ڕوداوەکانی هەر کۆمەڵگایەک لە جیهاندا کەم یان زۆر نزیک یان دوور کاریگەری
لەسەر کۆمەڵگاکانی تر دەبێت، گرنگە وانەیان لێوەربگیرێت.
ئاژاوە و توند و تیژییەکانی نیپاڵ کۆمەڵە وانەیەکی گرنگمان پێدەبەخشێت،
ناڕەزایەتی و لەدەست دەرچوونی دۆخی ئاسایشی نیپاڵ هەڵچوونێکی کتوپڕ نەبوو، تەنها هەڵوێستێک
نەبوو لەسەر داخستنی چەند پێگەیەکی سۆشیال میدیا، بەڵکو پەنگ خواردنەوەی ناڕەزایەتی
هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە بوو بەرامبەر بە نادادی، گەندەڵی، قۆرخکاری و کەڵەکەبوونی
گرفتە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە پێش سەدان ساڵ
زانا و فەیلەسوفی مەزن (ابن خلدون 1406 - 1332) باسی لێوەکردووە:
" ئەگەر گەندەڵی لە وڵاتدا تەشەنەی سەند، یەکەم قۆناغەکانی
چاکسازی بریتییە لە ئاژاوە! ".
"إذا عم الفساد في الدولة فأن أولى مراحل الإصلاح هي الفوضى"
ناڕەزایەتی و ڕوداوەکانی نیپاڵ وانەیەکمان پێدەدات کە بە هۆش خۆماندا
بێینەوە، بەرچاو ڕونیمان دەداتێ لەوەی گرفتە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لە
هەر کۆمەڵگایەکدا بەدەمەوەهاتنی خێرای دەوێت و پێویستە لە سەرەتاوە و لە کێشە بچوکەکانەوە
چارەسەر بکرێن پێش ئەوەی گەورە بن، بە کەڵەکەبونی گرفتەکان چارەسەر کردنی کێشەکان
قورستر و زەحمەتتر و کاتی زیاتر دەبات و لە کۆتاییدا قوربانی و باجی زیاتری دەوێت.
بەهەند وەرنەگرتنی کێشە و گرفتەکان و گوێ نەدان بە داخوازی تاکەکانی
کۆمەڵگا نائومێدی بڵاو دەکاتەوە و متمانەی هاوڵاتیان بە دەسەڵاتی سیاسی ناهێڵێت، لەگەڵ
ئەوەشدا ناڕەزایەتییەکانی خەڵک قوڵتر دەکاتەوە تا ئاستی ڕق....
مەرج نییە پەرچەکرداری جەماوەر لەبەرامبەر گرفتە گەورەکان خێرا و دەم
ودەست بێت، کاتێک ناڕەزایەتییەکان پەنگ دەخواتەوە ڕەنگە ڕوداوێکی بچوک لە شوێنێکی
لاچەپ ببێتە بڵێسەی هەڵگیرسانی ئاژاوە و توندوتیژی و تەنانەت شۆڕش و گۆڕانکاری سیاسی
گەورە، بۆ ئەمەش ئازاردانی هاوڵاتی تونس "محمد البوعزيزی" و خۆ سوتاندنی
و ڕوداوەکانی بەهاری عەرەبی دیارترین نموونەن.