هەرێم نیوز
ئەمڕۆ ٣٢ھەمین خولی لوتکەی کۆمکاری عەرەبی لە شاری جدەی سعودیە بەڕێوەدەچێت و تیشک دەخرێتەسەر گەڕاندنەوەی سوریا و رەوشی سودان و دۆسیەی فەڵەستین.
لەو لوتکەیەدا، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی بەشدارن و بەیانی ئەمڕۆش محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتە جدە، بۆ بەشداریکردن لە لوتکەکە.
ھاوکات بۆ یەکەمین جار لە دوای ١٢ ساڵ، بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا لەو لوتکەیەدا بەشدار دەبێت، ئەوەش دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١١_ەوە ئەندامێتی سوریا لە کۆمکاری عەرەبی ھەڵپەسێردرا.
لوتکەی کۆمکاری عەرەبی دوای ئەوە دێت، سعودیە و میسر و ئوردن نێوەندگیرییان کرد، بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا و گەڕاندنەوەی بۆ کۆمکاری عەرەبی کە ئەمەش لە کاتێکدایە، وڵاتانی ناوچەکە ھەوڵی سفرکردنەوەی کێشەکان و چارەسەرکردنی قەیرانە ناوخۆییەکان دەدەن، لە دۆسیەی فەڵەستینەوە تا پرسی سوریا، قەیرانی سودان، یەمەن و لیبیا و لوبنان.
ھاوکات ئاژانسی بلومبێرگ بڵاویکردووەتەوە، ڤۆلۆدمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین دەچێتە سعودیە و بەشداری لوتکەکە دەکات.