێرەی زانیارییەكان، ئەردۆغان، ئەوەی بەلایەوە گرنگە و هەوڵی بۆ دەدات، ئیستانبۆڵ و ئەنتاڵیا و ئیزمیرە، بەڵام ئیستانبۆڵ و ئەنتاڵیا بە پلەی یەك بەلای ئەردۆغانەوە گرنگە و پلانیان داڕشتووە سەركەوتنی تێدا بەدەست بهێنن، بەتایبەت ئێستا ئۆپۆزسیۆن لەوپەڕی پەرتەوازەییە، بەتایبەت كاتێك هەدەپە، بریار بدات لە ئەنتاڵیا و ئیستانبۆل بەربژێری خۆی هەبێت، ئەمە وا دەكات ئاكەپە، نزیك ببێتەوە لە سەركەوتن لەو دوو شارە.

چاوشئۆغڵو، كەسێكە قبوڵكراوە لە ئەنتاڵیا، یەكێك لەو هۆكارانەشی وای كردووە لەسەر بازنەی ئەو شارە بەربژێر بكرێت، ئەوەیە كە هاووڵاتی ئەنتاڵیا خۆشیان دەوێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر كاری جیدی نەكات، سەركەوتن لە ئەنتاڵیا زەحمەتە.

ئیزمیر

شاری ئیزمیر، بەقەڵای ئۆپۆزسیۆن دادەنرێت لە توركیا، بەردەوام لەهەموو هەڵبژاردنێكدا ئەو شارە زۆرینەی ئۆپۆزسیۆن بووە، بەتایبەت جەهەپە، چونكە خەڵكەكەی سیكۆلارە و تەنانەت ماوەیەكی زۆر لەو شارە رێگە لە بانگدان لە مزگەوت گیرابوو و دەیانگوت پێویست ناكات، بەڵام ئاكەپە هەرگیز بێئومێد نەبووە لەوەی لە ئیزمیر سەركەوتن بەدەست بهێنێت.

راستە ماوەی 21 ساڵە ئاكەپە لە هەموو هەڵبژاردنێكدا بردویەتییەوە، بەڵام 21 ساڵیشە نەیتوانیوە لە ئیزمیر هەڵبژاردن بباتەوە.

ئاكەپە، لە هەموو هەڵبژاردنێكدا لەئیزمیر دۆڕاوە، بەڵام لە هەر هەڵبژاردنێكدا دەنگەكانی زیادی كردووە، لە هەڵبژاردنی 14ی ئایاریش، دەنگەكانی زیادی كرد، دەنگی جەهەپەش لەو شارە بۆ 59% دابەزی، لە كاتێكدا پێشتر دەورووبەری 70% بوو.

ئەردۆغان، بەدوای كەسێكدا دەگەڕێت، كاریگەریی لەسەر دەنگدەر هەبێت لە ئیزمیر، تا ئەگەر بۆ یەكجاریش بێت، شارەوانیی ئیزمیر بباتەوە.

وەكوو ئەوەی میدیاكانی توركیا باسی دەكەن، ئەردۆغان، لە دەرگای مەحموود ئۆزگەنەر، سەرۆكی پێشووی فیدڕاسیۆنی تۆپێی توركیای داوە و داوای لێكردووە ببێتە بەربژێری هاوپەیمانیی كۆماری لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لەسەر بازنەی ئیزمیر.

ئۆزگەنەر، كاریگەرییەكی زۆری لە ئیزمیر هەیە، هاووڵاتیان زۆر خۆشیان دەوێت و زۆریش رێزی لێدەگرن، بۆیە چەندین جار گوتوویەتی نایەمە ناو سیاسەتەوە، دوو جاریش داوای ئەردۆغانی رەتكردووەتەوە بۆ بوونی بە بەربژێر لەشەر بازنەی ئیستانبۆڵ، بەڵام بۆ ئەمجارەیان فشارەكانی ئەردۆغان بۆ سەری زیادی كردووە، پێناچێت رەتی بكاتەوە.

ئەگەر ئۆزگەنەر، رازی بێت و ببێتە بەربژێر لەسەر بازنەی ئیزمیر، ئەوكات ئۆپۆزسیۆنی توركیا لە ئیزمیر قەلاكەی دەلەرزێت، بەڵام روون نییە، ئاخۆ قەڵایەكەی دەڕوخێت یان تەنیا لەرزینێكی لێ دروست دەبێت.

دەبێت ئەوە باس بكرێت پەرتەوازەیی ئۆپۆزسیۆن وای كردووە ئەردۆغان، چاوی لەوە بێت ئیزمیریش لەدەستی جەهەپە دەربهێنێت، ئەگەر ئەو پلانەشی سەربگرێت، بەتەواوی ئۆپۆزسیۆنی توركیا لاواز دەكات و دەكرێت بڵێین شتێك نامێنێت بەناوی ئۆپۆزسیۆن كە ركابەری لەگەڵ ئەردۆغان و پارتەكەیدا كات.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP