دواین هەواڵ

کوردستان‌

 19/10/2022

قوباد تاڵەبانی: هێزی کۆماندۆ بە توندترین شێوە توڵە لە تیرۆریستان دەکاتەوە

هەرێم نیوز

قوباد تاڵه‌بانی په‌یامێكی سه‌ره‌خۆشی ئاراسته‌ی بنه‌ماڵه‌ی شه‌هید مولازم زوهێر محه‌مه‌د كرد و رایگه‌یاند، هێزی كۆماندۆی كوردستان بە توندترین شێوە توڵە لە تیرۆریستان دەکەنەوە.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، "بە داخەوە لەکاتی ئۆپراسیۆنێکی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان لە دژی تیرۆریستانی داعش، پێشمەرگەی دڵسۆز مولازم زوهێر محەمەد شەهید بو و ئاکام عومەر، فەرماندە ئازا و لێهاتوەکەی هێزەکانی کۆماندۆ و چەند پێشمەرگەیەکیتر برینداربون."

ئەوەشی خستوەتەڕو، "لە دڵەوە پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکار و خانەوادەی ئازیزی شەهید مولازم زوهێر دەکەم و هیوای زو چاکبونەوە بۆ فەرماندە ئاکام و پێشمەرگە بریندارەکانیتری ئەم کردەوە تیرۆریستییە دەخوازم".

دەشڵێت، "هێزی کۆماندۆی کوردستان و فەرماندە ئاکام بە درێژایی ساڵانی رابردو رۆڵێکی گرنگیان لە بەرەنگاربونەوەی تیرۆریستانی داعشدا بینیوە و بە دڵنیاییەوە بۆ لەمەودواش پێداگرتر لە جاران هەوڵی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری کوردستان دەدەن و رێگە نادەن خوێنی شەهید مولازم زوهێر و شەهیدانی دیکەی کوردستان بە فیڕۆ بچێت و بە توندترین شێوە توڵە لە تیرۆریستان دەکەنەوە".

ئاماژەی بەوەش کردوە، "هەزاران درود بۆ گیانی پاکی شەهید مولازم زوهێز و هەمو شەهیدانی کوردستان و هیوای زو چاکبونەوە بۆ کاکە ئاکام وبریندارەکانیتریش دەخوازین".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP