دواین هەواڵ

کوردستان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

خەمیس خەنجەر پێشنیازی پێکهێنانی دەستەیەکی باڵا بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد دەکات

هەرێم نیوز
⠀
خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە، پێشنیازی پێکهێنانی دەستەیەکی باڵا لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی وڵات بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد دەکات و پشتیوانیی خۆی بۆ بانگەوازەکەی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆ ڕادەگەیەنێت.
⠀
ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی 11ـی 2026، خەمیس خەنجەر لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی لە پێشخستنی گفتوگۆ و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا کردەوە، بە جۆرێک ڕێز لە خوێنی عێراقییەکان بگرێت و بەرژەوەندیی هەموو هاووڵاتییان بپارێزێت.
⠀
خەنجەر ئاماژەی بەوە داوە کە عێراق ئەمڕۆ لەبەردەم قۆناغێکی گرنگی چەسپاندنی سەقامگیری و بەهێزکردنی دامەزراوەکاندایە و حکومەتەکەی عەلی فالح زەیدی ڕووبەڕووی ئەرکە نیشتمانییە گەورەکان دەبێتەوە، لە سەرووشیانەوە سەپاندنی یاسا، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و کۆکردنەوەی چەک تەنیا لە دەستی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.
⠀
سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە باسی لەوەش کردووە، پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان دەکەن لە بانگەوازەکەی بۆ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن، بە جۆرێک بگاتە ڕێککەوتنێک لە چوارچێوەی دەستووردا کە ڕاگرتنی ناردنەدەرەوەی نایاسایی نەوت و کۆنترۆڵکردنی کارە نایاساییەکان لە سنوورە نێودەوڵەتییەکان و ناوخۆی عێراقدا دەستەبەر بکات.
⠀
هاوکات پێشنیازی پێکهێنانی دەستەیەکی باڵا لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی وڵات دەکات تا ئەرکی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان و بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان بەگوێرەی دەستوور بگرێتە ئەستۆ.
⠀
لە کۆتاییشدا خەمیس خەنجەر داوای لە پەرلەمانی عێراق کردووە پەلە بکات لە پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز بە شێوەیەک کە مافی سەرجەم عێراقییەکان دەستەبەر بکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP