دواین هەواڵ

تەندروستی‌

 01/02/2021

چۆن کونیلەکانی پێستمان بچوک بکەینەوە؟

 داخرانی کونیلەکان، کێشەی بۆماوەیی، تەمەن وە ھەروەھا بەرکەوتنی زۆری تیشکی خۆر ھەموو ھۆکارن بۆ گەورەبوونی کونیلەکان و دەرکەوتنی بەشێوەیەکی ناشرین، بەڵام ئەمە واتای ئەوە نییە کە ھیچ ڕێگاچارەیەک نەبێت بۆ ڕێگریکردن و بچوککردنەوەیان، دەتوانرێ کونیلەکان بچوک بکرێتەوە بەو مەرجەی ڕێگایەکی دروست بگیرێتە بەر ، لێرەدا چەند رێگایەک دەخەینەڕوو کە دەتوانرێ بەھۆیەوە کونیلەکانی ڕووی پێست بچوک بکەینەوە.

١- سود وەرگرتن لەو پاککەرەوانەی کە ph یان گونجاوە بۆ پێست ڕەنگە پێمان خۆش بێت شامپۆ و پاککەرەوەی جیاواز تاقی بکەینەوە بەڵام زۆر کات لەبیرمان دەچێت سەیری (ph)ەکەی بکەین یاخود گرنگیەکی ئەوتۆی نییە لامان، پسپۆڕانی بوای پێست و جوانکاری ئامۆژگاریمان دەکەن بە بەکارھێنانی ئەو پاککەرەوانەی ph یان لە نێوان 4.5 بۆ 7 دایە و ھاوتایە لەگەڵ phی ئاسایی پێستمان، پاککەرەوەی نەگونجاو ڕێگە بە نوێبونەوەی پێست و لێکردنەوەی چینە مردووەکانی پێست نادات و ڕەنگە ببێتە ھۆی ھەستیاری و خورشت و وشک بوونەوە جگە لەوەی کە دەبێتە ھۆی گەورەبوونی کونیلەکانی پێست.

٢- ئەگەر لوتتان چەورە کرێمی لێمەدەن ئەگەر پێستی لوتتان چەورە یان زیپکەی سەر ڕەش و زیوانی ھەیە کرێمی لێمەدەن چونکە ئەمە دەبێتە ھۆی گەورەترکردنی کونیلەکانی پێست و پڕبوونەوەی بە زیوانی زیاتر بۆیە لەکاتی کڕینی کرێمی دژەھەتاو کرێمێک ھەڵبژێرن کە بێ چەوری بێت.

٣- بۆ کردنەوەی کونیلە داخراوەکانی پێست سود لە (Glycolic acid) وەربگرن ئەم ماددەیە بۆ کردنەوەی کونیلە داخراوەکان و بچوک کردنەوەیان سودی ھەیە چونکە خانە مردوەکانی پێست و چەوری کۆکراوەی نێو کونیلەکانیش ناھێڵێ. ئەم مادە تەنانەت بۆ پێستی وشکیش گونجاوە و پزیشکەکان ڕاماندەسپێرن بە بەکارھێنانی.

٤- ڕۆژی دووجار ڕوخسارتان بە ئاوی گەرم بشۆن بەشێوەیەکی گشتی داخرانی کونیلەکان و کۆبوونەوەی چەوری تێیدا ھۆکاری گەورەبوونی کونیلەکانن بۆیە شۆردنی بە ئاوی گەرم ڕێگایەکە بۆ کردنەوەی کونیلەکان و دەرکردنی ئەو چەوریەی تێیدا کۆبۆتەوە، بۆ ئەمەش بەیانیان و شەوان ڕوخسارتان بە ئاوی گەرم بشۆن بەڵام ئاگاداربن ئاوەکە زۆر گەرم نەبێت چونکە دەکرێ ببێتە ھۆی ھەستیاری و سوربونەوە.

٥- بەکارھێنانی کرێمێ دژە ھەتاو کرێمی دژە ھەتاو وەک بەربەستێک کاردەکات بەرامبەر تیشکە زیانبەخشەکانی خۆر کە ھۆکارن بۆ گەورەبوونی کونیلەکان بۆ ئەمەش کرێمێک ھەڵبژێرن کە بێ چەوری بێت. واباشترە خۆشتان بەدووربگرن لە بەکارھێنانی کرێمە دژەئاوەکان چونکە ھۆکارن بۆ زیاتر فراون بوونی کونیلەکان. بۆ پێستە وشکەکانیش واباشترە دژە ھەتاوێک بەکاربھێنن کە شێدارکەرەوەبێت نەک پێکھاتەی چەوری زۆر تێدابێت.

ئا: روخسار کەریم



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP