دواین هەواڵ

پارتی و، پرۆسەی گرتنی کەروێشک بە عەرەبانە!

‌شیروان تاڵیب

24/03/2024

هەر ئێران نیە عەزییەتی پارتی ئەدا، ئەمریکایشە! ئەمریکا، هەمیشە لەگەڵ (کوردبوون)ەکەی پارتی و، جارجارەش لەگەڵ ئەدائی پارتی لە حووکمڕانییەتدا، کێشەی هەیە! جیالەوانەش، هیچ زلهێزێک چاوی بە هێزێک هەڵنایەت کە ماوە ماوە پێی بڵێ ( نەخێر )، ئێ پارتیش، ئەو حیزبە نیە هەر ( بەڵێ) بکا، نەخێریشی هەیە، زۆریش!

ئەوە هەموو مەسەلەکە نیە، بەشێکییەتی، بەشەکەی تری، حەجمی پارتی ە! بەتایبەتیش، بەزۆرینە پەڕلەمانییەکەی ئەم پێنج شەش ساڵەی دوایی، هەندێکی ترساند، هەندێکیشی تۆقاند!

ئێمە کۆنترین نەتەوەی ئەم ناوچەیەین کە لەسەر ئەرزی خۆمانین، ئەوە مێژوو وا ئەڵێ، بەس کوا کێ مێژوو ئەخوێنێتەوە! لە واقیعدا، ئەوەی هەمانە و نیمانە، هەرێمێکە، ئەویش لە عێراقدا، خۆ ئەگەر دوور لە حەماسەت لێی وردبینەوە، هەرێمەکەشمان زۆر خۆکرد نیە، زیاتر دەستکردە ! لەئەساسدا، بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگییەکانی عێراق و ناوچەکەیە، یەعنی پارسەنگە ! هەر کاتێکیش بزانرێ هێزێک، دەسەڵاتێک، بگرە کەسێک لەم هەرێمە، گەورەییەکەی، زۆرینەییەکەی، تمووحەکەی، هاوسەنگیی تەرازووەکە لاسەنگ ئەکا، ئیتر هەمووان بە گەلەکۆمە دەوورەی ئەدەن، تا دۆخەکە بگەڕێننەوە بۆ بارە( خوار)ەکەی خۆی، کە بەلای ئەوانەوە، ڕاستەکەیە!

پارتی، گەورەییەکەی، جارجارە بەرەو جۆرێک لە حەماسەت ئاراستەی ئەکا و ئیتر دەست بۆ گۆڕینی شتگەلێک ئەبا، هەوڵی گۆڕینی واقیعێک ئەدا، ڕاستە گۆڕینیان هەقە، بەس نە لە دەستی ئەودایە، نە لە دەسەڵاتیشی، هەربۆیەش بەدوای هەر جووڵەیەکی لەوجۆرەیدا، دەوورە ئەدرێ، دەوورەدانێکی جەماعی!

پارتی بەو بەدەورەدانانە ڕاهاتووە، ئەکید ئەمجارەش لێی دەرئەچێ. هەرێمیش پێگەی لەدەست نەداوە، وەک خۆیەتی و ناگۆڕێ، ئەوەی (بۆی هەیە) بگۆڕدرێ، ڕێکخستنەوەی شێوەی بەڕێوەبردنی هەرێمەکەیە لەڕێی دووبارە ڕێکخستنەوەی حەجمی پەڕلەمانیی هێزەکان! ئەمەش بۆئەوەیە، هیچ هێزێک ئەوەندە گەورە نەبێ، بە لای گۆڕینی نەگۆڕەکاندا بچێ! بۆئەوەیشە، کەس لە کەس ( زۆر) بەهێزتر نەبێ و هیچ لایەکیش بەبێ ئەوی تر، نە ئیدارە بکا، نە ئیدارەیشی پێ بدرێ!

ئەمە، پلانە پیلانە زوڵمە ناهەقییە، هەرچییەکی ناو ئەنێی بینێ، تەبیعەتی سیاسەت لەم ناوچەیە ئاوایە، مەسڵحەتی دنیاش ئەوهای دەوێ!

کاتی خۆی، پارتی بە ئەعساب سارد، مت، کڕ، لەژێرەوە، سەرکزی دڵ وریا و چەندین وەسفی تری لەوجۆرە مەشهوور بوو، ئەو شوهرەتانەیشی لەخۆڕانەبوو، لە نەتیجەی جووڵەکانیەوە هاتبوو، هەربۆیەش، قەت شۆک نەئەبوو، هەمووانی شۆک ئەکرد، هەر بەجددیش، کەروێشکی بە عەرەبانە ئەگرت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP