دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 11/05/2023

ڕاوێژکارێکی ئێزیدییەکان: ئەگەر هۆشیارانەتر مامەڵە لەگەڵ دۆخی شنگاڵ نەکرێت، کێشەی گەورە دروست دەبن

محەمەد جەمال – هەولێر

ڕاوێژکارێکی کاروباری ئێزیدییەکان لە وەزارەتی ئەوقافی هەرێم سەبارەت بە پشێوییەکانی چەند ڕۆژێک لەمەوبەری شنگاڵ دەڵێت، داوا لە دەزگا نافەرمییەکان دەکەین هۆشیارانەتر مامەڵە لەگەڵ دۆخی شنگاڵ بکەن، ئەگەرنا چارەسەرکردنی زۆر ئەستەمە.

خەیری بۆزانی، ڕاوێژکاری کاروباری ئێزیدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف بە هەرێم نیوزی ڕاگەیاند، ئێمە کێشەمان لەگەڵ یەکتر ناسین هەیە، ئەگەر پێش پێکەوەژیان و یەکتر قبول کردن و لێبوردەیی یەکتر بناسین، ئەو کاتە ڕێگەخۆشتر دەبێت بۆ پێکەوەژیان و قۆناغەکانی تر.

وتیشی، ماوە ماوە دەبینین کێشەیەکی ئایینی یان کۆمەڵایەتی لە ناوچەیەک ڕوودەدات، چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا کێشەیەکی لەم جۆرە لە شنگالیش دروست بوو بە بیانووی ئەوەی ئێزیدییەکانی شنگاڵ مزگەوتێکیان سوتاندووە، کەچی لە ڕاستیدا هیچ شتێکی وا لە ئارادا نەبووە، بەڵام بە داخەوە لە تۆڕە کۆمەلایەتییەکان و هەندێک لە مەلاکان ئەو بابەتەیان زیاد لە پێویست گەورە کرد.

دەشڵێت: ئەگەر هێزە ئەمنییەکان و هیمەتی خەڵکی ژیر نەبوایە، ڕەنگە هەندێک شتی خراپ و مەترسیدار ڕوویاندابا.

بۆزانی وتيشى، ئێمە هەمیشە داوا دەکەین کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو ناوچانە زیاتر زاڵ بێت و کۆنترۆلی بارودۆخەکە بکات، هەروەها دەزگا نافەرمییەکانیش وەک ڕێکخراوەکان و ڕاگەیاندن و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان هۆشیارانەتر مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن، چونکە ئەگەر کێشە لەم ناوچانە دروست بوو، چارەسەرکردنی زۆر ئەستەمە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP