هەرێم نیوز
بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سهنعا رایدەگەیەنێت، زیانە سەرەتاییەکانی لە ئەنجامی هێرشی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانەکە بە نزیکەی 500 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.
خالد ئەلشایف، بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سهنعا ئهمڕۆ چوارشهممه ڕاگرتنی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سهنعا و لە فڕۆکەخانەی سهنعاوه تا ئاگادارکردنەوەی دیكه پشتڕاست کردەوە، بەهۆی ئەو زیانانەی له هێرشەی دوێنێی سوپای ئیسرائیل بهریكهوتوه.
ئاماژهی بهوهشكرد، هێڵی ئاسمانی یەمەن لە هێرشەکەدا سێ فڕۆکەی لەدەستداوە و کە سوپای ئیسرائیل شەش فڕۆکەی کردوەتە ئامانج و بە تەواوی لەناویانبردوە، لەوانە ئەو سێ فڕۆکەی سەر بە هێڵی ئاسمانی یەمەنن.
بەدیل هەیە بۆ کردنەوەی فڕۆکەخانەکە بۆ ماوەیەکی کاتی
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەکەی سهنعا دهڵێت، بەدیل هەیە بۆ کردنەوەی فڕۆکەخانەکە بۆ ماوەیەکی کاتی، بەڵام ڕونیکردەوە کە ماوەیەکی زۆری دەوێت بۆ نۆژەنکردنەوەی و گەڕانەوەی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ دۆخی پێشویان.
سوپای ڕژێمی ئیسرائیل دوێنێ سێشەممە ڕایگەیاند، هێزی ئاسمانی وڵاتەکەیان هەڵمەتی ئەنجام داوە ژێرخانی حوسییەکانی لە فڕۆکەخانەی سهنعا کردوهتە ئامانج و بەتەواوی داخستوە، حوسییەکان سوێندیان خواردوە وەڵام بدەنەوە.
جێی باسە بەرامبەر ئەم بۆردومانەش، حووسیەكان دیسان هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەیان لە ئیسرائیل كردووەتەوە، لەپای ئەمەش، چەند وڵاتێك گەشتە ئاسمانیەكانیان بۆ فڕۆكەخانەی نێودەڵەتیی بن گۆریۆنی شاری تەلەئبیب بۆ ماوەی چەند رۆژێك دواخست.