دواین هەواڵ

دیاردەی (گوڵەخانە) و غیابی دەوڵەتداری!

‌شیروان تاڵیب

20/02/2024

لوبنان چەند جوانە، ئەوەندەش وێرانە. ئەوەی ڕێی بۆ ئەو وێرانکارییەش خۆشکرد، سیاسییەکانی لوبنان و سیاسەتی (هەرکەس بۆخۆی) بوو! نەتیجەش، سیستمی دەوڵەتداریی نەما و ڕژێمی (کانتۆنات) جێی گرتەوە!
شەڕی ناوخۆی لوبنان( ١٩٧٥ ـ ١٩٩٠)، سەرەتا سوپا، دواتر حکوومەت، پاشان هێواش هێواش کۆمەڵگای لوبنانییشی هەڵوەشاند. شەڕ، تەقریبەن تەواوی لوبنانییەکانی کردە چەکدار و بەسەر گروپی جیاجیای میلیشیادا دابەشی کردن، ئیتر ئا لەوێوە، کانتۆن جێی نیشتمان و ئینتیماش بۆ کانتۆن تا ڕادەی مردن لەپێناویدا، لە ناخی تاکی لوبنانیدا، ڕەگی داکوتا!

سەردەمانێک لە لوبنان، کار گەیشتە ئەوەی هەر کۆڵانێکی بەیروت، عایدی گروپێکی میلیشیاوی بوو، دەوڵەتی چی و حاڵی چی، میلیشیا بە هەوەسی خۆی ئیدارەی ئەدا و ئەوانی تر بۆیان نەبوو بەبێ ئیزن، تەنانەت پیایشیدا تێپەڕن!

پرۆسەی ئاشتیی لوبنان ( ڕێککەوتنی طائیفی سعوودییە ١٩٨٩ـ ١٩٩٠)، تەنیا نەزیفی شەڕە گوللەی سەرجادەی ڕاگرت، نەزیفی ڕق و کینەی لە جەستەی لوبنانییەکان و نەزیفی هەڵوەشانی دەوڵەت و داوەشانی کۆمەڵگای لوبنانیی پێ ڕانەگیرا. ڕاستە طائیف ئیعلامییەن لوبنانییەکانی کردەوە بەخاوەن دەوڵەت، بەڵام عەمەلییەن، دەوڵەتەکەیانی سەرەتا کردە حەوشەی خەلفیی سووریا، دواتریش، کەلاوەی موخەلەفاتەکانی ئێران!

ئەمڕۆ دنیا دەستی لە لوبنان بەرداوە. دەوڵەت، بانک، بازاڕ، قەزا داڕووخاون. چەک حوکم ئەکا و حیزبی چەکدار حاکمە، میلیشیاش لەجێی دەوڵەت قەراری سیاسی ئەدا! وڵات بێ سەرۆکە و حکوومەت کاربەڕێکەرە و پەڕلەمانەکەیشی، تەماشاکەرێکی دەستوپێ سپی واقوڕماوە و نازانێ چی بکا،، ئەمەیە ئەنجامی شەڕ، شەڕی خۆبەخۆ. ئەمەیە بەرهەمی قەراردان لە لوولەی چەکەوە، چەکی بەرەڵڵا!

ئەوەی بەسەر لوبناندا هات، کاتی خۆی بەسەر ئێمەشدا بەنەوعێک لە نەوعەکان هات، بۆ ئێستاش ناڵێم نەتیجە وەک لوبنانمان بەسەردێ، بەس ئەگەر حاڵەتی (گوڵەخانە) ببێ بە دیاردەی (گوڵەخانەکان) و لەجیاتی یەکخستنی چەکەکان لە یەک سوپای خاوەن یەک مەرجەعدا، چەکەکان پەرتتر بکەین و پرۆژەی پێکهێنانی سوپایەکی یەکخراوی ڕێکخراو پەک بخەین، دوور نیە لە لوبنان خراپترمان بەسەربێت!

ئەوە بۆیە ئەڵێم خراپتر، چونکە لوبنان لانیکەم دەوڵەتە و سنوور و سیادەیەکی هەر هەیە و ماوە، بەس ئێمە دەوڵەت نین و هەرێمین،،
ئێ هەرێمەکەش ئەوەیە کە هەیە.




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP