هەرێم نیوز
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، زیادبوونی خەرجییە سەربازییەکان وایکردووە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری ڕاگرتنی هێرشە ئاسمانییە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر پێگەکانی حوسییەکانی یەمەن، ڕابگرێت.
ڕۆژنامەکە ڕۆژی سێشەممە نووسیویەتی، لە کاتێکدا حوسییەکان بەردەوام لە هێرشدابوون بۆ سەر کەشتییەکان و خستنەخوارەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هێزەکانی ئەمریکا بە خێرایی و بە بەردەوامی ئازووقە و تەقەمەنییان بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانە بەکاردەهێنا.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز جەختی لەوە کردەوە کە ترەمپ هەرگیز لەگەڵ ململانێ سەربازییە درێژخایەنەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕازی نەبووە و لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا هەوڵیدا هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا و ئەفغانستان و عێراق بکشێنێتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، کاتێک ترەمپ ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر بۆردومانکردنی پێگەکانی حوسییەکان بۆ کردنەوەی ڕێڕەوی کەشتیوانی لە دەریای سوور، پێشبینی کردبوو ئۆپەراسیۆنەکە لە ماوەی 30 ڕۆژدا تەواو ببێت.
بە گوتەی بەرپرسانی حکومەتی ئەمریکا، ترەمپ دوای کۆتاییهاتنی ئەم 30 ڕۆژە داوای ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە بەرەوپێشچوونی ئۆپەراسیۆنەکە کرد، بەڵام کارەکان بەو شێوەیە نەڕۆیشتن کە چاوەڕێی دەکرد، بەو پێیەی ئەمریکا تەنانەت نەیتوانیبوو باڵادەستی ئاسمانی بەسەر حوسییەکان بەدەستبهێنێت.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز نووسیویەتی ئەوەی دوای ٣٠ ڕۆژ لە ئۆپەراسیۆنەکان دژی ئەم گرووپە بەدەست هات، تەنیا ململانێیەکی سەربازی دیکەی " بە تێچووی زۆر و بێ ئەنجام" بوو بۆ ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لەم ماوەیەدا حوسییەکان چەندین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی MQ-9 Reaper یان خستە خوارەوە و بەردەوام بوون لە هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سوور، لەنێویاندا کەشتییەکی فڕۆکە هەڵگری ئەمریکی.
جگە لەوەش هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئامانجەکانی حوسییەکان لە ٣٠ ڕۆژی یەکەمدا نزیکەی یەک ملیار دۆلار تەقەمەنی و چەک نرخی تێچووەکەی بووە.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز نووسیویەتی دۆخەکە کاتێک خراپتر بوو کە دوو فڕۆکەی جەنگی ئەمریکی کە هەریەکەیان بەهای ٦٧ ملیۆن دۆلار بووە، بە هەڵە لەناو کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئەو وڵاتە لە ناوچەکە کەوتنە ناو دەریاوە. ڕووداوێک کە هاوکات لەگەڵ پێشهاتەکانی دیکە، سەبر و ئارامیی ترەمپی نەهێشت.
ڕۆژنامەکە بە پشت بەستن بە کاربەدەستانی ئەمریکی و عەرەبی، ئاشکرای کردووە: ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری تایبەتی ترامپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە یەک کاتدا خەریکی دانوستانی ئەتۆمی بوو لەگەڵ ئێران بە نێوەندگیری مەسقەت، کۆشکی سپی ئاگادار کردەوە کە بەرپرسانی عومان ڕێگەیەکی گونجاویان بۆ دەربازبوون لە ئەمریکا لە دۆسیەی حوسییەکان پێشنیار کردووە.
بەگوێرەی ئەم پێشنیازە، واشنتۆن هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر پێگەکانی حوسییەکان ڕادەگرێت و لە بەرامبەریشدا ئەو گروپە واز لە بەئامانجگرتنی کەشتییە ئەمریکییەکان لە دەریای سوور دەهێنێت.
بەڵام حوسییەکان بەپێی ڕێککەوتنەکە بەڵێنیان نەداوە هێرشانە ڕاگرن کە دەیکەنە سەر ئەو کەشتیانەی کە وەک خۆیان دەڵێن پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە.