دواین هەواڵ

تەندروستی‌

 05/09/2021

ئایا "بە بۆن کەوتن" و "ناوک کەوتن" ئەسڵیان هەیە؟

د. زانا ئەحمەد پزیشکی پسپۆڕی هەناو

ماوەیەک لەمەوبەر نووسینێکم بڵاوکردەوە دەربارەی (بە بۆن کەوتن) و (ناوک کەوتن)، وا دیارە هەندێک هەڵە گەیاندن لەلایەن منەوە هەبووە، هەر بۆیەش هەندێک کەس بە جۆرێکی تر لێکیان دایەوە.

ئێستا بووایە، بە جۆرێکی تر ئەو نووسینەم دادەڕشت، بۆیە پێم باش بوو پەڕاوێزێکی لەسەر بنووسم.

پوختەی نووسینەکەم ئەمە بوو: "گەرچی تا ئێستا زانستی پزیشکی ئەوەی نەسەلماندووە شتێک هەبێت بە ناوی (بەبۆن کەوتن) و (ناوک کەوتن)، بەڵام کە هەزاران ساڵە ئەو بانگەشەیە هەیە، دەشێت ڕۆژێک بێت زانستی پزیشکیش لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە بیدۆزێتەوە چییە و بەو جۆرەش دانی پێدا بنێت".

بەم جۆرە ئەوە نەبووە هەڵەیەکی زەقی زانستیی وام تێدا کردبێت، بەڵام بەشێک لە نووسینەکە بە جۆرێک بوو، کە دەکرێت لەلایەن هەندێک کەسەوە سوودی لێ وەربگیرێت بۆ مەرامی نازانستی.

ئەو دوو مەسەلەیە؛ تا ئێستا لەڕووی زانستییەوە بە شتی بێبنەما و لەلایەن زۆر لە پزیشکانیشەوە بە خورافات دادەنرێن، بەڵام لە مێژوودا ئەوە هەبووە کە بەشێک لەو شتانەی بە خورافات دانراون؛ دواتر بوون بە ڕاستیی زانستی، بۆ نموونە لە کوردەواریدا ئەوە هەبووە کە زۆر منداڵ لە هەفتەی یەکەمی تەمەنیاندا مردوون، کە ئەو کاتە وتراوە "شەوە بردییەوە"، هەر بۆیە وا باو بووە کە منداڵ ناو نەنراوە تا حەفتەی یەکەمی تەواو نەکردووە، چونکە زۆر بە تەمای نەبوونە.

تا ئەوەی دواتر ئەوە دۆزرایەوە کە "شەوە بردنەوە" ئەوەیە کە ناوی نرا (دەردەکۆپان)، کە بەهۆی گواستنەوەی بەکتریایەک بۆ مناڵەکە ڕووی دەدا لە کاتی ناوک بڕین و بەستنی، بەهۆی دەستنیشان نەکران و نەبوونی پێکوتە و دەرمان، بەکتریاکە زوو تەشەنەی دەکرد و مناڵەکەی دەکوشت.

لە نووسینەکەمدا ئەو دوو مەسەلەیەم بەستبووەوە بەوەی لە پزیشکیدا پێی دەوترێت Medically unexplained symptoms کە بە کوردییەکەى دەبێتە "ئەو نیشانانەى نەخۆشی کە لە ڕووى پزیشکییەوە ڕاڤە ناکرێن"، بەو واتایەی پێویستە پشکنینی پزیشکیی تەواو بۆ ئەو حاڵەت و نیشانەی نەخۆشییانە بکرێت، ئەگەر نەگەیشتین بە ئەنجامێک و دەرنەکەوت بەهۆی نەخۆشییەکەوەیە، ئینجا دەکرێت بەو شێوانە بیربکرێتەوە.

چونکە ئەو کات دەکات حاڵەتەکە شتێکی وا نییە، ئیتر هەر چییەک بکرێت و تەنانەت ئەگەر هیچیش نەکرێت، ڕەنگە حاڵەتەکە هەر لەخۆوە بەرەو چاک بوونەوە بڕوات.

یەکێک لە گەورەترین ئاڵنگارییەکانی بەردەم پزیشکان ئەوەیە کە هەندێک جار نەخۆش وێڕای ئەوەی نەخۆشییەکی زۆر جددیی هەیە، کەچی نیشانەی زۆر سادەی هەیە، پزیشکێک زۆر زیرەک و زرنگ نەبێت، پێی تەشخیس ناکرێت و سەرەنجامیش نەخۆشەکە ئەگەر گیانیش لەدەست نەدات، تووشی پەککەوتنی جددی دەبێتەوە. یەكێک لەو حاڵەتانە ئەوەیە کە نەخۆش تەنها کێشەی ئەوەیە کە سکی لای سەرەوەی ناوکی دێشێت، کەچی لە ئەنجامی هێڵکاریی دڵ و پشکنین دەردەکەوێت جەڵتەی دڵ لێی داوە!

بۆیە زۆر هەڵەیە ئازارێکی وا، بێ ڕاوێژی پزیشکی و پشکنین؛ بە ناوک کەوتن دابنرێت.

ئینجا ئەگەر پێمان وا بێت، زانستی پزیشکی بەو چەند هەزار ساڵە و ئەو هەموو پزیشکە پسپۆڕ و پڕۆفیسۆرە هێشتا دەستەوسان بن لە تێگەیشتن لە هەندێک حاڵەتی تەندروستی، ئەوە بە دڵنیاییەوە نابێت پێمان وا بێت کەسێک کە نازانێت ناوی خۆشی بنووسێت؛ لێیان تێدەگات و دەتوانێت چارەیان بکات!

گەر کەسێک بێ بوونی مۆڵەتی لێخوڕین ئۆتۆمبێل لێبخوڕێت، بە توندی سزا بدرێت؛ ناکرێت ڕێ بە کەسێک بدرێت بێ بوونی شەهادەی پزیشکی نەخۆش چارە بکات. هەر کەلێنێکیش لە پزیشکیدا مابێتەوە، دەبێت بکرێتە بوارێک بۆ لێکۆڵینەوەی زانستی، نەک دەرفەتێک بۆ چارەکردن بە خورافیات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP