دواین هەواڵ

تەندروستی‌

 29/04/2023

گرنگترین هۆکارەکانی ئازاری قوولەپێ و ڕێگا چارەکانی

د. ھەڤین کمال شاە محمد- پسپۆڕی بێھۆشکاری و ئازار شکاندن

هەر پێکانێک یاخوود برینداریەک یاخوود نەخۆشیەک لە بەشەکانی قوولەپێدا ئازار و ناڕەحەتی دروستدەکات. کە ئەویش پێکهاتووە لە ئێسکەکانی قاچ و پێ ، بەستەرەکان ، ماسولکە و ژێی ماسولکەکان، و شانە نەرمەکانی دەورووبەریا.

گرنگترین ئەو هۆکارانەی ئازاری قوولەپێ دروستدەکەن ئەمانەن :

لەجێچوون و ئازارگەیشتن بە قوولەپێ بەهۆی بادانی قوولەپێ لەکاتی وەرزش یاخوود کەوتن یاخوود جووڵەیەکی هەڵە.

پێکان و شکانی یەکێک یان زیاتر لە یەکێک لە ئێسکەکانی قوولەپێ.

هەوکردنی ژێی ماسولکەکانی دەوری قوولەپێ. ج

هەوکردنی کیسی بێرسای دەوریزێی ماسولکەکانی قوولەپێ و تێزانی ئاو تیایاندا و هەڵئاوسان.

داخورانی جومگەی قوولەپێ کە ئەمیش بەهۆی خراپ بەکارهێنان و ئەزێتدانی جومگەکەوە بەتایبەت لەکەسی سەروو شەست وپێنج ساڵدا یاخوود بەهۆی نەخۆشی ڕۆماتیزمەکانەوە.
فلات فووت یاخوود ئەو کەسانەی بنی پێیان تەختە و قەوسی تەواویان نییە .

نەخۆشی دەردەشاهانە و دەردەشاهانەی درۆزن " داء الملوك"

نەخۆشی لوپەس کە حاڵەتێکی دەگمەنە و ئازاری جومگەکان دروستدەکات.

هەوکردن و سووربوونەوەی خانەی پێستی قوولەپێ یاخوود هەوکردنی ئێسکەکان بەهۆی بەکتیریاوە.

دەستنیشانکردن :

لەڕێگای پشکنینی سەریری لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە و هەروەها هەندێکجار لەهەندێک نەخۆشیدا پێویستی بە ئەنجامدانی هەندێک پشکنینی خوێن هەیە وەک لە حاڵەتی دەردەشاهانە و ڕۆماتیزم ، ئەنجامدانی سۆنەر و تیشکی ئێکس ڕەی بۆ زانینی هەر هەوکردن و شکانێک لە بەستەر و ئێسکەکاندا، ئەگەر بەم پشکنینانە نەتوانرا دەستنیشانبکرێن ئەوا دەبێت ئەشیعەی تەنووری بگیرێت.

چارەسەرکردن :

پشوو : هەر کاتێک تووشی پێکان بوویت دەبێت پشووی پێبدەیت و هەوڵ بدەیت قاچ و پێیەکانت بە بەرزی ڕاگریت.
دانانی سەهۆڵ یاخوود پاکی سارد بۆ ماوەی پانزە خوولەک لەشوێنی ئازارەکە، نابێت لە بیست خوولەک زیاتر بێت کاتەکەی.
بەستنی باندج یاخوود کیفی قوولەپێ بۆ کەمکردنەوەی هەوکردنەکە، بەڵام ئاگاداربە نابێت زۆر بە تووندی ببەسترێت.

بەکارهێنانی دەرمانی دژە هەوکردنە ناستیرۆیدەکان کە هەوکردن کەمدەکەنەوەو ئازاریش ناهێڵن، بەڵام نابێت بێ ڕای پزیشکی پسپۆڕ بخورێت چونکە زیانی هەیە لە هەندێک کەسدا بەتایبەت ئەوانەی کێشەی دڵ و گورچیلەیان هەیە.

لەهەندێک حاڵەتدا کە هەوکردن و ئاوتێزان ڕوودەدات لە جومگەکەدا پێویستی بە ڕاکێشانی ئاو دەکات لە جومگەکە و هەروەها ئەنجامدانی دەرزی دژە هەوکردن بۆ جومگەکە.

ئەنجامدانی دەرزی پلازما لەکاتی برینداربوونی بەستەر و ژێی ماسولکەکانی دەوری قوولەپێ کە ئەمیش لەوانەیە سێ جەلسەی بوێت.

چارەسەرکردن بە ئامێری شۆک وەیڤ بۆ جومگەکە و بەستەر و ژێی ماسولکەکانی دەوروبەری کە هەوکردن و کلسی زیادە و داخوران ناهێڵێت، ئەمیش پێویستی بە چەند جەلسەیەک هەیە.
چارەسەری سروشتی و ئەنجامدانی وەرزشی تایبەت بۆ بەهێزکردنی ماسوولکە و بەستەری دەوری قوولەپێ.

نەشتەرگەری کە لەهەندێک حاڵەتی شکان و پچڕانی بەستەر و ژێی ماسولکەکان پێویست دەکات.

ئەو کەسانە کێن کە ئازاری قوولەپێیان زیاتر بۆ دروست دەبێت؟

ئەو کەسانەی کە هەندێک وەرزش دەکەن کە ڕێژەی پێکان زۆرە تیایاندا وەک فوتبۆڵێن و ئەو وەرزشانەی بازهەڵدان و ڕاکردنی زۆری تیادایە.

ئەو کەسانەی تەمەنیان سەروو پەنجا ساڵە .

ئەو کەسانەی کێشی جەستەیان زۆرە و فشارێکی زۆر دەخەنە سەر قولەپێیان

ئەو کەسانەی بۆ ماوەیەکی زۆر بەپێوە دەوەستن.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP