دواین هەواڵ

ئابوری‌

 23/03/2023

وەزارەتی دارایی و ئابوری ڕونکردنەوە دەدات لە بارەی ٤٠٠ ملیاردەکە

هەرێم نیوز

له‌میانه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكدا وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، وه‌زیری دارایی پێشتر جه‌ختی له‌وه‌ كردبووه‌وه‌، كه‌ 400 ملیار دینارەکە تەنها بۆ مووچە هاتووەو بۆ هیچ بابەتێکی تر خەرج ناکرێت.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

لەسەر ئەو چەواشەکاریانەی تایبەت بە پرسی ٤٠٠ ملیار دینارەکە لە چەند سایت و پەیج و دەزگایەکی ڕاگەیاندن بڵاوبۆتەوە بەپێویستمان زانی ئەم ڕونکردنەوەیە بۆ ڕای گشتی بخەینەڕوو.          

1- بڕی ئەو ٤٠٠ ملیار دینارە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە بۆ مانگی تشرینی دووەم و کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ بڕیاری لەسەر درابوو، بەڵام بەچەند هۆکارێک دواخراو لە سەرەتای ئەم مانگە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان.   

2- بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم ڕۆژی ١٤ ئازار لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو ٤٠٠ ملیار دینارەکە تەنها بۆ مووچە هاتووەو بۆ هیچ بابەتێکی تر خەرج ناکرێت و موچەی مانگی ئازاریش بەبێ کێشە دابەش دەکرێت.   

3- جەخت دەکەینەوە ئەو ڕێژەیەی مانگانە لەوەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بۆ سلێمانی خەرج کراوەو خەرج دەکرێت هیچ گۆڕانکاریەکی بەسەردا نەهاتووە.    

4- بەهۆی دابەزینی داهاتی نەوتەوە کە بۆ مووچەی مانگی شوبات تەنها ٣٤٠ ملیار دینار لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە خراوەتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی و ئابوری لە گەڵ ٤٠٠ ملیار دینارەکەی بەغداد بۆ مووچەی مانگی شوبات تەرخان کراوەو ئەو کورتهێنانەشی دروست بووە لە داهاتی ناوخۆ پڕ دەکرێتەوە، هەروەکوو چۆن پێشتر کراوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP