دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 07/02/2021

تۆ من ناناسیت.. تەنھا گوزەرت كردووە بەلامدا

هەرێم نیوز

خەڵك كاتی نەماوە بۆ یەكتر ناسین، نازانن لە ئاست یەكدا بووەستن، كاتیان نەماوە بۆ وردبوونەوە لەیەك، بۆسەرنجدان لەیەك... ئەم ڕۆژانە خەڵك بەلای یەكدا تێدەپەڕن و وادەزانن یەكتریان ناسیوە... من خۆم گەردونێكی بچوكم، ئاسمانم ھەیە ساماڵ و شین، ھەندێجاریش ھەوری ڕەش دایگرتووە و تیامدا دەبارێت.

سەدان شار و شارۆچكەم ھەیە، كۆڵانی تەنگەبەر، مەیدانی چۆڵ، شەقامی پڕ یادەوەری... ڕۆژێك بەھارم و ڕۆژێك پاییز، جاری واھەیە ئەوەندە خوێنسارد دەبم، لە دڵما بەفر دەبارێت، ھەندێجاریش ئەوەندە خوێنگەرم، خەریكە بەخۆم دەسووتێم...

تۆ چۆن بەلای ئەم ھەمووەدا بە خێرایی تێدەپەڕیت و وادەزانیت منت ناسیوە؟ مرۆڤ بۆئەوەی یەك بناسێت دەبێت كاتی ھەبێت تا لە ھەیوانی دڵی یەكتردا دانیشێت، كاتی ھەبێت بە كوچە و كۆڵانی ڕۆحی یەكتردا بگەڕێت، ھەندێجار لەیەكتردا بگاتە بنبەست و بگاتە ئەو كۆڵانەی دەرناچێت.

دەبێت بتوانێت ببێتە میوانی ئەو عەسرانەی كەس تاقەتی نییە میوان بێت، چرای ئەو شەوانەی لە تاریكیدا جێماوین و بەھەرچوارلادا پەل دەكوتین، ھەناسەیەك بۆ ئەو كاتانەی ژیان ھەناسەی تیا نەماوە... تۆ من ناناسیت.. ئەو ناناسیت.. لەوەش خراپتر، كاتت نەماوە بۆ ئەوەی خۆشت بناسیت.

ھێمن قەرەداغی



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP