هەرێم نیوز
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، داوا لە رۆژنامەنوسانی کوردستان دەکات هاوکار و پشتیوانی حكومەتی هەرێم بن بۆ كارنامەی چاكسازی و دژایەتیكردنی گەندەڵی.
ئەمڕۆ سێشەممە 13 - 4 - 2021، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ڕەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنوسان کرد.
لەمیانی دیدارەكەیدا لەگەڵ ڕێكخەری سەنتەری میترۆ، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، دوپاتیکردەوە، بە هەمو شێوەیەك پشتگیریی ئازادی رۆژنامەوانی دەکات و پێویستە دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، بە پێدانی زانیاریی دروست، یارمەتیدەری کاری رۆژنامەوانیی بن، بۆ ئەوەی راگەیاندنکارانی کوردستان، پیشەییانە ئەرکەکانیان ئەنجام بدەن.
هەر لەدیدارەكەدا، ڕەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ، کار و چالاکییەکانی سەنتەرەکەی خستەڕو، سوپاسی پشتیوانیی سەرۆکی حکومەتی کرد و خوازیار بو بە هاوکاری هەمو لایەك، ئازادی کاری رۆژنامەوانی و ئازادی زانیاری بەرفراوان بکرێت.