دواین هەواڵ

کوردستان‌

 23/05/2023

لایەنە شیعەکان كێشە بۆ رێكەوتنى نێوان هەرێم و بەغدا دروستدەکەن

هەرێم نیوز

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مەترسیەكانی بەردەم هەڵوەشاندنەوەی رێكەوتنەكەی هەولێر و بەغدا سەبارەت بە پشكی هەرێم و رادەستكردنی نەوت بەكۆمپانیای سۆمۆی عێراقی دەخاتەڕ و رایدەگەیەنێت، "شیعەكان نایانەوێت ئەو رێكەوتنەی لەنێوان هەردولا واژۆكراوە، وەك خۆی جێبەجێبكرێت".

جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، تا ئێستا پشكی هەرێمی كوردستان لەناو پرۆژەیاسای بودجە و لەلیژنەی دارایی دەنگی لەسەر نەدراوە و یەكلانەكراوەتەوە.

وتیشی، "ناكۆكی هەیە و ئەندامانی دیكەی لیژنەی دارایی بەتایبەت شیعەكان ئامادە نین دەنگ لەسەر بڕگەكانی ئەو رێكەوتنە بدەن كە لەنێوان هەردو حكومەتی هەرێم و عێراق واژۆكراوە، ئێمەش ئامادە نیین ئەو رێكەوتنەی هەرێم لەگەڵ بەغدا كردویەتی بیگۆڕین".

ئەوەشى خستەڕو، "ئەوان دەڵێن نابێت هەرێم كەمتر لە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بكات، هەروەها دەبێت تەنها لەڕێگەی سۆمۆوە ئەو نەوتە بفرۆشرێت، هەروەها داهاتەكەشی لەلایەن وەزیری دارایی عێراقەوە وەربگیرێت و نابێت سەرۆك وەزیرانی هەرێم مافی وەرگرتنی پارەكەی هەبێت، جگە لەوانەش دەڵێن، ئەگەر هەرێم بەهەر هۆكارێك نەیتوانی 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە نەكرد، بەپێی بڕە نەوتی هەناردەكراو پارەی بۆ بنێردرێت، بەجۆرێكی دیكە ئەگەر لەڕێگەی توركیاوە هەناردەكردنی نەوتیش راگیرا نابێت پارە بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت".

ئاماژەى بەوەشکرد، "رێگەچارەسەر تەنها ئەوەیە رێكەوتنەكەی هەولێر و بەغدا هەڵبوەشێتەوە یان وەكو خۆی پەسەند بكرێت، چونكە ئێمە ئامادە نین ئەو رێكەوتنە بگۆڕین".

سەبارەت بەهەڵوێستی حكومەت لەبارەی پەسەندكردنی رێكەوتنەكەی هەرێم و بەغدا جەمال كۆچەر ئاشكرایكرد، "تا ئێستا حكومەتی عێراق دەستوەردانی نەكردوە بۆئەوەی رێكەوتنەكە لە لیژنەی دارایی وەك خۆی پەسەند بكرێت، چونكە دەڵێن ئەوە كاری پەرلەمانە و حكومەت ناتوانێت دەستوەردان بكات".

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەشڵێت، "گیروگرفتێكی بێ مانایان دروستكردوە، ئەگەرنا هیچ كێشەیەك نیە و دەبو دوێنێ دوشەممە بەتەواوی رەشنوسەكە لەلیژنەی دارایی پەسەندبكرایە و بنێردرایە بۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان تاوەكو رۆژێك بۆ دەنگدان و پەسەندكردنی دیاریبكات".

بەگوێرەی رێكەوتنەكەی هەولێر و بەغدا، كە رۆژی 4ی (نیسان/4)ی 2023 لەنێوان هەردولا واژۆكرا، نەوتی هەرێمی كوردستان لەلایەن كۆمپانیای سۆمۆی عێراقەوە دەفرۆشرێت و كڕیارەكانیش نەوتیش، راستەوخۆ هەماهەنگی و پەیوەندی لەگەڵ كۆمپانیای سۆمۆ دروست دەكەن، لەبەرامبەریشدا پۆستی جێگری بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای سۆمۆ دەدرێتە حكومەتی هەرێم.

هاوكات لەبەرامبەر رادەستكردنی دۆسیەی نەوت و فرۆشتنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی نەوتی هەرێم،  حكومەتی عێراق پشكی 12.67%ی بودجە كە بەگوێرەی زانیاریەكان نزیكەی 16 ترلیۆن و 609 ملیار و 639 ملیۆن دینار دەكات بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە دەكرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP