( خودایە لە کوردەکان ببورە کە ناتوانن قورئان خەتم بکەن، چونکە کە دەگەنە سورەتی ئەنفال هەموویان دەمرن) "ئەدۆنیس"
لە یادی ئەنفالی بارزانیەکان، کە لەلایەن ڕژێمی بەعسی عەرەبی ٨٠٠٠ هەزار کورد لە بارزان ئەنفال کران! ئەنفالی بارزانیەکان بەشێک بوو لەو پرۆژەی گەورەی بەعس بۆ سڕینەوەی کوردی داینا بوو، پرۆسەی ئەنفال گەورەترین تاوانی سەدەی بیست بوو دژی مرۆڤایەتی، لە ١٩٨٨ دا بەعس بەسەرکردایەتی تاوانبار عەلی حەسەن مەجید بەڕێوەچوو، کە کۆی گوندو ناوچە کشتوکاڵی و گەشتیارییەکانی کوردستانی گرتەوە، هەتا ئاستی بەسووتماک کردنی خاکی تێپەڕاندو تەنانەت ئاژەڵە کێوی و باڵندەکانیش قڕکران!
ئەنفال تەنها پرۆسەیەکی سەربازی نەبوو، بەڵکو کۆمەڵکوژییەکی بە بەرنامەو ڕێکخرابوو بە سڕینەوەی بوونی کورد لە سەرئاستی عێراق (ڕۆح، کولتور، جوگرافیا، بەها، دابونەریت، سایکۆلۆژیا) بۆیە هەتا ئێستا کاریگەری لەسەر ڕۆح و بیرکردنەوەی کورد هەیە و لەیادگەی کورددا دەمێنێتەوە.
ئەوەی لەیاد ناچێتەوە بێ دەنگی جیهان و بێکەسی کورد بوو لەو کاتەدا کورد ئەنفال کرا، ویژدانی مرۆڤایەتی سڕکرابوو مافی مرۆڤ کەڕ کرابوو لەوکاتەدا منداڵی کورد بە گاز دەخنکێنرا پاکیزەی کورد لەلایەن بیابانیەکانەوە دەسترێژی دەکرایە سەر، لەوکاتەدا بە هەزاران کورد زیندەبەچاڵ دەکران، مسوڵمانانی جیهان بێ دەربەست سەیریان دەکرد بەشێکیشی ڕەوایەتی دەدایە ئەنفال هیچ بەزەییان بە کورددا نەدەهات، بەڵام هەرکات مسوڵمانان توشی کارەساتێک بووبن کورد ئەگەر بە کیلۆیەک چەڵتوکیش بووبێ بە هانای ئەوانەوە چووە، ئەمەش جوامێری و هێزی مانەوەی کوردە.
هەرچەند ئەو کاتە کەس بەزەیی بە ئێمەدا نەهاتەوە وەک شێرکۆ بێکەس وتی:
بەرامبەر سەرابی خۆرئاوا مل بنێم !؟
یان هەڵمی سورباوی ڕۆژهەڵات !؟
وەکو بەدناوی ئەنفال و ئەو هەڵمەتە دوژمنکاریانە بەرامبەر بە کورد، کورد بەرگەی ئەم تاوانە نامرۆڤانەی بەعسی گرت، لە گەڵ هەموو ئازارو مەرگەساتی ئەنفالدا وێنەکە خێرا پێچەوانە بووە و بەعس داڕمان و سەرانی بەعس کەوتنە بەردەم دادگاو سزایی تاوانەکانیان وەرگرت، کوردیش لەگەڵ یادی ڕۆحی ئەنفالکراوماندا بە هەرێمێکی ئازادی خۆی گەیشت.
ڕۆحی کورد ڕۆحێکە زۆرکات ئازاری لە ئەنفال گرانتری بینیوە، بەڵام بە هیچ دووژمن و تاوانکارێک لە مێژوودا نەسڕدراوەتەوە