هەرێم نیوز
سلێمانی میدیای نزیک لە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئاشکرایکرد، سەرکەوت شەمسەدین و هاوسەرەکەی 48 دەفتەر دۆلاری لەلاهور شێخ جەنگی وەرگرتووە و کاریان بۆ دەزگای زانیاری یەکێتی کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی سلێمانی میدیا، ڕووداوەکانی 8ی تەمموز و گۆڕانکاری لەپۆستەکانی دەزگای زانیاری و دژەتیرۆری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پەردەی لەسەر کۆمەڵێک نهێنی گەورە لابرد کە بۆ بەرپرسانی یەکێتی و ڕای گشتیش شۆک هێنەر بوون، لەناویاندا ئاشکرابوونی ناسنامەی ئەو کەسانەی بەشێکن لەحیزب و لایەنە سیاسییەکانی دەرەوەی یەکێتی و ژێربەژێر کارکردنیان بۆ دەزگای زانیاری و خودی لاهور شێخ جەنگی و محەمەد تەحسین تاڵەبانی بەرپرسانی پێشووی دەزگای زانیاری .
بەپشت بەستن بە دەستکەوتنی هەندێک بەڵگەنامەی گرنگ کە "سلێمانی میدیا" لەداهاتوویەکی نزیک بڵاویان دەکاتەوە، زانراوە کە بەشێک لەپەرلەمانتاران و نوسەر و چالاکوانانی کورد لەناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان ، لەبەرامبەر دەستکەوتی (مادی و مەعنەوی ـ سیاسی) کاریان بۆ دەزگای زانیاری و بەرپرسانی پێشووی ئەو دەزگایە کردووە و هاندراون بۆ شەڕی تایبەت دژ بە نەیارەکانیان، بەدیاری کراوی هێرشکردنەسەر ماڵی تاڵەبانی و بەشێکی زۆر لەسەرکردەکانی تری یەکێتی .
"سلێمانی میدیا" زانیوویەتی سەرکەوت شەمسەدین بەرپرسی پێشووی سەرچاوە مرۆییەکانی نەوەی نوێ و ئەندامی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەکێکە لەو کەسانەی کە لەماوەی ڕابردوودا ، ژێربەژێر کاری بۆ دەزگای زانیاری یەکێتی و لاهور شێخ جەنگی بەرپرسی پێشووی دەزگاکە کردووە .
بەڵگەنامە دەستبەسەرداگیراوەکانی دەزگای زانیاری ئاشکرای دەکەن هەر پێش هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە ئەوکات سەرکەوت شەمسەدین بەرپرسی سەرچاوە مرۆیییەکانی نەوەی نوێ و کاندیدی جوڵانەوەکە بووە بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەگەڵ شنیار ئەنوەری هاوسەری پەیوەندیان لەگەڵ دەزگای زانیاری و خودی لاهور شێخ دروستکردووە و کاریان بۆ کردووە.
بەپێی زانیارییەکان ڕێککەوتنی لاهور شێخ جەنگی لەگەڵ سەرکەوت شەمسەدین و هاوسەرەکەی بەمەبەستی هاندانیان بووە دژی بەرپرسانی یەکێتی بەگشتی و قوباد تاڵەبانی بەتایبەت، بەجۆرێک سەرکەوت شەمسەدین و شنیار ئەنوەری هاوسەری لەماوەی 2 ساڵی ڕابردوودا 87 ووتاریان لەپێشهاتەسیاسییە جیاوازەکاندا دژ بە قوباد تاڵەبانی نوسیووە (سەرکەوت شەمسەدین 29 ووتار و شنیار ئەنوەری هاوسەری 58 ووتار ) بەپێی بەدوداچوونەکانی "سلێمانی میدیا" لەپەیجی فەرمی شنیار ئەنوەر ، لەماوەی 4 مانگی کۆتایی ساڵی 2020 شنیار ئەنوەر 28 ووتاری نووسیووە 19 ووتاریان دژی قوباد تاڵەبانی بووە) ..
"سلێمانی میدیا" بەپاڵپشتی بەڵگەنامە دەستبەسەرداگیراوەکانی دەزگای زانیاری زانیوویەتی لەهەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیشدا ، دەزگای زانیاری و لاهور شێخ جەنگی هاوکاری سەرکەوت شەمسەدینیان کردووە تاکو ببێت بەئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هەر لەسەر داوای ناوبراو دواتر دەستی لەفراکسیۆنی نەوەی نوێ کێشاوەتەوە و وازی لەجوڵانەوەکە هێناوە .
"سلێمانی میدیا" بەدواداچوونی زیاتری بۆ ڕێککەوتن و پەیوەندی ئەوکاتەی لاهور شێخ جەنگی و سەرکەوت شەمسەدین کردووە و زانیوویەتی : دوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرکەوت شەمسەدین لەجوڵانەوەی نەوەی نوێ و بایکۆت کردنی ناوبراو لەمیدیای لایەنە بەشدارەکانی حکومەت و کەناڵی NRT کە شاسوار عەبدولواحید خاوەندارێتی دەکات ، لاهور شێخ جەنگی بڕی 60 ملیۆن دینار پێشەکی و هەموو مانگێکیش 5 ملیۆن دیناری وەک مووچە داوە بە سەرکەوت شەمسەدین تاکو لەڕێگەی سێکیترەوە کە ناوی (هێڤار جەلالە) و پێشتر لەسۆشیال میدیای نەوەی نوێ کاری کردووە ، پەیج و سایتێک بەناوی (Suli times ـ سولی تایمز) دروست بکەن بۆ پشتیوانی و گرنگی پێدان بە ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە خۆیان وەک سەربەخۆ دەناسێنن و ژێربەژێر کار بۆ دەزگای زانیاری و خودی لاهور شێخ جەنگی دەکەن ، لەئێستاشدا ئەو ماڵپەڕە کارایە و تاکو پێش ڕووداوەکانی 8 ی تەمموز هەموو مانگێک بڕی 5 ملیۆن دیناریان بۆ بەڕێوەبردنی ماڵەڕەکە و مووچەی کارمەندەکانی پێدراوە ..
بەڵگەنامەکانی دەزگای زانیاری ئاشکرایان کردووە ، کە سەرکەوت شەمسەدین کاندیدی بەناو سەربەخۆ و دڵخوازی لاهور شێخ جەنگی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبازنەی سلێمانی ، ڕێککەوتنێکی دیکەی لەگەڵ ناوبراو هەبووە و بەهۆی ڕووداوەکانی 8 ی تەمموزەوە کێشە بۆ ڕێککەوتنەکەیان دروست بووە و هێشتا ڕوون نیە بۆ داهاتوو ڕێککەوتنەکەیان بەکوێ دەگات .
"سلێمانی میدیا" زانیوویەتی چەند هەفتەیەک پێش ڕووداوەکانی 8 ی تەمموز و گۆڕانکاری لەپۆستەکانی دەزگای زانیاری و دژەتیرۆر ، لاهور شێخ جەنگی بڕی 48 دەفتەر دۆلاری لەنەسرییەی دەزگای دژەتیرۆر داوە بە 2 کاندیدی سەربەخۆی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تاکو بانگەشەی هەڵبژاردنی پێبکەن بۆ خۆیان کە تێکڕای پارەکە (96 دەفتەر دۆلار) بووە و لەڕێگەی خوشکەزایەکی لاهور شێخ جەنگی بەناوی (ڕەنج شێخ عەلی) کە ئەفسەرێکی باڵای دەزگای زانیاری بوو بەدەستی پێیان دراوە .
سەرکەوت شەمسەدین یەکێکە لەو پەرلەمانتارانەی لەدوای ڕووداوەکانی 8 ی تەمموزەوە بەبێ ناوهێنان و بە ناڕاستەوخۆ سەرسەختانە پشتیوانی لەلاهور شێخ جەنگی دەکات ، بەجۆرێک پەلاماری نەیارەکانی ناوبراو دەدات لەناوخۆی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وەک ئەوەی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی سەرکەوت شەمسەدین و شنیار ئەنوەری هاوسەریان لەبەرپرسی دەزگاکانی زانیاری و دژەتیرۆر دوورخستبێتەوە نەک لاهور شێخ جەنگی ..!! ماڵپەڕەکەشی بەناوی (سولی تایمز) کە بەپارەی یەکێتی دامەزراوە بەتەواوی خستووەتە بەرەی بەرگری کردن لەلاهور شێخ جەنگی و ڕۆژانە زانیاری و ڕاپۆرتی پڕ لەچەواشەکاری دژ بەهەموو ئەو کەسانە بڵاودەکاتەوە کە پشتیوانی لاهور شێخ جەنگی ناکەن یان نەیاری ناوبراون ..!!