دواین هەواڵ

کوردستان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەنەکەسە سەرکۆنەی بڕیارە تاکلایەنەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات و داوای دەستوەردانی بەپەلەی ئەمریکا دەکات

هەرێم نیوز
⠀
ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی (ئەنەکەسە) سەرکۆنەی بڕیارە تاکلایەنەکان و هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە بۆ سەپاندنی کۆنترۆڵ بەسەر کێڵگە نەوتییەکان و دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستاندا دەکات و داوا لە ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بە پەلە کار بۆ کۆنترۆڵکردنی گرژییەکان بکەن.
⠀
ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی 11ـی 2026، ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڕیارەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراقی بە پێشهاتێکی مەترسیدار و نیشانەی ئاڵۆزکردنی دۆخی عێراق ناو برد و ڕایگەیاند، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە ڕۆژانی ٢٣ و ٢٤ـی تشرینی دووەمدا چەند بڕیارێکی تاکلایەنەی داوە و هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی کردووە بۆ سەپاندنی کۆنترۆڵ بەسەر کێڵگە نەوتییەکان و دەروازە سنوورییەکان لە هەرێمی کوردستاندا.
⠀
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەو هەنگاوانە تێپەڕاندنی چوارچێوە دەستوورییەکانی ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمن و زیانگەیاندنن بە بنەماکانی هاوبەشی و سازان کە عێراقی نوێی لەسەر دامەزراوە، هاوکات هەر هەڕەشە یان ڕێکارێکی سەربازییان ڕەتکردووەتەوە کە پێگەی دەستووری و دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان بخاتە مەترسییەوە و ئەو هەنگاوانەیان بە ئاڕاستەی چەسپاندنی ناوەندگەرایی زیاد لە پێویست و کەمکردنەوەی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێم ناو بردووە.
⠀
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی داواشی لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان کردووە ڕیزەکانیان یەک بخەن، بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی بخەنە پێش هەموو شتێکەوە و پێکەوە کار بکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتەکانی دوورخستنەوە و پاراستنی ماف و دەستکەوتە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان.
⠀
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئەنەکەسە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هێزە هەرێمییەکان و لە پێش هەموویانەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە بەرپرسیارێتیی خۆیان هەڵبگرن و بە پەلە کار بکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم گرژییانە و ڕێگریکردن لە تێوەگلانی عێراق لە ململانێ و قەیرانی نوێ و گرتنەبەری زمانی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەگوێرەی دەستوور.
⠀
لە کۆتاییشدا ئەنجوومەنەکە ئاماژەی بە ڕۆڵی دیاری هەرێمی کوردستان لە سەردەمی ڕژێمی دیکتاتۆریدا لە لەخۆگرتنی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی و ڕۆڵی لە بنیاتنانی عێراقی نوێدا کردووەتەوە و هاوپشتیی تەواوی خۆی لەگەڵ سەرکردایەتی و گەلی هەرێمی کوردستان دووپات کردووەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP