دواین هەواڵ

هەمەرەنگ‌

 21/02/2023

بێجگە لە سەحەکە تویتەر گرنگترین خزمەتگوزاری خۆی دەکات بە پارە

بێجگە لە سەحەکە تویتەر گرنگترین خزمەتگوزاری خۆی دەکات بە پارە

لە تویتەرەوە بۆ فەیسبوک، هەموو شتێک دەبێتە بزنس و پارە.

وردە وردە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروشمی خۆیان ون دەکەن و بەرەو بزنس و سەرمایە دەچن، دەیانەوێت بەکارهێنەرانیان بەشێوەی هەنگاو بە هەنگاو پەلکێشی دنیای پارە و بزنسیان ببەن.

بێگومان ئەوەشی بەدڵی نییە دەتوانێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دوورکەوێتەوەو بەکاریان نەهێنێت (ئەمە وتەی خاوەنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە بەشێوەی ناڕاستەوخۆ)

لەدوای کڕینەوەی تویتەر لەلایەن ئیلۆن مەسک، ئەقڵیەتی بزنس و پارە پەیداکردن زۆر بەقورسی روویکردە ئەو تۆڕە یەکەم کاریشی ئەوەبوو ڤێریڤای ئەکاونتەکان، واتە سەحە شینەکەی کردە پارە و بەشێوەی مانگانە، بە کوردییەکەی ئەگەر بتەوێت سەحەکە بەدەستبهێنیت دەبێت ببیتە کرێچی تویتەر و مانگانە پارە بدەیت.

ئەمە لەلایەک و هاتنە ناوەوەی فەیسبوکیش بۆ هەمان رێگا لەلایەکی دیکە، کە چەند رۆژێک دەبێت مارک زوکەربێرگ هەمان بیرۆکەی ئیلۆن مەسکی پەیڕەوکرد و ئەویش بڕیاریدا لەمەوبەدوا ڤێریفای ئەکاونت و پەیج، واتە سەحە شینەکە ببێتە پارە و بەشێوەی مانگانە خاوەنەکەی پارە بداتە فەیسبوک.
تائێرە خەڵک بەئاسایی ئەو هەنگاوانەی وەرگرت و نەیانزانی وردە وردە هەمووی بۆ بوون بە پارە دەڕوات، بەڵێ ئێستا تویتەر هەنگاوێکی تری نا و تایبەتمەندییەکی دیکەی کردە پارە.

لەنوێترین هەنگاودا ئیلۆن مەسک بڕیاری دا بەکارهێنانی سیستمی تو فاکتۆر و گەڕانەوەی کۆد و لایەنی سیکورێتی ئەکاونتەکان لە رێگەی مۆبایلەوە بکاتە پارە، واتە ئەگەر ئەو تایبەتمەندییە بەکاربهێنیت و بتەوێت کۆد لەکات و حاڵەتی لەناکاو بگەڕێتەوەبۆ ژمارە مۆبایلەکەت، ئەوا دەبێت پارە بدەیت بە تویتەر ئەوکات دەتوانی بەکاربهێنی.

ئەمەش دەستبردنە بۆ گرنگترن تایبەتمەندی و خزمەتگوزاریی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کەلێن و دەرچەی زۆر لەکاتی کارانەبوونی ئەو خزمەتگوزارییە دەکەوێتە ئەکاونتەکان و مەترسی هاککردنیان لەسەرزیاد دەبێت هەرچەندە رێگەی دیکەش هەیە بۆ پاراستنیان.

ئەوەی ئێستا هەیە بزنسە، دەبێت هەمووان خۆیان بۆ ئەوە ئامادەبکەن دوای چەند ساڵێکی تر رەنگە بەس خۆتۆمارکردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەخۆڕایی بێت و بۆ چەند رۆژێکی کەم بەبێ بەرامبەر بتوانی بەکاری بهێنیت ئەگەرنا هەموو گرنگەکان و تایبەتمەندییە پێویستییەکان دەگۆڕێن بۆ پارە و لەماوەیەکی نزیکدا شتێک نامێنێ بەناوی خۆڕایی، چونکە لە کۆتایشدا رێگە بە بەکارهێنەر دەدات بزنسی خۆی بکات و چەندین رێگەشی خستووەتە بەردەست بۆ پارە پەیداکردن لەناو تۆڕەکە.

تویتەر تۆڕێکی قورس و سەنگین بوو بەڵام ئەقڵیەتی بزنس واتێکی دەدات کێ چوزانێ دواتر چیتر دەبێتە پارە، فەیسبوکیش دەبێتە رکابەری لە بەرەو بزنس چوون، ئەویش بەدڵنیاییەوە هەنگاوێکی دیکە دەگرێتەبەرو شتێکی دیکە دەکاتە پارە.

ئا: سەربەست نەجمەدین



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP