ئارام سدیق
چەند سەرنجێکی کورت
چوار ساڵ لەمەوبەر بۆ یەکەمجار ڕۆمانی "قەدی بامبۆ"م خوێندەوە. ئەو ڕۆمانە لەوکاتەوە تا ئێستا هەموو بەشێکی چیرۆکەکە و کاراکتەرە سەرەکییەکانم لە هزردا ماوە. ڕۆمانێک بە گێڕانەوەیەکی سادە، بەڵام بەشێوازێکی نیوکلاسیک گێڕدراوەتەوە. هەفتەی ڕابردوو ماڵپەڕی Good Read ڕۆمانی قەدی بامبۆی وەک یەکێک لەو کتێبانەی هەڵسەنگاندی بەرزیان بۆ کراوە ئەژمار کرد. ویستم ئەم دەفەتە بقۆزمەوە و تیشکێک بخەمەوە سەر ڕۆمانی قەدی بامبۆ و ئەو هۆکارەی ئەم ڕۆمانە بە نەمری دەهێڵێتەوە.
گرنگی ڕۆمانی قەدی بامبۆ تەنها لەوەدا نییە کە وەک وەرگێڕی ڕۆمانەکە لە نوێترین وتاریدا لەبارەیەوە دەڵێت: پرسی ناسنامە پرسی سەرەکی "قەدی بامبۆ"، بێگومان ئەمە یەکێکە لە پرسە سەرەکییەکانی ئەم ڕۆمانە، بەڵام تەنها ئەم پرسە نەبووەتە هۆی ئەوەی کە ڕۆمانەکە ناوبانگێکی زۆر بەدەست بهێنێت و هاوکاتیش لە ساڵی 2013 دا ببێتە خاوەنی خەڵاتی جیهانی بۆ ڕۆمانی عەرەبی (بوکەر). ئەوەی ئەم ڕۆمانە دەکاتە ڕۆمانێک، کە بۆ هەمیشەیی لای خوێنەر بمێنێتەوە هەم سادەیی چیرۆکەکەیە هەم قووڵی ئەو تێمایانەیە کە نووسەر کاری لەسەر کردووە.
ڕۆمانەکە چیرۆکی گەنجێکی کوەیتی دەگێڕێتەوە کە لە دایکێکی فلیپینی و باوکێکی دەوڵەمەندی کوەیتی لەدایکبووە و باوکی هەر زوو کۆچی دوایی دەکات و سەروەت و سامانێکی زۆری بۆ بەجێدەهێڵێت. چەرمەسەرییەکانی ئەم گەنجە ئەوکاتە دەست پێ دەکات کە لە دایکیشی دادەبڕێت و دەگەڕێتەوە بۆ کوەیت. بەڵام بەر لەمانە ئەم گەنجە تووشی جووتناسنامەیی دەبێت. لە فیپین بە عەرەب ناوی دەبەن لە کوەیت بە کوڕە فیپینیەکە بانگی دەکەن. ئەمەش تووشی لەتبوونی کەسایەتی دەکات. بەڵام وانەیەکی گرنگ کە ئەم ڕۆمانە فێرمان دەکات وەستانی مرۆڤە لەسەر پێیەکانی خۆی، کە وانەی "خۆدروستکردن"ـە. ئەم ڕۆمانە ڕۆمانی خۆدروستکردن و بونیادنانی ژیانی گەنجێکە کە دوای لەدەستدانی باوکی و بوونی سەروەت و سامانێکی زۆر کە بۆی بەجێماوە لە هەموو بێبەش دەکرێت و ئەویش وەکو گەنجێک کە خاوەنی بە تواناکانی خۆیەتی لە قاپشۆری چێشتخانەیەکەوە دەست بە ژیان دەکاتەوە و تا ئەوکاتە ژیانێکی نوێ بۆ خۆی دروست دەکات.
لێرەدا نامەوێت تەواوی چیرۆکی ڕۆمانەکە بگێڕمەوە، بەڵام دەمەوێت ئاماژە بە وتەیەکی نێو ڕۆمانەکە بکەم لە لاپەڕە 63دا کە وتەیەکی "خۆسێ ڕیزاڵ"ـە و دەڵێت "ئەو کەسەی نەتوانێت بۆ دواوەی خۆی ئاوڕ بداتەوە، بۆ ئەو شوێنەی لێوەی هاتووە، هەرگیز ناگاتە ئەو شوێنەی بۆی دەچێت." یەکێک لە کێشەکانی کۆمەڵگەی ئێمە و تاکی کورد ئەوەیە زۆر بە کەمی ئاوڕ بۆ دواوە دەداتەوە، بۆیە لێرەوەیە کە کۆمەڵگەی ئێمە چەندە پێویستی بەم جۆرە لە کتێب هەیە بۆ ئەوەی گەنجەکان فێربن چاو لە دەستی ئەوانی دیکە نەبن و خۆیان ڕۆڵیان لە دروستکردنی خۆیاندا هەبێت. کێشەی بەشی هەرە زۆری گەنجی کورد ئەوەیە توانای خۆدروستکردن و خۆبەڕێوەبردنی نییە، بەبێ دەستی کەسێکی دیکە (دایک، باوک، کەسانی دیکە) توانای ژیاندروستکردن و خۆبەڕێوەبەرییان نییە. ئەوەی لە پاڵەوانی "قەدی بامبۆ"وە فێری دەبین کۆڵنەدان و بەردەوامییە. نەک هەڵهاتن لە کێشەکان و دەستکردن بە کڕووزانەوە. ڕەنگە زیادەڕەوی نەبێت بڵێین؛ قەدی بامبۆ،ئەو ڕۆمانەیە کە سنوورەکان تێدەپەڕێنێت و هەموان لە هەر شوێنێک بن دەتوانن لێی سوودمەند بن.
"قەدی بامبۆ" ڕۆمانی گەنجێکی خاوەن ئیرادەیە کە خوێندنەوەی دەتوانێت گەنجی خاوەن ئیرادە دروست بکات. هەر بۆیە لیرەوە پێشنیاری خوێندنەوەی دەکەم بۆ ئەو خوێنەرانەی ئارەزووی خوێندنەوەی ڕۆمان دەکەن.
ئەم ڕۆمانە لە نووسینی نووسەری کوەیتی سعوود ئەلسنعوسی لە ساڵێ ٢٠١٢ دار العربیة للعلوم ناشرون بڵاوی کردووەتەوە. وەرگێڕانی بۆ کوردی ڕەنجدەر جەبار. ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند ساڵی ٢٠١٩ چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.