حەیدەر عەبدولرەحمان
پێم خۆشە بەدیدێکی هونەریی قسە لەسەر هونەری زاهیر عەبدوڵا بکەم و تیشک بخەمە سەر چەند جەمسەرێکی هاو تەریب لەبواری شانۆو درامادا.
ئەو وەک ئەکتەرێکی شانۆیی دەستی پێکرد، بەڵام لە ماوەیەکی کورتی تەمەنی هونەی دا، لەسەرەتاکانی کاری هونەریی دا. چانسی ڕەخساندنی دەرفەتی دروست بوونی کاراکتەرێکی بۆ هاتە پشەوە لەگەڵ هونەرمەند سەباح عەبدولڕەحمان، لەنمایشی (هەبوو نەبوو ) کە بریتی بوو لەکاراکتەری ئۆمەر چاو چنۆک.
ئەم کاراکتەرە کە لە سەرەتای هەشتاکانەوە تا ئێستا بە زاهیرەوە لکاوە، فاکتەرێکی بنەڕەتی بوو بۆ بەزیندوو ڕاگرتنی زاهیرو بەردەوام بوونی لەکاری هونەری دا.
تا ئێستا وێڕای چەندین بەرهەمی جۆراو جۆر لە هەردوو بواری شانۆ ودرامادا. هیچ کاراکتەرێک بەقەد عومەر چاوچنۆک ناوداریەتی بۆ زاهیر پەیدا نەکردووەو زاهیری نەگەیاندۆتە ئەو ئاستە.
پێشم وایە زۆر ئاستەمە جارێکی تر زاهیر بگەڕێتەوە ئەو ئاستەی لەو کاراکتەرەدا بینی، لە درامای (گەڕەکەکەمان ) دا لەگەڵ دەرهێنەر سەعدون یونس، دیسان زاهیڕ عەبدوڵا هەنگاوێکی بە پێزی هاوێشت و وەک کاراکتەرێکی میللی ( تەها) توانی پێگەی خۆی لەدراماکەدا بکاتەوە، سەرکەوتنی زاهیر لە گەڕەکەکەماندا دەبوا بەردەوامی پئ بدرێت بەڵام لەئەنجامی ون بوونی دەرهێنەری باش و پسپۆر، بۆشاییەکی فرەوان بۆ زاهیر پەیدابوو کە زۆر لە کارەکانی بە ناچاری بەڕێ بکا ، بێ ئەوەی هێچ بژارێکی بۆ ڕۆڵو کاراکتەرەکان بەئارەزووی خۆی بن.
ئەم حاڵەتی قەیرانی بەرهەم و دەرهێنەر هەر تەنها زاهیری نەگرتۆتەوە، بگرە زۆرینەی هونەرمەندانی بواری شانۆو دراما بەدەست ئەم کێشەیەوە دەناڵێنن.
لەو حناڵەتانەدا ئەکتەر بژاردەیەکی غەیرە قەبوڵ کردنی بۆ نامێنێتەوە، ئەگەرچی ڕەنگە لەوە دڵنیا بێت بەرهەمەکە ئیزافەیەک ناخاتە سەر ئەرشیفی ڕابووردووی.
زاهیر لەگەڵ زۆر دەرهێنەری وەک سەباح عەبدلرەحمان و سەعدون یونس و ئومێد کەمال و چەند دەرهێنەرێکی دیکە وەک ئەکتەر کاری کردووە، بەڵام تا ئێستاش ڵەو هەلو مەرجە خنکاوەی هەبووە. بۆی نەلواوە وەک پێویست ئەو فۆرمە بگۆڕێ کەلێی ڕاهاتووە.
خۆ ئەگەر ئەکتەر نەتوانێ تا زەمەنێک ئەو کاراکتەرە پەیدا بکا، کە زاهیر بەستایلێکی ترو جیا لەجاران نیشان بدا، ئەوە وەک ئەکتەر زیان بەهونەری خۆی دەگەیەنێت.
مەبەستم لەگۆڕینی فۆرم، گۆڕینی ڕۆڵی ئەکتەر نیە لەنمایشێکەوە بۆ نمایشێکی تڕ، بەڵکو مەبەستم لەگۆڕینی فۆرم و ستایلی نواندنە، ئەمەش دیارترین دیاردەی بەهێز بوونی ئەکتەرە لەڕووی جەستەو ئیلقاو پێرفۆرمانسی نواندن.
زۆر هەقیقەتی تاڵ لەواقیعی درامای کوردی دا هەیە، بەڵام نەبینەر نە ڕەخنەگر قەبوڵی هیچ پاساوێک ناکەن بۆ دەرهێنەرو ئەکتەر بەغەیرە ئەوە نەبێت هەیە.
زۆر فاکتەری هونەریی تریش هەن هۆکارن بۆ لاواز بوونی ئەکتەر کە وەک زەرورەتێکی بنەڕەتی دەبێت بوونی هەبێت لە پیشەی ئەکتەر بووندا، کەچی لەو پیشەیەدا بوونیان نیە.
لەوانە کەمی ئەزموون و توانای لاوازی هەندێ لەدەرهێنەران و نەبوونی وۆرک شۆپ و هوشیاریی هونەرییدا تا ئێستا زاهیر لەڕووی جەستەوە، توانایەکی باش و حەماسێکی زۆری بۆ نواندن هەیەو کاری زۆریشی کردووە، بەڵام تا ئێستا ئیزافەیەکی لەپێشترو سەرکەوتوو تری پێویستە بۆ ئەوەی لەو تەمەنەدا بە بەخششی گەورەتڕ ئەو ڕابوودوەی خۆی زیندوو کاتەوە.
لە زنجیرەی سەمەرەدا بەو هۆکارانەی باسم لێوە کردن، زاهیڕ دیسان ئەو دەرفەتەی نەدرایێ، کاراکتەرێکی جێگیری خاوەن شواناس و ئامانج و ڕەگو ڕیشە لەو حاڵەتە ڕاگوزارە دەربێ و ئامشۆ بوونێکی قوڵتر لەگەڵ بینەردا پەیدا بکات