هەرێم نیوز
لە یەکێک لە قوتابخانە تایبەتەکان لە عەنکاوەی هەولێر، مامۆستایەک بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک دەستدرێژیی سێکسی کردووەتە سەر قوتابییەکی حەوت ساڵان و سەرەتای ئەمساڵ دۆسیەکە ئاشکرا بووە. ئێستا مامۆستاکە دەستگیرکراوە و دایکوباوکی منداڵەکەش داوای سزادانی دەکەن.
بەپێی زانیارییەکان لە لایەنی پەیوەندیدار و دایک و باوکی قوتابییەکەوە، منداڵەکە تەمەنی 7 ساڵانە و لە دایکێکی مەغریبی و باوکێکی ئەڵمانییە. لە قوتابخانەیەکی تایبەت لە عەنکاوەی هەولێر خوێندوویەتی کە بە زمانی فەرەنسی وانەی تێدا دەخوێندرێت.
دایک و باوکی منداڵەکە ڕایگەیاند، ئەو مامۆستایە بە کچەکەیانی گوتووە ئەگەر لەلای هەر کەسێک قسە بکات، ئەوا "دەیکوژێت." تیمی رووداو منداڵەکەیان بینیوە و شوێنەواری مووس بە جەستەیەوە بووە. منداڵەکە گوتوویەتی، "بەو شێوەیە هەڕەشەی لێکردووم."
بەپێی زانیارییەکان، مامۆستاکە هەر لەنێو بینای قوتابخانەکە دەستدرێژیی کردووەتە سەر منداڵەکە.
مامۆستاکە خەڵکی دیمەشقە و تەمەنی 35 ساڵانە. مامۆستای وانەی وەرزش بووە. هێشتا ناوی بە تەواوی ئاشکرا نەکراوە.
لە سەرەتاکانی مانگی شوباتی ئەمساڵ، دایکوباوکی منداڵەکە سکاڵایان تۆمارکردووە و مامۆستاکە دەستگیرکراوە. ئێستاش دۆسیەکە لە دادگەیە. تاوەکو ئێستا پۆلیس و قوتابخانەکە ئامادەنەبوون لەسەر ئەو دۆسیەیە هیچ لێدوانێک بدەن.
بە گوتەی دایکوباوکی منداڵەکە، کچەکەیان پێی گوتوون، "بە لایەنی کەمەوە چوار منداڵی دیکەیشی بینیوە کە چوونە بۆلای مامۆستاکە،" بەڵام ئەو دۆسیەیانەی دیکە تاوەکو ئێستا لەلای دەزگا ئەمنییەکانی یەکلانەکراونەتەوە و کەسوکاری ئەو منداڵانە سکاڵایان تۆمار نەکردووە.
سەرچاوە: ڕوداو