هەرێم نیوز
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی کۆ بووەوە و نیگەرانی و ناڕەزاییی خۆی بەرامبەر ڕاگەیەندراوەکەی گوتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەربڕی و بە پێشێلکاریی دەستووری و هەوڵێک بۆ گەڕاندنەوەی عێراق بۆ سیستمی ناوەندی و مەرکەزی وەسف کرد، هاوکات جەختی لە پابەندبوون بە دەستوور و چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆوە کردەوە.
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران و ڕەتکردنەوەی زمانی سەربازی و هەڕەشە
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە و تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەش خستنەڕووی هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو سەبارەت بە ڕێکارەکانی دوێنێی حکوومەتی فیدراڵ.
ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان پابەندە بە جێبەجێکردنی هەموو ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی و لە هەمان کاتدا داوای جێبەجێکردنی هەموو مافە دەستوورییەکانی خۆشی دەکات و وەک هەمیشە ئامادەییی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور دەربڕیوە؛ بۆیە ئەوپەڕی نیگەرانی و ناڕەزاییی خۆی بەرامبەر ئەو ڕاگەیەندراوە دەردەبڕێت کە بە ناوی گوتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڵاو کرایەوە، چونکە پێشێلکارییەکی دەستووری و مافە دەستوورییەکانی قەوارەی هەرێمی کوردستانە و ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ باوەڕنەبوون بە سیستمی فیدراڵی و هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی عێراق بۆ ڕژێمێکی ناوەندی و مەرکەزی کە ئەمەش پێچەوانەی دەستووری عێراقە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "بۆیە بەکارهێنانی زمانی سەربازی و هەڕەشە ڕەت دەکەینەوە کە دیارە پلانێکی پێشوەختە و لەمێژینەی داڕێژراوە لە دژی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان."
ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و مافە دەستوورییەکانی هەرێم
ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بەردەوام پشتیوانیی هەر ڕێکارێک بووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و هەر کارێکی نایاسایی و بەردەوامیش هاوکار و هاوئاهەنگ بووە و دەبێت لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بۆ نەهێشتن و سنووردانان بۆ هەر کارێکی نایاسایی، هاوکات داوای کرد گەندەڵی و بەقاچاخبردنی نەوت لە سەرتاسەری عێراق بنبڕ بکرێت.
ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بەرهەمی قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەکان و خوێنی هەزاران شەهیدە و کەس خێری بە خەڵکی کوردستان نەکردووە، هەرێمی کوردستانیش ڕۆڵێکی کارا و کاریگەری لە هێنانەئارای سیستمی فیدراڵیی ئێستای عێراق هەبووە و خۆی بە خاوەنی دەزانێت و هەرگیز دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانی نابێت کە تەنیا مووچە و بودجە و شایستەی دارایی نییە، بەڵکوو پرس و مافێکی سیاسی و دۆزی ڕەوای خەڵکی کوردستانە.
جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠، ئەنجوومەنی فیدراڵی و دادگای باڵای فیدراڵی
ئەنجوومەنی وەزیران لە کاتێکدا جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستان و لەیەکتێگەیشتن و لە چوارچێوەی دەستوور، کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ چارەسەر بکرێن، داواشی کرد دەستووری هەمیشەییی عێراق بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، کە هۆکاری چارەسەرنەبوونی کێشەکان، جێبەجێنەکردنی دەستوورە، بە تایبەتی ماددەی ١٤٠ـی دەستوور کە چەندین ساڵە فەرامۆش کراوە و هیچ هەنگاوێک بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی نالەباری ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان نەنراوە.
هەروەها جەختی کردەوە کە پێویستە بە پێی ماددەکانی دەستوور، ئەنجوومەنی فیدراڵیی عێراق دروست بکرێت و دادگای باڵای فیدراڵیش لە سەر بنەمای دەستوور پێک بهێنرێتەوە بە شێوەیەک کە دەربڕی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بێت.
یەکڕیزی، ئازادیی ڕادەربڕین و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی
ئەنجوومەنی وەزیران سوپاسی خەڵکی کوردستان و هەموو لایەن و هێز و سیاسییەکان و پێکهاتەکانی کرد و داوای لێ کردن بەردەوام بن لە هەڵوێستی نیشتمانییان و یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی و بەرگریکردنیان لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان، هەروەها داوای لە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و حکوومەتی فیدراڵ کرد بەردەوام بن لە ڕۆڵی نیشتمانییانەی خۆیان لە داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان.
لە کۆتاییشدا، ئەنجوومەنی وەزیران لە کاتێکدا پشتیوانیی خۆی بۆ ئازادیی بیروڕا و ڕادەربڕین دووپات کردەوە، جەختیشی کردەوە هەر کەسێک دژی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و بنەما دەستوورییەکان و بەرژەوەندییە نیشتمانییە باڵاکانی کوردستان ڕەفتار بکات و خەڵک هان بدات بۆ ئاژاوەنانەوە و دژایەتیکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان، پێویستە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتە بەر.