دواین هەواڵ

جیهان‌

 19/05/2023

لەسەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 980 کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاستدا گیانیان لەدەستداوە

هەرێم نیوز

نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماری گیانلەدەستدانی  کۆچبەرانی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند لەسەرەتای ئەمساڵەوە لانیکەم 980 کۆچبەر لە دەریای نێوەڕاستدا گیانیان لەدەستداوە یانیش بێسەروشوێن بوون. 

کۆمیسیۆنی باڵای کاروباری کۆچبەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) پێنجشەممە، 18ی ئایاری 2023 ڕایگەیاند لە پێنج مانگ و نیوی یەکەمی ئەمساڵدا، زیاتر لە 980 کۆچبەر لە دەریای نێوەڕاستدا گیانیان لەدەستداوە یانیش بێسەروشوێن بوون.

بەگوێرەی ئەو ئامارە نوێیەی نەتەوە یەکگرتووەکان، زۆرترین قوربانییەکان لەمانگی نیسانی ئەمساڵدا تۆمارکراون، بەجۆرێک تەنیا لەو مانگەدا 528 کۆچبەر لە دەریاکانی بەرەو وڵاتانی ئەوروپا(دەریای ئیجە، نێوەڕاست و رۆژئاوای دەریای نێوەڕاست) خنکاون یانیش بێسەروشوێن بوون. 

هەروەها  زۆرترین کۆچبەر لە پێنج مانگی ئەمساڵەوە روویان لە ئیتاڵیا کردووە کە ژمارەیان زیاترە لە 45 هەزار کۆچبەر .

ئەم شەپۆلی نوێیەی کۆچبەران بۆ وڵاتانی ئەوروپا لەکاتێکدایە کە ساڵی رابردوو، زیاتر لە 105 هەزار کۆچبەر روویان لە ئیتاڵیا کردووە و زیاتر لە هەزار و 400 کۆچبەریش  لەو رێگەیە بۆ گەیشتن بە خاکی ئیتاڵیا گیانیان لەدەستداوە یانیش بێسەروشوێنن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP