هەرێم نیوز
وەک چۆن لە دواى دۆڕانى ئەڵمانیا لە جەنگی جیهانیی دووەمدا پارتى نازییەکان قەدەغەکرا، ئاواش لە دواى پرۆسەى ئازادی عێراق حزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی لە لایەن پۆڵ بریمەر – فەرمانڕەواى کاتى ئەمریکا- وە لە 16ـى ئایاری 2003 قەدەغەکرا و لە رۆژی 28ـى حوزەیرانى هەمان ساڵ چووە بوارى جێیەجێکردنەوە و بۆ هەتا هەتایە ئەو پارتە لە عێراق قەدەغەکرا.
دواى کۆتایی هاتنى ئەو قۆناغە هەندێک لایەنى نەتەوەیی عەرەب بە دەست ئەنقەست و هەندێکى تریش بە نەزانین کەوتنە هەڵدانەوەى هەندێک لاپەڕەى خۆیان و بەبەراورد بە مێژووى دواى 2003 و پێش 2003 وێنەى سەدام و پیاهەڵدان بە رژێمی بەعس دا دەرکەوت، بە تێپەڕبوونى کاتیش بەشێک لە بەعسییەکان لە ژێر پەردەى جۆراوجۆردا بەشێک لە بەعسییەکان سەریانهەڵداوەتەوە.
لە ئێستاشدا کە هەڵبژاردنەکانى ئەنجوومەنی نوێنەرانى عێراق لەڕێدایە، بەگوێرەى سەرچاوەکان ژمارەیەک لەو کەسانەى کە بە هەڵوێست و نوسین و وێنەى بەعسییەکان پشتیوانییان لە بەعس کردووە لەنێو کاندیدەکاندا هەن.
دکتۆر هەیمان تەحسین بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى پارت و رێکخراوە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنى باڵای هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند بۆ هەڵبژادنى داهاتوو -کە بریارە لە 11ـى تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت- گرنگییەکی زۆر دەدەن بە یاسای ریشەکێشکردنی بەعس، بۆ ئەو مەبەستە سەرڕای ئەوەى لە بەغدادى پایتەخت دوو لیژنەیان دروستکردووە لە نووسینگەى هەر پارێزگایەکیشدا لیژنەیەکی تایبەت دروستدەکەن بۆ بەدواداچوونى ئەو یاسایە و بەتەواوەتى جێبەجێدەکرێت، تەنها لە پارێزگاى هەڵەبجە نەبێت لەبەر ئەوەى بریاری بە پارێزگابوونەکەى لەدواى بریاری دیاریکردنى هەڵبژاردنەکەوە هاتووە، ئاماژەى بەوەشکردووە لیژنەکان سکاڵاى هەموو لایەن و پارت و کەسایەتییەکان وەردەگرێت و بەدواداچوونیان بۆ دەکات.
گوتیشى فەرمانگەکەیان هەماهەنگی تەواوى کردووە لەگەڵ دەستەى باڵای لێپێچینەوە و داودپەروەریی و دەزگاى هەواڵگریی نبشتمانی و دەزگاى ئاسایشى نیشتمانى. گوتیشى پێشتریش چەندین سکاڵایان لەو بارەیەوە پێگەشتووە و لیکۆڵینەوەیان لە بارەوە کردووە و لە ئێستاشدا لیستێکیان لەبەردەستدایە بۆ ئەوەى هەموو کەس مافى خۆی وەربگرێت و رێگە لە بەعسییەکان بگیرێت نوێنەرایەتى خەڵک بکەن.
حەسەن سەلمان راوێژکاری یاسایی کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکان ئاماژەى بەوەشکردووە هەرکەسێک لە هەڵوێستێکى سەلمێنراو، یان پۆست و کۆمێنت و نوسینێک پشتیوانى لە بەعس کردبێت یاساکە دەیگرێتەوە، گوتیشى کۆمسیۆن ناوى تەواوى کاندیدەکان دەخاتە بەردەستى لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەى بە پێچەوانەى مەرج و رێککارەکانەوە کەس نەبێتە کاندیدى هەڵبژاردنەکان و نوێنەرایەتى خەڵک نەکات.
بەعس لە دواى کودەتاى 1968ـەوە هاتووەتە سەر کار و زۆرینەى کێشەکانى نێوخۆ و دەرەوە لەسەر دەستى سەرانى ئەو حیزبەدا بووە، بەهۆی رەفتارو هەڵس و کەتە نامرۆڤانەکانییەوە لە رۆژى 9ـى نیسانى 2003 کۆتایی بە دەسەڵاتەکەى هاتووە، بەڵام ناوبەناو دەنگێک دەبیسترێت کە پشتیوانى لێبکات، بۆیە ناکرێت ئەو دەنگە بە ئاشکرا نوێنەرایەتى خەڵک بکات و بچێتە پەرلەمان و یاسا بۆ خەڵک دەربکات.