شوان ئەحمەد
هەموو ئەوانەی ڕۆمانی (داگیرکردنی تاریکی)یان خوێندۆتەوە، دەزانن لە سی و شەشەمین چاپتەردا بەسەر گفتوگۆیەکی هەم درێژ و هەم توند و گەرموگوڕی زەکی ڕەزا باکلان و عەلی ئیحسان ئاکنسۆی دا دەکەون.
لەوێداو بە دیاریکراوی لە لاپەڕە(٢٥١) دەربارەی شیعر و میلۆدی و سترانبێژی، زەکی ڕەزا ڕوو دەکاتە عەلی ئیحسان و پێیدەڵێت:( من دەمێک گوێ لە گۆرانی دەگرم، تەنیا دوو شت دەبیستم، دوو شت. یان غەم یان خۆشی و وشە مانای نییە لام. من ئەو غەمەم مەبەستە، لە گەرووی گۆرانیبێژەکەدایە. غەم چەپ و ڕاست، هەژار و دەوڵەمەند، تورک و ئەرمەن، حاکم و مەحکوم نا ناسێت و .. غەم هەر غەمە).
کە ئەم دێڕانەم خوێندەوە، ئەحەی خولە سنەیم هاتەوە بیر. ئاخر ئێمەش کاتێک گوێ لەو بەهرەمەندەمان دەگرین، تەنیا ئەو دوو شتە دەبیستین. غەم و خۆشی و ئەوەی لە گەروی خاڵە ئەحمەدیشدا بە دوایدا دەگەڕێم و مەبەستمە، ئەو غەمەیە کە لە قوڵای گەرویدایە و زەقوزۆپیش، بە سیمایەوە دیارە.
ئێمە گەر لەڕێی دەنگ و چریکەی ئەحمەد شەماڵیشەوە، گوێمان لە دەنگی خۆمان نەبێت و دەنگی گۆرانیبێژە خنکاوەکەی ناخی خۆشمان نەبیستین، ئەوا زمانحاڵێک دەدۆزینەوە کە تەعبیر لە ئێش و ئازار و غەم و مەینەتیە زۆروزەوەندەکانمان دەکات. ئەو غەم و ئازارانەی هەمووان وەک یەک برابەشین و هاوبەشین تیایاندا.
حەز و خولیا و وابەستەیی ڕۆحی ئێمە بە دەنگ و سەدای ئەحمەد شەماڵەوە، لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە دەنگی ئەو دەنگێکە هەم حەسرەتی تێدایە و هەم نەشئە، هەم غەم و هەم خۆشی.
هەر بۆیە سترانەکانی بەسەرێک دەردە و بە سەرێکی دیکەش دەرمان.