دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 17/05/2023

سەرۆکی سەندیکای پارێزەران: ماوەی چەند ساڵێکە بەهۆی چەند هۆکارێکی تەکنیکی و سیاسییەوە کۆنگرە دوادەخرێت

محەمەد جەمال – هەولێر

سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان سەبارەت بە ئەنجام نەدانی کۆنگرەی سەندیکا ڕوونکردنەوە دەدات و لە بارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیشەوە دەڵێت، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بە ئاسایی دەزانم لە کاتێکی نا ئاسایی دا.

بەختیار حەیدەر، سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان سەبارەت بە ئەنجام نەدانی کۆنگرەی سەندیکای پەرێزەران بە هەرێم نیوزی راگەیاند، بە پێی یاسای پارێزەرانی کوردستان دەبوو سێ ساڵ جارێک کۆنگرە ببەسترێ و نوێنەرانی کۆنگرە هەڵبژێردرێن، بەڵام ماوەی چەند ساڵێکە بەهۆی چەند هۆکارێکی تەکنیکی و سیاسییەوە کۆنگرە دوادەخرێت و تاکو ئێستا هەڵبژاردن نەکراوە.

 وتیشی، ئێمە لە ساڵی ٢٠١٥ دەستبەکاربووین و لە ساڵی ٢٠١٨ هەڵبژاردنمان ئەنجامدا و نوێنەرانی کۆنگرەمان هەڵبژارد و کاتی بەستنی کۆنگرەشمان دەستنیشان کرد کە دەبوو لە ساڵی ٢٠١٩ کۆنگرە بەسترابا، بەڵام چەند هۆکارێک هاتنەپێش و نەتوانرا کۆنگرەکە لە کاتی خۆی ببەستین، ئەویش یەک لە هۆکارەکان کۆرۆنا بوو، هەروەها بارودۆخی سیاسی هەرێمی کوردستانیش هۆکارێکی تر بوو کە کاریگەری تەواوی لەسەر ئێمەش هەبوو.

دەشڵێت: سەندیکای پارێزەرانی کوردستان ١٣ هەزار ئەندامی هەیە و بۆ کۆنگرە هەر ١٠٠ کەس نوێنەرێکیان دەبێت، بۆیە ئومێدەوارین بتوانین لەم نزیکانە کۆنگرە ببەستین.

سەبارەت بە دواخستنی هەڵبژاردن و درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لە هەرێمی کوردستان، سەرۆکی سەندیکای پارێزەران دەڵێت، لەلایەک بە گلەییم لەو بڕیارەی پەرلەمان، لەلایەکی تر بە ئاسایی دەزانم لە کاتێکی نا ئاسایی دا.

ڕوونیشی دەکاتەوە، لەزۆرێک لە وڵاتانی دونیا تەمەنی پەرلەمان درێژکراوەتەوە و شتێکی ئاسایی بووە، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان حاڵەتێکی ئاساییە و هۆکارەکانیش کەمتر یاسایین، بەڵام پێویستیشە هەڵبژاردن بکرێت.

دەشڵێت:" گەشبینم کە ئەم ساڵ هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دەکرێت، بە تایبەت دوای ئەوەی جەنابی سەرۆک بارزانی دەستپێشخەری کرد و هەموو لایەنەکانیش بەرەو پیلی چوون."














Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP