دواین هەواڵ

عێراق‌

 22/05/2023

سودانی: حكومەت هەموو كارێكی پێویست بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەكات

هەرێم نیوز

سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای لەهەموو وەزارەتەكانی حكومەتەكەی كرد، هەموو توانا و وزەیان بخەنەگەڕ بۆ ڕێگریكردن لە هەر دەستكاریكردنێك، كە كاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان هەبێت، دەشڵێت، هەڵبژاردن ئامرازێكە بۆ پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری مەدەنی.

نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە ، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانێكی بۆ بارەگای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئەنجامداوە، لەگەڵ سەرۆك و ئەندامانی دەستەی كۆمسیاران و بەڕێوەبەرە گشتییەكانی كۆبوویەوە.

ئاماژە بەوەشكراوە، حكومەت كار بۆ دابینكردنی هەموو شتێكی پێویست بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و مەرجەكانی تەواوكردنی كارەكانی كۆمسیۆن دەكات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ پاڵپشتیكردنی بۆ ئەم دامەزراوە دەستوورییە گرنگ و بنەڕەتییە لە سیستەمی دیموكراسیدا، هەروەها ڕێگری لە هەر دەستكاریكردنێك یان مامەڵەكردنێك لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسا دەكەن.

ئەوەشخراوەتەڕوو، بۆ چەسپاندنی متمانەی هاووڵاتیان بە پرۆسەی هەڵبژاردن و دەرئەنجامەكانی، سودانی داوای لە هەموو وەزارەتەكانی حكومەتەكەی كرد، هەموو توانا و وزە بەگەڕ بخەن بۆ ڕێگریكردن لە هەر دەستكاریكردنێك، كە كاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان هەبێت، دەشڵێت: هەڵبژاردن ئامڕازێكە بۆ پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری مەدەنی.

جەختی لەوەكردەوە، پاراستن و شەفافیەت لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا بەردی بناغەیە بۆ پیشەیی بوونی كۆمسیۆن و بێلایەنی ئەدای كارەكانی، هەروەها پێویستە كۆمیسۆن بەڕووی هەموو هێزە سیاسی و كۆمەڵایەتی و مەدەنییەكان كراوە بێت، هەوڵی ڕەواندنەوەی نیگەرانییەكان و وەرگرتنی تێبینی بدات، كە پشتگیری لە كارەكانی كۆمیسیۆن بكەن.

لەكارنامەی حكومەتەكەی سودانیدا هاتووە لە ماوەی یەك ساڵدا ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژارنی پارێزگاكان و پەرلەمان دەدات، هەروەها بەپێی ئەو بڕیارەی لە پەرلەمانی عێراق دەرچووە، دەبێت لەكۆتایی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی پارێزگاكان و پەرلەمان لەعێراقدا بەڕێوە بچێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP