دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 12/05/2023

لە یادگەى نیشتمانى بارزانەوە؛ بانگەوازێک بۆ ئارامی کوردستان

بارزانی لەمیانی گوتارێکدا لە رێورەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزانی پەیامێکی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و داوای لێکردن لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە و گوتی، بە دژایەتیکردنی یەکتری کەس هیچی دەستناکەوێت.

ئەمە ئەو پەیامە گرنگ و پڕ بایەخە بوو کە سەرجەم لایەنە عێراقى و کوردستانیەکانى هێناوەتە سەرخەت و کاردانەوەى جۆراوجۆری بەدواى خۆیدا هێناوە. بارزانی لە پەیامەکەیدا، داوای لە هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کرد کۆببنەوە بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەکان و ئامادەکاری بکەن بۆ کۆبوونەوەی فراوانی لایەنەکان پێش 18ـی مانگ لەپێناو گەیشتن بە رێککەوتن و لێکتێگەیشتنی هاوبەش.

لەسەرئاستى عێراقى، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق دوای رێوڕەسمەکە؛ لەبارەی دەستپێشخەرییەکەی بارزانییەوە گوتویەتی، "ئەمە ئەرکی سەرۆک بارزانییە و ئەوان بەرپرسن. تا ئێمە یەکگرتووبین و یەکڕیز بین، بەهێزتر دەبین لە هەموو شوێنێک، هەم لە ناوخۆمان، هەم لە شوێنەکانی دیکەیش، ئەوکاتە ئێمە دەتوانین پلانی پێشکەوتن و ئاوەدانکردنەوە و کشتوکاڵ دابنێین."

گوتوشیەتى " نێوانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی باشە و زۆرینەی ئەو کێشانەی لە رابردوودا هەبوون، چارەسەرکراون، ئومێدەواریشین زیاتر بەرەوپێش بچێت، لێکتێگەیشتن لەسەر هەموو کێشەکان بکرێت."

محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانى عێراق لە باسی مەلا مستەفای بارزانیدا گوتویەتى: یەکێک لەو پیاوانەی کە ئەمڕۆ یادی دەکەینەوە، سەرکردەیەکی نیشتیمانی مێژووییە، ئەویش بەڕێز مەلا مستەفای بارزانی سەرکردەی نەمرە، ئەو قوربانیانەی ئەو داونی، رۆڵیان لە سەرکەوتنی عێراقدا هەبووە بەسەر ستەم و داگیرکاری، هەروەها بەشداری کردووە لە دیاریکردنی چارەنووسی گەلی عێراق.

عه‌ممار حه‌كیم، سه‌رۆكی ره‌وتی حیكمه‌ی نیشتمانی ؛  له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاندوە، ئاپۆڕای سه‌ركرده‌ و به‌رپرسان له‌ ناوچه‌ی بارزان، ئاماژه‌یه‌ بۆ په‌یوه‌ندییه‌ دێرین و دیرۆكییه‌كانی نێوان مه‌لا مسته‌فا بارزانی و سه‌ركرده‌كانی وه‌ك ئیمام حه‌كیم. هه‌روه‌ها سه‌رۆكی ره‌وتی حیكمه‌ی نیشتمانی  ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوە، ئه‌و سامانه‌ گه‌وره‌یه‌ی مه‌لا مسته‌فا بارزانی له‌دوای خۆی به‌جێیهێشتوە، بوە به‌ هه‌وێنی داڕشتنی بنه‌مایه‌كی به‌هێز له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی ‌نێوان گه‌لی كورد و گه‌لی عێراق.

هاوكات به‌ پێویستی زانی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ وه‌ك بابه‌تێكی گه‌وره‌ و بایه‌خدار ببینرێت. لەسەر ئاستى هەرێمی کوردستانیش سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لە پەیامەکەی بارزانی کردوە و گوتویەتی، " پەیامی جەنابی سەرۆک بارزانی، پەیامی ئاشتی، یەکترقبووڵکردن و پەیامی دانیشتن بوو پێکەوە، ئینشائەڵڵا ئەوە دەبێتە دەستپێکردن و سەرەتایەکی باش بۆ ئەوەی هەموو کێشەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ بە دیالۆگ چارەسەر بکرێن، من پێموایە ئەوە گرنگترین پەیام بوو کە ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان دەرچوو".

دکتۆر ئەرسەلان بایز، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ، ستایشی گوتارەکەی بارزانی کردوە و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، پەیامەکەی سەرۆک بارزانی، زۆر گرنگ و مێژوویی بووە، داواشی لە پارتی و یەکێتی و هەموو لایەنەکان کردوە کار بۆ جێبەجێکردنی بدەن و روونیکردنەوە، کە ماڵی کورد پێویستی بە ئارامییە. هاوکات فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت، بە پەیڕەوی لە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی، زۆربەی گرفتەکان چارەسەر دەبن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، پارتی و یەکێتی بۆ رێکخستنەوەی کۆبوونەوەکانیان رێز لە دەستپێسخەرییەکەی سەرۆک بارزانی دەگرن.

فازڵ میرانی لەبارەی ئەگەری کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لەسەر داوای سەرۆک مەسعود بارزانی گوتویەتی: ''بێگومان پارتی و یەکێتی رێز لە دەستپێشخەرییەکەی جەنابی سەرۆک بازرانی دەگرن.''

سەردار عەبدوڵا سیاسەتمەدار و چاودێری سیاسی دەڵێت:  دەبێت ناوماڵی کورد ڕێکبخەینەوەو کۆبونەوەکانی یەکێتی و پارتی کارێکی باشە و هیوادارم ببێتە هەوێنی ڕێکەوتنی هەموو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بەشێوەیەک لەبەرژەوەندی هاوڵاتیاندابێت.

دڵشاد عەبدولرەحمان، سیاسەتمەداری کورد، لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ هەرێم نیوز وتی، تەبایی نێوان هێزە سیاسیەکان بەتایبەت یەکێتی و پارتی بنەمای سەقامگیری هەرێمی کوردستانە و دەبێتە هۆی ئاوەدانی و مسۆگەرکردنی دەستکەوتەکانمان لە حوکمەتی عێراق، پێچەوانەکەشی دەبێتە هۆی ئاڵۆزبونی بارودۆخی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، هەروەها دەبێتە هەڕەشە بۆسەر مافە دەستورییەکانی کورد لە بەغدا.

وتیشی، لەڕابردودا هێزە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان ئەزمونی شەڕ و براکوژیان تاقی کردوەتەوە و هیچ دەرئەنجامێکی نەبووە و لەکۆتاییدا کۆبونەتەوە و گەیشتونەتە ڕێکەوتن، بۆیە باشتر وایە ئەمڕۆ دابنیشن و کۆببنەوە ڕێک بکەون نەک بەمشێوەیە بەردەوامبن. لەبارەی هەڵبژاردنیشەوە وتی، هەڵبژاردن زۆر گرنگە و دەبوو لەکاتی خۆیدا بکرێت، لەوەش گرنگتر ئەوەیە لەوکاتەی بۆی دیاریکراوە ئەنجامبدرێت، وە ئەگەر ئەنجام نەدرێت کارەساتە. لە رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی دا لە بارزان کە سەرۆک و سەرکردەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان تێیدا ئامادەبوون، بارزانی گوتی ئەم بەشداریکردنە بەرفراوانە، بە مانای ئەوەیە؛ بارزان لە سەرووی حیزبایەتیی تەسک و ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراوەوەیە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP