دواین هەواڵ

کوردستان‌

 18/09/2023

بەریتانیا پێشوازی لە ڕێکەوتنی هەرێمی کوردستان و عێراق کرد

هەرێم نیوز

بەریتانیا پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەکات سەبارەت بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کودستان و بە هەنگاوێکی گرنگ، بۆ پاراستنی بژێوی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان ناوی دەبات. 

ئەمڕۆ دووشەمە،  کۆنسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: بەریتانیا پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لەبارەی دابینکردنی پارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

گەیشتن بەو رێککەوتنە، وەکو کۆنسوڵخانەی بەریتانیا باسی دەکات، "هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی بژێوی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان." 

پێشتر ئەمریکاش پێشوازی لەو رێککەوتنە کرد؛ رۆژی یەکشەممە، 17ـی 9ی 2023، ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە پۆستێکی لە سۆشیال میدیای ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند: ئێمە پێشوازی لە هەوڵەکانی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ گەیشتن بە چارەسەر لەسەر بودجە و جێبەجێکردنی، وەک بڕیاری ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ خەرجکردنی پارە لە چەند مانگی داهاتوودا. چاومان لە گفتوگۆی بەردەوامە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی بەردەوامتر لە بەرژەوەندی عێراقییەکان.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە، 17ـی 9ی2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران کۆبووەوە و بڕیاریدا بڕی 2.1 تریلیۆن دینار بۆ مانگەکانی 9، 10 و 11 بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت. 

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP