دواین هەواڵ

شۆڕشى گوڵان، شۆڕشێک بوو شکستى بە گەورەترین پیلانگێرى دژى نەتەوەى هێنا

‌رێبوار حەمەلاو شوانی

26/05/2025

بە هەڵوەستەکردن و سەرنجدان و خوێندنەوەى مێژوویی خەباتى گەلەکەمان ئەو راستییە تێدەگەێن کە پارتى دیموکراتى کوردستان هەمیشە پێشەنگ و ئاڵاهەڵگرى خەباتى نەتەوەی کورد و کوردایەتى بووە , هەرگیز کۆڵى لە خەبات و بەرخودان نەداوە ، لە پێناو بەدیهێنانى مافەرەواکانى  کورد وکوردستان ، هەڵگیرسانى شۆڕشى 26ى گوڵانیش بەڵگەیەکى مێژوویی و حاشاهەڵنەگرە لە خەباتى پڕ شانازى ئەم ڕێبازە پیرۆزە .

شۆڕشى گوڵان ، شۆڕشێکى سادە نەبوو ، بەڵکو شۆڕشێک بوو شکستى بەخەون و گەورەترین پیلانگێرى ناوچەیی و نێودەوڵەتیی دژى نەتەوەى کورد هێنا ، هەروەها قۆناغێکى نوێى بوو لە خەباتى رزگاریخوازى گەلى کورد، لە قۆناغێکدا ناوچەکە بە رەوشێکى هەستیار و دۆزى کوردیش بە قۆناغێکى هەستیاردا تێدەپەڕى ، شۆڕشى 26ى گوڵان تەواوکارى شۆڕشى مەزنى ئەیلوول بوو چونکە لە پێناو هەمان ئامانج و ستراتیژى نەتەوەیی خەباتى دەکرد ، ئەم شۆڕشە ئومێدى مەزنى گەڕاندنەوە و جارێکى تریش نەیارانى کوردستانى بێ ئومێدکردەوە .
یەکێک لەو پیلانگێریی وڕێککەوتننامە شوومانە کە لە دژى شۆڕشى مەزنى ئەیلوول و گەلى کورد واژۆ کرا ، پیلان جەزاییر بوو  لە 6ى ئادارى 1975 ، وایکرد کە بۆ ماوەیەکى کورت شۆڕشى گەلى کورد ، لەو وچان بوەستێت ، ئەوەش وایکرد کە نائومێدی و ساردییەک بە سەر گەلى کوردا باڵ بکشێت ، دوژمنانى بارزانى و پارتى پێیان وابوو کە ئیتر بەم پیلانگێرییە  ، جارێکى تر پارتى و بارزانى هەرگیز ناتوانن شۆڕش و خەبات دەستپێکەنەوە ، بۆیە ، لەگەڵ ئەو کوردانەى دەستیان لەگەڵ دوژمنانى کورد تێکەڵ کردبوو دەستیان کرد بە پڕوپاگەندە و چەواشەکارى دژى پارتى  وبارزانى ، ئەوانەى لە هەرگیز لە ناو شۆڕشیشدا هەرگیز ئەرک وبەرپرسیاریەتییان هەڵنەگرت و هەمیشە دژایەتى کوردایەتى و دۆزى رەواى گەلەیان دەکرد .
سەرەڕاى ئەو دۆخە دژوارەى بەهۆى پیلانگێریی و گەلەکۆمەکییەوە دژى پارتى و بارزانى دروستبوو ، بەڵام ژمارەیەکى باش لە کادیر و ئەندامانى پارتى دیموکراتى کوردستان ، لەگەڵ ئەوەى پەناهەندە و ئاوارەى ئێران ببوون ، لەماوەیەکى کورتدا ،دەستیان کرد بە سەر لە نوێ شیرازەى ڕێخکستنەکانى حزب و  ئەمەو جگە لە چاودێرى چڕى دەزگە ئەمنییەکانى ئێران ، بەڵام توانییان پارتى ڕێک بخەنەوە. لەم بارەیەوە سەرۆک مسعود بارزانى فەرموویەتى : لە مانگى نیسانى 1975 بە بڕیارى بارزانى دەستمان کرد بە دامەزراندنى سەرکردایەتى کاتى بۆ ڕابەرایەتى ڕێکخستەکانى پارتایەتى و لە ناو وڵات و ئاوارەکان و وڵاتانى دەرەوە و پەرەپێدانى بارى لەشکرى ئەو چەند مەفرەزەیەى کە لە ناو وڵات مابوونەوە . هەروەها لە بارەى دەستپێکردنەوەى چاڵاکى و ڕێکخستنەوەى ڕیزەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان نووسیووێتى : دواى ڕاگۆڕینەوە لەگەڵ ژمارەیەک لە هەڤاڵان و دڵسۆزان و ڕەخساندنى زەمینەیەکى گونجاو بەمەبەستى دەستپێکى کار وچاڵاکیی پارتایەتى ، یەکەم کۆبوونەوە دواى هاتنمان بۆ ئێران لە رۆژى 15ى نیسانى 1975 دا سەر کانیاوێکى دەروەى شارى نەغەدە ( حەوت کانى ) کرا ، بە ئامادەبوونى خۆم و هەڤاڵان : جەوهەر نامیق سالم ، کەریم شەنگالى ، ئازاد بەروارى و محەمەد ڕەزا . لە کۆبوونەوەدا بەهەڤاڵانم ڕاگەیاند کە بەهاوکارى ئێوە و ژمارەیەکى ترى هەڤان کە بۆ کارى پارتایەتى دەستنیشان دەکرێن ، دەست بە چالاکیەکانمان دەکەینەوە ...
هەر بۆیە ، لە چوارچێوەى ئەو بەرنامە و پلان ورد و ستراتیژیانەى کە پێشتر دانرابوون بۆ ڕێکخستنەوە و کارکردن بۆ هەڵگیرسانەوەى شۆڕش لەماوەى مانگى 5 تا 7ى مانگى 1975 ، دوو وەجبە لە کادیر و پێشمەرگانى پارتى دیموکراتى کوردستان دەگەڕێنەوە بۆ کوردستان .
پاش چەند مانگێک ئامادەکارى و دواى ئەوەى سەرۆک مسعود بارزانى ، کە ئەو کات لەگەڵ باوکى ڕۆحى نەتەوەیی کورد مستەفا بارزانى  بۆ چارەسەرى ، لە ئەمەریکا بوو ، گەڕایەوە ، سەرکردایەتى کاتى یەکەم بەیاننامەى خۆى لە ڕۆژى 10ى 12ى 1975 ، بەناوونیشانى کوردستان گۆڕەپانى راستەقینەى خەباتە و بەدروشمى جەماوەرى گەلەکەمان ، بارودۆخى نسکۆ ڕەت دەکەینەوە ، ئامادەکارى بۆ هەلگیرسانەوىە شۆڕشى گوڵان دەکەنەوە و تا دەست بە چاڵاکى پارتیزانى بکەن .
هەر بۆیە، دواى گەیشتنى پەیامى مستەفا بارزانى ، کۆمەڵێک پێشمەرگەى قارەمان ، رۆژى 25ى 5ى 1976 بەرەو شاخ بەڕێکەوتن ، لە شەوى 25 لە سەر 26ى 5ى 1976 لە قەندیل لە زێنى گەزگەکى دەکەونە بۆسەى ڕژێم ، چەند سەربازێک دەکوژن ، هاوکات سەید عەبدوڵڵا ، کە سەرپەرشتى پێشمەرگەکان شەهید دەبێت و دوو پێشمەرگەى دیکەى بریندار دەبن . بەدڵنیایەوە دەستپێکردنەوە شۆڕش دەنگدانەوەى گەورەى لە سەر ئاستى ناوچەکە و نێودەوڵەتى لێدەکەوتەوە ، ئەوە بوو کە سەرکردایەتى پارتى دیموکراتى کوردستان بە فەرمى دەستپێکردنەوەى شۆڕشى بە سەر پیلانگیرى و  ئەو خەونەى کە نەیارانى کورد پێیان وابوو کە جارێکى تر کورد ناتوانێت خەبات و بەرخودان بکاتەوە ، شۆڕشى گوڵان شکستى پێهێنڕا .
شۆڕشى گوڵان توانى لەماوەیەکى زۆر کورتدا ، چەندین دەستکەوت و سەرکەوتنى گەورەى مێژوویی بۆ کوردوکوردستان بەدەست بێنێت . هەروەها چەندین داستانى قارەمانانە لە دژى ڕژێمى ستەمکار و دڕندەى بەعس تۆمار بکات ، هەروەها لە رووى سیاسى و دیپلۆماسیشەوە ، توانى بە شێوەیەکى زۆر ژیرانە لە سەر ئاستى ناوچەیی و نێودەوڵەتى پێشکەوتنى گەورە بەدەست بێنێت و سەرنجى ناوەندە بریار بەدەستەکانى دونیا بۆ دۆزى رەواى گەلى کورد بۆ لایی خۆى رابکێشێت ، لەهەمانکاتیشدا ، شۆڕشى گوڵان و پارتى و بارزانى  بووە خاوەن دەستپێشخەرى گەورە لە ڕووى دروستکردنى بەرەیەکى کوردستان هێزولایەنە کوردستانییەکان ، ئەوە ئەوەش بوو ، لەماوەیەکى کورتدا دەستکەوتێکى گەورەى لێکەوتەوە ڕێگە خۆشکەر بوو بۆ ڕاپەڕینە شکۆمەندەکەى بەهارى ساڵى 1991 و دواتر  ئەنجامدانى هەڵبژاردنى ساڵى 1992 و ئینجا بوون بە خاوەن ئەزموونى کوردستان ، پەرلەمان ، حکوومەتى هەرێمى کوردستان و فیدڕاڵى و قەوارەى دەستوورى و یاسایی کوردستانێکى بەهێزتر ، ئاوەدانى و پێشکەوتن و گەشەسەندن لە گشت بوارەکاندا و هەروەها هیوایەکى گەشتر بۆ داهاتووى گەلى کورد و هەرێمى کوردستان .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP