هەرێم نیوز
بەرگی چوارەمی
زنجیرە كتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد) لە نووسینی مەسعود بارزانی
بە ناونیشانی (شۆڕشی گوڵان) بڵاوکرایەوە.
بەرگی چوارەمی
كتێبەکە کە لە شاری هەولێر و لە مانگی ئابی 2021 لەچاپدراوە، لە دووبەش پێكهاتووە.
بەشی یەكەمی 616 لاپەڕەیە و بەشی دووەمیشی
لە 488 لاپەڕە پێكهاتووە. كتێبەكە كۆمەڵێك وێنە و دوكیۆمێنتیشی تێدایە.
مەسعود بارزانی
لە پێشەکی بەشی یەکەمی کتێبەکە نووسیویەتی، هەرچەندە دەستپێکردنەوەی شۆڕش دوای نسکۆی
ساڵی 1975 کارێکی ئاسان نەبوو، تەنانەت لای زۆر کەس پتر لە خەیاڵ دەچوو، بەڵام بە
دەستپێکردن و هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان، ئەو راستییە بە تەواوی سەلمێندرا کە بیروباوەڕ
و ئیرادە لە سەرووی هەموو شتێکە و هیچ بەربەستێک توانای رووبەڕووبوونەوەی ئیرادە و
بیروباوەڕی نییە.
بارزانی رایدەگەیێنێت،
نسکۆی شۆڕش نسکۆیەکی سەربازی نەبوو، بەڵکو سیاسی بوو. لە بارودۆخی هەستیار و تەنانەت
پڕ مەترسیی ئەوساتدا واقعێکی ناخۆش هاتبووە ئاراوە، بەڵام دەبووایە بەرپرسیارانە
بجووڵێیەنەوە و ئەو واقعە قبووڵ نەکەین، ئەوە بوو بڕیارماندا نسکۆی شۆڕش بکەینە وەرچەرخانێک
بۆ دەستپێکردنی قۆناخێکی تازە.
لە پێشەکییەکەدا
بارزانی باسی شای ئێرانی کردووە لە شۆڕشی ئەیلوول و نووسیویەتی، هەمیشە دەمانزانی
شای ئێران لە نیازپاکی و خۆشەویستییەوە نییە کە یارمەتیی شۆڕشی ئەیلوول دەدات، بەڵکوو
ئەوە بەرژەوەندییەکانی بوون هانی دەدا هاوکاریی شۆڕش بێت.
هەروەها لە بەشێکی
پێشەکییەکەدا بارزانی باسی سەردانی ئیدریس بارزانی کردووە لە 8ـی ئازاری 1974 بۆ بەغدا
بۆ ئەوەی دوو پێشنیازی شۆڕش بداتە دەسەڵاتدارانی ئەو کاتی بەغدا کە پێشنیازەکانیش
ئەمانە بوون:
یەکەم؛ یاسای ئۆتۆنۆمی
بۆ ماوەی ساڵێک دوابخرێت، بۆ ئەوەی دەرفەت هەبێت لەو ماوەیەدا هەردوولا بگەنە رێککەوتن
دووەم؛ ئیدارەیەکی
هاوبەش بۆ کەرکووک دابنرێت
بەڵام وەک
بارزانی دەڵێت، سەددام کە خۆی بە زۆردار و خاوەن هێز دەزانی و لەخۆبایی ببوو، بە
کاک ئیدریسی راگەیاند کە "بەهیچ شێوەیەک
یاساکە دوا ناخرێت، ئیدارەی هاوبەشیش بۆ کەرکووک نابێت و یاسای ئۆتۆنۆمیش لەکاتی خۆیدا
رادەگەیەندرێت". سەددام گوتبووشی کە تەنیا 15 رۆژتان لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی
قبووڵی بکەن، یان نەیکەن. سەددام هەروەها بە کاک ئیدریسی گوتبوو "بە باوکت بڵێ
ئەگەر ناچاربم لە بەرژەوەندیی شای ئێران دەست لە شەتولعەرەب هەڵدەگرم و ئێوە باجەکەی
دەدەن".
لەبەرانبەر ئەو
قسانەی سەددامدا وەک لە نووسینەکەی بارزانیدا هاتووە، کاک ئیدریس پێی گوتبوو،
باشتروایە بۆ گەلی خۆت تەنازوول بکەی، نەک بۆ خەڵکی تر و، زۆر هەوڵی لەگەڵ سەددام
دابوو، کەچی هیچ سوودی نەبوو.
مەسعود بارزانی
لە پێشەکییەکەدا باسی دەستپێکردنی شۆڕشی گۆڵان دەکات و رایدەگەیێنێت، شۆڕشی گوڵان
بە ئیرادەی پۆڵایین و لەبننەهاتووی گەلەکەمان دەستیپێکرد و یەکەم چالاکیی پێشمەرگەش
لە 26 ئایاری 1976 لە ناوچەی حاجی ئۆمەران کرا کە بەداخەوە لەم چالاکییەدا سەید عەبدوڵڵا
شەهید بوو و بووە یەکەم شەهیدی شۆڕشی گوڵان. شۆڕشی گوڵان رۆژ بە رۆژ گەشەی کرد و بەرفراوان
و گشتگیر بوو و، بووە جێی هیوا و ئومێدی گەلی کورد و بڕوا و متمانەی جەماوەری
کوردستانیش زیاتر بووە.