دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 22/05/2023

ئیبراهیم مەلازادە: هەموو ئاماژەکان پێمان دەڵێن کە ئۆردۆگان دەبێتەوە سەرۆک کۆمار

محەمەد جەمال – هەولێر

مامۆستایەکی زانکۆ کە شارەزایی هەیە لە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باس لە دۆخی ئێستای تورکیا دەکات و پێیوایە کە هەموو ئاماژەکان پێمان دەڵێن ئۆردۆگان لە قۆناغی دووەم بەسەر ڕکابەرەکەیدا سەردەکەوێت و پێنج ساڵی تر دەبێتەوە سەرۆک کۆمار.

د. ئیبراهیم مەلازاد، مامۆستای زانکۆ و شارەزا لە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەبارەت بە تورکیا بۆ هەرێم نیوز ڕایدەگەیەنێت" هەموو ئاماژەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە جارێکی تر ئۆردۆگان دەسەڵات وەردەگرێتەوە و پێنج ساڵی تر دەبێتەوە سەرۆک کۆمار.

دەشڵێت:" دۆخێکی ناخۆش بۆ کوردانی باکوور بەڕێوەیە و باوەڕناکەم لە ئایندەیەکی زۆر زوو گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ بۆ کوردانی باکوور بێتە پێشەوە."

هاوکات ڕوونیشی دەکاتەوە، هۆکاری چوونی هەدەپە بۆ بەرەی کلیچدار ئۆغلۆ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئۆردۆغان لە ماوەی ٢٠ ساڵی حوکمڕانی دا لە وشکانی و تەڕایی و ئاسمان دا شەڕی کورد کردووە، بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە ئەوان بڕیاریان دا کە پێویستە ئۆردۆغان بڕوات و قۆناغێکی نوێ بێتە پێشەوە.

هاوکات ناشیشارێتەوە" کلیچدار ئۆغلۆ کە نوێنەرایەتی پارتی جەهەپە دەکات، ئەو حزبەش بە درێژایی مێژوو ڕێبەرێتی سڕینەوەی کوردی کردووە هەتاکو ئەمڕۆ.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان و هەر گۆڕانکارییەک لەو وڵاتە، مەلازادە وتی" لە ئەگەری گۆڕانکارییەکان لە حوکمڕانی تورکیا و هاتنە سەر دەسەڵاتی کلیچدار ئۆغلۆ، بڕواناکەم هیچ گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی سەبارەت بەپەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان ڕووبدات، چونکە تورکیا وەک دەوڵەت مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات و بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆی دەگەڕێت، ڕەنگە هەندێک پێداچوونەوە بە هەندێک جۆر سیاسەت بکات و پێموایە ئۆغلۆ هەوڵ دەدات گرنگی زیاتر بە کێشەکانی ناوخۆ دەدات و لە کۆمەڵێک شوێن وڵات سوپای تورکیا بکشێنێتەوە، لەوانەیە ئەو کشانەوەیە کاریگەری لەسەر باشووری کوردستانیش هەبێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP