هەرێم نیوز
چیتر عێراق خاوەنى دیجلەو فوراتەکەى جاران نییە، سەرچاوە ئاوییەکانى عێراق زۆرینەى رەهایان دەرەکین و لە هەردوو وڵاتى تورکیا و ئێرانەوە هەڵدەقوڵێن، بەشێکی کەمیکیشى لە ناوخۆی وڵاتەکەوە سەرچاوە دەگرن و بەشێکی تریشى دابارین دابینى دەکات، سەرەڕای ئەوەى لە هەرێمى کوردستانیش دوو بەنداوى گەوەرە و چەند پۆندێک هەن بەڵام بەهۆی نەشارەزایی لە بەکارهێنانى ئاودا چ وەک پێدوایستى خواردن و خواردنەوە، چ وەک ئاودێریی و خاوێنکردنەوە، کێشەى بیئاویی مەترسییەکە بەردەوام سەرهەڵدەدات.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئەمساڵ هیچ سەرچاوەیەکی ناوخۆیی لە کوردستان و عێراق نەبووژاونەتەوە، ئاستى بەنداوەکان و دواتریش ئاوى ژێر زەوی زۆر دابەزیون، وەرزی هاوینیش لەڕێییە و رێژەیەکى ئێجگار زۆرى خێزانەکانیش بۆ فێنککردنەوەى پشت بە فێنککەرەوەى ئاویی -موبەریدە- دەبەستن و ئەوەش ئەوەندەى تر کێشەکەى گەورەتر کردووە.
میدیاکانى ئێران و تورکیاش بەردەوام جەخت لەوە دەکەنەوە بەهۆى کەمی دابارینەوە خۆیان کێشەى ئاویان بۆ دروستبووە، لە لایەکەوە تورکیا بەردەوامە لەسەر گرتنەوەى ئاوى هەردوو روبارى دیجلەو فورات ئێرانیش سەرەڕای دروستکردنى بەنداوە نوێ ڕێڕەوی ئەو ڕووبارانە دەگۆڕێت کە بەرەو ناو عێراق دێن و دەیەوێت لەناوخۆی خۆیدا بەکاری بهێنێت و بەمەش وایکردووە وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانى عێراق هاواری لێهەڵبستێت و بڵێت چیتر عێراق خاوەنى دوو روبار گەورە نییە، بەڵکوو دوو چەمی بچووکى ئاسایی هەیە.
ئەمرۆش خالد شەماڵ گوتەبێژى وەزارەتى سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند هاوینى 2025 گەرمترین کات و کەمترین ئاو و زۆرترین ماندووکەر دەبێت بۆ عێراقییەکان هۆکارەکەشى پەیوەندی بە ئاسایشى نیشتمانى ئاوەوە هەیە، لەبەر ئەوەى داهاتووى ئاو لەژێر دەسەڵاتى خۆیدا نییە، بەجۆرێک لە مێژووى عێراقدا کەمبوونەوەى ئاو بەم شێوەیە روینەداوە، گوتیشى 70%ـى ئاوى عێراق لە دەرەوەى سنوورەکانیەوە دێت و لە ئێستادا کەمتر 40% ـى دەگات پێمان.
خالد شەماڵ گوتیشى تورکیا بەردەوام بەنداو دروستدەکات، کاریگەریی لەسەر کەمکردنەوەى ئاو بۆ عێراق دروستدەکات، ئێران سەرقاڵی بەنداو و گۆرینى رێڕەوى روبارەکانیەتى بۆ ئەوەى لەناوخۆی وڵاتەکەیدا سوودى لێوەرگرێت، شەماڵ راشیگەیاند هەرچەندە لەگەڵ لایەنى تورکی گفتوگۆ و رێککەوتن لەوبارەیەوە کراوە بەڵام دەرئەنجامێکى ئەوتۆی نەبووە.
شرۆڤەکاران باوەڕیان وایە ئاو لە لایەن تورکیاوە وەک هێزى فشار بەکار دێت بۆ کەمکردنەوەى مەترسییەکانى پارتى کرێکاران لەسەر سنوورەکانى خۆی، لە لایەکی تریشەوە بۆ بەهێزکردنى خۆیەتى لە ڕووى ئابوریی و بەردەوامى هەناردەى نەوت لە رێگەى بەندەرى جەیهانەوە، بۆ ئەوەى عێراق نەتوانێت هەموو نەوتەکەى لەڕێگەى بەسرە یان بانیساوە بنێرێتە دەرەوە، ئەوە سەرەڕاى ئەوەى ژمارەیەکى زۆر کۆمپانیاى تورکی بۆ راپەراندنى رێگەى پەرەپێدان روویان لە عێراق کردووە.
رۆژنامەى شەرقلئەوسەت نوسیویەتى بانکی نێودەوڵەتى زستانى ساڵی 2022 لەبارەى کەشووهەواى عێراقەوە هۆشداریداوە و داواى کردووە بە خێرایی بەدەم عێراقەوە بچن و چونکە کێشەیەکى گەوری گۆڕانکاریی کەشوهەواى تێدا رووبەڕووى دەبێتەوە و لە هەموو وڵاتانى ناوچەکە زیاتر زیانی پێدەگات، رێژەى ئاو بەشێوەیەکى ترسناک کەمدەکات و پلەى گەرما بەرزدەبێتەوە و کێشەى ئابوورى قورس روى تێدەکات لەبەر ئەوەى تاک سەرچاوەیە و تەنها پشت بە نەوت دەبەستێت، بەڵام وەک رۆژنامەکە دەڵێت لایەنی بەرپرس گوێیان نەداوتێ و راپۆرتەکەیان بەهەند وەرنەگرتووە.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووو بریارە لە رۆژانى 24 و 25 و 26ـى ئەم مانگە لە بەغداد یازدەهەمین کۆنگرەی ئاودێریی نێودەوڵەتى بەڕێوەدەچێت و بابەتى کەمبوونەوەى ئاوى عێراق دەخرێتە سەر مێزى کۆنگرەکە و رێگەچارەیەکى بۆ بدۆزنەوە.