دواین هەواڵ

دنیا لە ئینتیزارماندایە!

‌شیروان تاڵیب

پێش 2 هەفتە

لەوەتای هەرێمی کوردستان قەوارەیە، چۆنیەتیی حوکمڕانیکردنەکەی (تەبعەن بە تەفسیلاتەوە)، جێی بایەخی زلهێزانی دوور و نزیک بووە و هەمیشە دەستیان تێیدا بووە، دەستیان تێیدا نەبووبێ، چاویان لەسەری بووە، چاویان لەسەری نەبووبێ، دڵیان هەر لەلای بووە و گوێیەکیان بۆ ئەخباراتی هەڵخستووە!

ئەشهەدو چوار ساڵی شەڕی ناوخۆ (١٩٩٤-١٩٩٨) نەبێ کە ئێرە لە موعادەلاتەکاندا چونکە جێیەکی وەهای نەبوو، ڕاستتر، چونکە لەو ماوەیەدا هیچ ئیشێکی وەهایان پێی نەبوو (جگە لە بە سەلامەتی هێشتنەوەی)، ئیتر بەپێی ئەو پەندی پێشینانەی کە کورد خۆی داهێنەرییەتی:( شەڕ لە بەتاڵی باشترە)، لێمان گەڕان تا دەستە بەتاڵەکەمان بە شەڕی خۆبەخۆ پڕ بکەینەوە!

(ئەمڕۆ دوێنێ نیە، سبەینێش وەک ئەمڕۆ نیە) قسەی سەرۆک بارزانی ە،،

ڕاستە جەنابیان ئەو قسەیەی بۆ حاڵەتێکی تر و لە ئەحواڵێکی تردا کرد و دەقیقیش بوو، بەڵام بۆ هەنووکە دەقیقترە و هەر بەجددی ئەمڕۆ ئەو دوێنێیە نیە کە ئەم هەرێمە لە ڕووداو و گۆڕانکارییەکاندا بێ جێگە بێ و لە ئاراستەکردنیاندا بێ پێگە بێ، بەڵکوو لە هەردووکیاندا، هەردووکیانی هەیە، بەڵام ئەوەی کە نیەتی، حوکمڕانییەتی هەرێمەکەیە، خۆ ئەمەیشی هەیە، بەڵام پێئەچێ ئەو نەوعە حوکمڕانییە نەبێ کە دنیا ئەیەوێ!

ئەگەر دیققەتتان دابێ، لەم سی و ئەوەندە ساڵەی ڕابردوودا، هیچ کاتێک بەقەد ئەم چوار پێنج ساڵەی دوایی، دەست و چاو و گوێی دنیا لەسەر ئێرە و لەناو ئێرەدا نەبووە! تەقریبەن وایلێهاتووە، بۆ بچووکترین جووڵەی سیاسی، شاندی گەورەگەورەی وڵاتانی زل، لە هەولێر و تەنانەت لە سلێمانیش ئەبینرێن!

باش ئەوەیە، پارتی و یەکێتی ئەم سیگناڵانە باش وەرئەگرن و چاک تەرجەمەیان ئەکەن بۆ قەرار و بۆ هەنگاو…

بە جەژنکردنەکەی هەرێمی کوردستانەوە دیار بوو کە ئیشاراتەکان گەیشتوون، ئەگەرنا، هەر زۆر زۆر تەبیعی بوو سلێمانی، یان سەریحتر بیڵێم، یەکێتی نەیکا بە جەژن، بەڵام کردی و چاکیشی کرد کە کردی!

( ئەوەی لەبەردەمماندایە، زۆر زۆر گەورەترە لەوەی کە ڕۆیشتووە) ئەمەش بۆچوونی نێچیرڤان بارزانی ە،،

ئەم بۆچوونە وەکچۆن لە خۆڕا نەوترا، ئەکید لە خۆڕاش نەهاتووە، بەڵکوو شت هەیە و ئەو شتەش شتی تری ئەوێ کە پێکهێنانی حوکمڕانییەک کە تیایدا (هەمووان هەبن)، تەنیا یەکێکیانە!

عەکسی (هەمووان هەبن)، ( تەنیا هەر خۆم)ە! ئێ ئەمە ئەگەر حەقیقەتیش بێ، بەس دەرکەوت جگەلەوەی بۆ (ئێرە) نابێ، هۆکاری زۆر ڕووداوی نەویستراویش بوو کە نەهێشتنی شەرعییەتی هەرێمەکە( داخستنی پەڕلەمان) و وەرگرتنەوەی سەرچاوەی هێز (گرتنەوەی نەوتەکە)، تەنیا دووانیانە!

دنیا لە ئینتیزارماندایە و بە هەرچییەکی کە هەیانە بە ئاشکرا لەگەڵمان و لەژێرەوەش لەناوماندان و ئەیانەوێ بزانن ئێمە چی ئەکەین، تا ئەوەی لێمان بردراوە و لێمان وەرگیراوە، بگرە لێمان دزراوە، بە یەک کلیک بیگەڕێننەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP