دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

وردەکاری گەڕی چوارەمی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران

هەرێم نیوز

پاش کۆتایی هاتنی دوا گەڕی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران کە ڕۆژی یەکشەممە لە عوممان بەڕێوەچوو، وا دەردەکەوێت ئیدارەی ترەمپ تاڕادەیەک گەشبینە و هەردوولاش ڕێککەوتوون درێژە بە دانیشتنەکانیان بدەن و بۆ جاری داهاتوو وردەکاری تەکنیکی تاوتوێ دەکەن، بەمەبەستی ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتنێک.

ئەلمۆنیتەر لە زاری چەند سەرچاوەیەکی عومانییەوە ئاشکرای کرد، دانوستانەکان بەڕێچکەیەکی دروستدا ڕۆیشتووە. دەوترێت ترەمپ هیوادارە بگاتە سەرکەوتنێکی خێرا لەگەڵ ئێران، بەتایبەت لە کاتێکدا کە دانوستانەکانی لەبارەی ئۆکرانیا و غەززە تا ئێستا بێ ئاکامە. هاوکات ئێرانییەکان بەپەرۆشی ئەوەن گەمارۆکانیان لەسەر هەڵگیرێت و ئابوورییە داڕووخاوەکەیان ببووژێننەوە. سەرچاوەکان دەڵێن ئاگربەستەکەی نێوان حوسییەکانیش [کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن] لەگەڵ ئەمریکا، وزە و گڕوتینی زیاتری بە دانوستانەکان بەخشیوە.

ترەمپ کە لەم هەفتەیەدا سەردانی سعودیە و قەتەر و ئیمارات دەکات، بەڕوونی ڕایگەیاندووە کە بۆ چارەسەرکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، لەگەڵ چارەسەری دیپلۆماسیدایە نەک سەربازی.

بەڵام ئیدارەکەی ترەمپ پەیامی دژبەیەک دەردەبڕن.  هەفتەی ڕابردوو ترەمپ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە بڕیاری نەداوە ئایا ڕێگە بە ئێران دەدرێت بەرنامەیەکی سنووردار بۆ پیتاندنی ئەتۆمی بۆ مەبەستی مەدەنی هەبێت یان نا. بەڵام ویتکۆف، نوێنەری ئەمریکا لە دانوستان، ڕۆژی دواتر ڕایگەیاند بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران بە هەموو جۆرێک "هێڵی سوور"ە بۆ ئەمریکا. ئێرانییەکانیش دەڵێن پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ مەبەستی ئاشتییانە مافی خۆمانە و لێی خۆشنابین.

مانگی ڕابردوو مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، ئێران دەتوانێت بەرنامەی ئەتۆمی مەدەنی بۆ پێداویستییەکانی وزەی هەبێت، بەڵام دەبێت ئەو ماددە پیتێنراوانە لە دەرەوە هاوردە بکات.

دانوستانەکان بە نێوەندگیری مەسقەت لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانە، و پرسەکانی دیکەی وەک بەرنامەی مووشەکی و پاڵپشتییەکانیان بۆ هێزە میلیشیاکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دواتر چارەسەر دەکرێن. سەرچاوەکان لە عومان هۆشدارییان داوە، کە ئیدارەی ترەمپ هەوڵبدات تەوەری دانوستانەکان بباتە دەرەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، ئەوا دانوستانەکان دەخاتە مەترسییەوە، ئەگەریش بە تەواوی لە ڕێڕەوی خۆی دەرنەچێت.

عێراقچی ڕۆژی یەکشەممە لە وتووێژ لەگەڵ تەلەفزیۆنی حکومەتی ئێران وتی: ئەم دانوستانانە لە سێ خولی پێشوو جددیتر و ڕاشکاوانەتر بوون. "ئێمە ئێستا تێگەیشتنێکی باشترمان لە یەکتر هەیە و هیوادارین بتوانین پێشکەوتنی زیاتر بەدەست بهێنین... پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران دەبێت بەردەوام بێت، هەرچەندە ڕەنگە پانتایی و ئاستەکەی بگۆڕێت".

بەدر بوسەیدی، وەزیری دەرەوەی عومان کە میوانداری شاندەکانی ئێران و ئەمریکای کرد، جەختی لەوە کردەوە کە خولی چوارەمی دانوستانە ئەتۆمییەکان "بیرۆکەی بەسوود و داهێنەرانە"ی لەخۆگرتووە کە ئاماژەن بۆ خواستی هاوبەش بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی شایستە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP