هەرێم نیوز
سەرۆکی عەشیرەتی غەوارە دەڵێت، لە هەولێر لەلایەن پێنج چەکداری دەمامکدارەوە تەقە ئاراستەی پاسەوانەکانی کراوە و ئامانجی تەقەکردنەکەش "کوشتنی من" بوە. ئەو شوێنەیشی کە تەقەکەی لێکراوە لە سنوری مەلا ئۆمەرە لە هەولێر.
رووداوەکە درەنگانی شەوی رابردو (12:15) خولەک رویداوە. شێخ شاهۆ شێخ خالید، سەرۆکی عەشیرەتی غەوارە کە هاوکات ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتییە لە سلێمانی بە روداوی وتوە: "پێنج چەکداری دەمامکدار چونەتە سەر باخەکەی من لە هەولێر و تەقەیان لە پاسەوانەکانم کردوە و بۆ ماوەی چەند خولەکێک تەقە لەنێوان هەردولادا رویداوە، بەڵام دواتر چەکدارەکان بۆ شوێنێکی نادیار هەڵاتون."
سەرۆکی عەشیرەتی غەوارە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەدات، کە رۆژی چوارشەممە لە سلێمانییەوە هاتوەتە هەولێر "12 پاسەوانم لەگەڵ بوە، 10 لە پاسەوانەکانم بۆ پشودان چونەتە باخەکەم کە لە سنوری مەلا ئۆمەرە [رێگەی نێوان هەولێر - پیرمام] و منیش لای خزمێکم بوم لەنێو هەولێر، بەڵام دیارە ئەو چەکدارانە وایان زانیوە من لە باخەکەمم و بۆیە چون تەقەیان ئاراستەی باخەکەم و پاسەوانەکانم کردوە."
سەبارەت بەوەی کە شەڕەکە هیچ زیانێکی لێکەوتوەتەوە یاخود نا؟ شێخ شاهۆ دەڵێت: "خۆشبەختانە هیچ یەکێک لە پاسەوانەکانم بریندار نەبون و چەکدارەکانیش پێموانییە کەسیان برینداربوبێت. بەڵام ئەوان ئامانجیان من بوە و ویستویانە من بکوژن."
ئەوەشی وتوە: "چەکدارەکان لە باخێکی تەنیشت باخەکەی منەوە نزیکی پاسەوانەکانم بونەتەوە، دو لەو چەکدارانەش لە خانویەکی تەنیش باخەکەمەوە کە هێشتا تەواونەکراوە تەقەیان ئاراستەی پاسەوانەکانم کردوە."
سەرۆکی عەشیرەتی غەوارە ئاماژە بەوەش دەدات "کێشەم لەگەڵ هیچ کەسێکدا نییە و ناشزانم ئەوانە کێبون تەقەیان لە پاسەوانەکانم کردووە. سکاڵای یاساییشم لای ئاسایش و هێزە ئەمنییەکان تۆمارکردوە."