دواین هەواڵ

جیهان‌

 12 کاتژمێر پێش ئێستا

یەكشەممە گەڕی چوارەمی دانوستانی ئێران و ئەمریكا بەڕێوەدەچێت

هەرێم نیوز

ئاژانسی هەواڵی (تەسنیم)ی ئێران لەزاری ئەندامێكی وەفدی دانوستانكاری كۆماری ئیسلامییەوە رایدەگەیەنێت، بەڕێوەچوونی گەڕی چوارەمی دانوستانی ناڕاستەوخۆی ئێران لەگەڵ ئەمریكا سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكە، یەكلابووەتەوە.

راشیگەیاند: پێشنیاری وەزیری دەرەوەی عومان بۆ سازدانی گەڕی چوارەم دانوستان لە رۆژی یەكشەممەی ئایندە، لەلایەن تارانەوە پەسەندكراوە.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ هەینی 9ی ئایار رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە چوارەم گەڕی گفتوگۆی تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە، لەگەڵ ئەمریکا دەکەن.

چوارەم گەڕی دانوستاندنەکان کە سەرەتا بڕیاربوو لە 3ی ئایار لە رۆما بکرێت، دواخرابوو. ئەو کات عومانی نێوەندگیر رایگەیاند، دواخستنەکە لەبەر "هۆکاری لۆجستی" بووە.

سەرچاوەیەکیش کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، دەڵێت، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست "رۆژی یەکشەممە بە مەبەستی چوارەم گەڕی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران دەچێتە عومان."

تەسنیم لە زاری ئەندامە ناونەهێندراوەکەی شاندی ئێرانەوە بڵاویکردەوە، "دوای پێشنیازێکی وەزیری دەرەوەی عومان بۆ ئەنجامدانی چوارەم گەڕی گفتوگۆکان لە رۆژی یەکشەممە، تاران رەزامەندیی دەربڕی."

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015ی نێوان ئێران و زلهێزانی جیهان کشاندەوە، هەڕەشەی بۆردوومانکردنی ئێرانی کردووە ئەگەر بە رێککەوتن بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار نەکات.

وڵاتانی رۆژئاوا دەڵێن بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بەرەو بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی دەچێت، لە کاتێکدا ئێران پێداگری دەکات لەسەر ئەوەی تەنیا بۆ مەبەستی ئاشتییانەی بەرهەمهێنانی کارەبا و لێکۆڵینەوەی پزیشکییە. 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP