دواین هەواڵ

کلتور‌

 16/05/2023

شیکاری ئەڵقەی کۆتایی پێستی شێر

نوسینی: دێرین

بەشی یەکەم

 کۆی دراماکە:

کۆی دراماکە دەکرێت وەک خاڵی وەرچەرخان دابنرێت وەک سەرەتایەکی باش بۆ دروستکردنی ڕەوتی درامای ئێرانی/فارسی. بەوەی دراماکە زیاتر هەوڵیدابوو کۆمەڵە بابەتێکی کۆمەڵایەتی/تاوانکاری/پۆلیسی لە نێو زنجیرەیەکدا کۆبکاتەوە و لە سێ بەشدا و لە ٢٤ئەڵقەدا کۆتایی پێبێنێت، کە ئەمەش زیاتر لە نێو هونەری درامادا بە شێوازی نێتفلێکسی ناسراوە. ئەم شێوازەش بریتییە لە درامایەک بە ژمارەیەکی کەم ئەڵقە گرنکی زۆر بە تەکنیک و خێرایی ڕیتم و چڕی ڕوداو تاوانکاری دەدرێت.

بابەت:

دراماکە لە ڕوی بابەتەوە چەند گرنگی و جیاوازی هەیە لەگەڵ زنجیرە دراماکانی تری ئێراندا لەوانە(خۆشەویستی کچ/باوک و سەرخستنە سەرشان و لێک نزیک بوونەوەیان) و (دەستدرێژی باوک بۆ کوڕی خۆی) کە ئەمەیان یەکەمین جارە لە هونەری ئێراندا دەستی بۆ ببرێت و لە ڕوی بونیاد نان و پاڵپشتی بۆ کارەکتەری مونصور تەواو بەهێز بوو کە بەوجۆرە بێت لە ڕوی تاوانبارییەوە.
پیشاندانی پۆلیس بە دیوی (پیشاندانی توندوتیژی و هاوار و شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی خێزان و چونە سەرماڵان و پیشاندانی موحیب وەک ئەفسەرێکی پۆلیس کە جگەرە دەکێشێت هەرچەند لە پشتەوە بوو شتانێکی نوێ بوون لە فیلم و درامای ئێرانیدا.

(خواردنەوەی مەشروب و مەستی، گۆرانی ئیبی...) ئەمانە بۆ بینەرانی ئێرانی شتانێکی نوێن و پێشوازی لێدەکرێن.

دووەم:
کێشەی دراماکە:

سەرەتای دەستپێکردنی دراماکە بەو جۆرە پیشاندانی ڕووداوەکان و گەورەکردن و بە زنجیرەکردنی ڕووداوەکان یەک بەدوای یەکدا (بێهۆش کردنی نەعیم/پاشان پیشاندانی تەرمێکی سوتاوی کە ساحیلە/ پیشاندانی ئەوەی کە نەعیم دەستدرێژی کردووەتە سەر کچەکەی/... بەم جۆرە) کۆمەڵە ڕووداوێکی زۆری یەک لەدوای یەک و لە هەموی گرنگتر هێشتنەوەی کەسی تاوانبار و پیشان نەدانی کارەکتەری تاوانکار بوونە هۆی ئەوەی کە بینەران لە ڕوی سایکۆلۆژی و هاو سۆزی و فزوڵییەوە شوێن روداوەکانی دراماکە بکەون.
دوو کێشەی بنەڕەتی:

کێشەی یەکەم:

زۆر بەڕوونی ئەو یاساو تێڕوانینانەی کە جمهوری ئیسلامی ئێران لە بەرهەم هێنانی فیلمدا هەیەتی توانی بوو ببێتە کێشەیەکی سەرەکی بۆ بابەت و بەرەوپێشچوونی دراماکە. بە تایبەت لە مەسەلەی پیشاندانی کاری پۆلیس و یاسای وڵاتی ئێران .

ئێمە لە سەرەتای دراماکەدا لە ڕێگەی ڕوداوی کوشتنی ساحیلەوە بە بکوژێکی زنجیرەیی ئاشنا دەبین کە بە«درەختی» ناسراوە لە دراماکەدا، ئەم تاوانبارە درەختییە گیراوە و پاشان لە دادگا بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەرچووە و کۆتایی پێهاتووە کەچی لە ڕوداوی ساحیلدا دەردەکەوێت کە ئەو کەسەی لە سێدارە دراوە هێشتا لە دەرەوەیەو خەریکی تاوانی ترە، لەبەر ئەوەی یاسای ڕێپێدانی دروستکردنی فیلم ڕێگە نادات هەرگیز واپیشانبدرێت کە بە هەڵە و کەسێک لە جێی کەسێکی تر ببرێتە ژێر پەتی سێدارە لە دراماکەدا ئێمە تا کۆتایی بەدوای پرسیاری ئەوەین بکوژی درەختی کێیە و بۆچی نیشانەکەی پیشاندەدرێت، لە کاتێکدا ئەمە ڕوونە کە مەنسورە و ژمارەی سەر دارەکە دەسەلمێنێت. لێرەدا نوسەر/ دەرهێنەر بە ڕونی ئەمە دەڵێت، بەڵام لەبەر ئەوەی دەسەڵات ڕێگە نادات پرسیار بکەوێتە سەر توانای پۆلیس و هێزی قەزایی واتە دادگای وڵاتەکەی کە بە هەڵە کەسێکی بێتانیان لە سێدارە داوە و تاوانبار لە دەرەوە دەسورێتەوە. ئەمە کێشەیەکە کە هەرگیز بۆ نوسەر چارەسەر نەکراوە.

هەر پەیوەندیدار بە سانسۆرەوە هەموو پلۆتی دراماکە لەسەر تاوانی دەستدرێژییە کەچی هەموو ئەوەی کە هەبوو چەند سیمبولێک بوو پیشاندەدرا کە دەبێت بینەر بۆخۆی بۆی بچێت و لێکدانەوەی بۆکات.

کێشەی دووەم:

چەند ئەڵقەیەک لە دراماکە لە ساتی پەخشی دراماکە وێنە دەگیرا، کاردانەوەی بینەر و هاو سۆزی بینەر بۆ کارەکتەرەکان و بۆ روداوەکان پێموایە بوونە هۆکارێک بۆ دوبارە نوسینەوەی بەشێکی سینارێۆ و ڕووداوەکان و برایانی مەحمودی لە پێناو دروستکردنی حاشییەی زیاتر بۆ کارەکەیان و دروستکردنی زۆرترین قسە لەسەری ڕەوتی هەندێ ڕودا و کارەکتەریان گۆڕیوە کە لە زۆر شوێندا دەرکی پێدەکرێت.

بۆنمونە لەسەرەتاوە ئێمە لەبەردەم سێ هێڵی سەرەکی ململانێداین(بکوژی ڕڤێنەر/نەعیم و ڕەزا پەروانە / پۆلیس) لە شێوەی سێگۆشەیەکدا ئەمانە بە شوێن یەکترییەوەن بەپێی کات بۆ گەیشتن بە تاوانباری سەرەکی هەریەک لەم هێڵانەش خاوەن دەسەڵات و نفوز و هێزێکی زۆرن کە بێجگە هێڵی پۆلیس ئێمە تێناگەین دوو هێڵەکەی تر لە کوێوە ئەم هێز و پارە زۆرە لە کوێوە بە دەست دەهێنن کە لە زۆربەی کاتدا بە جۆرێکن لە پێش پۆلیسن.

هێڵی نەعیم و ڕەزا پەروانە لە سەرەتاوە پێمان دەوترێت ئەمانە کۆمەڵە «لاتێکن» یانی شەلاتن کە لەسەر زاری لەیلای ژنی پێشوی نەعیمەوە پێمان دەڵێت کە نەعیم و هاوڕێکانی( کەسانێکن دەستیان لە هیچ تاوانێک نەپاراستووە لە دزی و لێدان و خەڵک فڕاندن و ئینسان کوژی و هەزار تاوانی تر)..

وە لە کوشتنی نەریماندا ئەم تاوانکارییە دەگاتە لوتکەی پیشاندانی لایەنی تاوانی نەعیم.. وە بونی ئەو هەمووە خەڵکە تاوانبارە لە نێو زیندان وەک لە ئەڵقەی کۆتایی دەیبینین تێدەگەین نەعیم و ڕەزا پەروانە خاوەن چی گروپێکی تاوانکارین.

بەڵام تا کۆتا ساتی دراماکە لەو هێزە تاوانبارییەوە دراماکە خەریکی بە پاڵەوان کردنی نەعیم و خۆشەویست کردنی ڕەزا پەروانەیە. هەربۆیە ڕەزا پەروانە کە دەبێت بمرێت بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە کەچی مزعجیزە ئاسا زیندوو دەبێتەوە و بەدوای کارەکانی نەعیمەوە دەبێت.

بونی هەواڵدەرێک لە پۆلیس و یان واپیشاندانی بوونی پۆلیسێکی هاوبەشی تاوان لە ڕێگەی هەندێ ڕوداو جوڵەی کامێرا و دواتر داخستن و نەچوون بەلای ئەم باسەدا هەم پەیوەندی بە سانسۆرەوە هەیە و هەم لادانە لەو هێڵە سەرەکییە کە لە سەرەتادا هەبووە.

تەنانەت زیندو هێشتنەوەی ساحیل و پاشان ئازاد کردنی و دواتر کوشتنی..

دیالۆگ
لە پڕ و لە بەشی سێیەم بە تایبەتی لە پڕ دراماکە پڕ دەبێت لە دیالۆگی زۆر شیعری و شیعارگەرانە و ئامۆژگاری و ئەو جۆرە دیالۆگەی کە بە قەولی گشتی جوان و خۆشن و بە خێرایی بە سۆسیال میدیادا بڵاو دەبنەوە، نەعیم کە باو کێکی برینداری تاوانبارە.دەبێتە یەعقوب و ئامۆژگاریکەری ڕەزا و سەدراو بە دیالۆگی عاتفی خەریکی کاریگەری دروستکردنە لەسەر بینەر.
یان ڕەزا پەروانە لە کە بە درێژای دراماکە شەرمدەکات لەوەی بە ژنەکەی بڵێت خۆشمدەوێیت کە چی لە ئەڵقەی کۆتایی وەک شاعیر و پەیامبەر دەربارەی گەورەیی دایک بۆ سەدرا دەدوێت.
یاخود. کۆتایمەنی نەعیم و پەروانە بەتەواوی کار لەسەر کۆمەڵە وشەیەک کراوە کە بەتەنیا ئامانج لێی ڕەزامەندی هەستی بینەرە نەوەک دیالۆگێکی واقیعی لەخزمەت بەرەوپێشچوونی ڕووداوەکان و گوزارشتی کارەکتەرەکان بێت.

سێیەم:

کامێرا: بەبەردەوامی بونی کامێرا لە پشت شتێکەوە، پەنجەرە/ درەخت/دیوار... بۆ هەندێ کات و پیشاندانی هەندێ ساتەوەخت کاریگەر و پڕمانا بێت، بەڵام لەم درامایەدا هێندە دوبارە دەبێتەوە کە ئیتر نە بۆ بینەر لە ڕوی سایکۆلۆژییەوە کاریگەرە نە لە ڕوی ماناشەوە بەدوایدا دەگەڕێت.. بزانێت کامێرا دەیەوێت چی پێبڵێت.

دەرهێنان:

دەرهێنان لە ئاستێکی زۆر باش بوو بەتەواوی ئامانجی دراماکەی پێکابوو بۆ بەدەست هێنانی ڕەزامەندی بینەر. دەرهێنان بۆ من لە دوو ڕووەوە سەرکەوتوو بوو .

ڕوی یەکەم:

هەڵبژاردنی کۆمەڵە ئەکتەرێک کە بەتەواوی و بە شێوەیەکی سەرکەوتوو لە کۆمبارسەوە بۆ ڕۆڵە سەرەکییەکان بە باشی ڕۆڵەکانیان بەرجەستە بکەن.
ئەڵبەت پێشینە و ناوی هەریەک لە ئەکتەرانی وەک(شەهاب حوسەینی و هادی حیجازی فەڕ و علی ڕەزا کەمالی و پانیتە ئەبهرام ..)
ئامادەییان ڕۆڵی هەبوو لە سەرنجبردنی.

بینەران

لەلایەکی ترەوە ڕێنمونی کردنی ئەکتەر و بەرجەستەکردنی ئەکتەران بەتایبەت کۆمبارسەکان کە لە هەڵبژاردنیان و دەرکەتنیان بە مەودایەکی کەم توانیان ببنە خاڵی بە هێزی دراماکە.

ڕوی دووەم:

هەڵبژاردنی ڕەنگی سەرەکی فیلمەکە و پەنابردن بۆ سپێشەڵ ئیفێکت و بوونی سلۆمۆشن لە ساتی پێویستدا و پشت بەستن بە تەکنیکەکانی وەک لۆنگ شۆت و کڵۆزئەپ بە پێی دۆخەکان یارمەتی دەربوون بۆ سەرنجڕاکێشانی بینەران.
ماوێتی...



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP