دواین هەواڵ

عێراق‌

 27/05/2023

جێگری سەرۆکی پەرلەمان داوای هەڵپەساردنی کارەکانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقی دەکات

هەرێم نیوز

شاخەوان عەبدوڵڵا بە نووسراوێک داوای لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کردووە هەمواری ئەندامانی لیژنەکە بکەنەوە، بەجۆرێک ژمارەیان کەمبکرێتەوە 23 ئەندام لەبری 24 ئەندام و سڕینەوەی ناوی ئەندامێکی لیژنەکە کە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان زیادە.

ئەمڕۆ شەممە (27ـی ئایاری 2023)، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە ژمارە (419) نووسراوێکی ئاراستەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کردووە و تێیدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەگوێرەی ماددەی 73 لە پەیڕەوی ناوخۆیی پەرلەمانی عێراق کە ژمارەی ئەندامانی لیژنەکانی دیاریکردووە کە نابێت لە 21 ئەندام زیاتر بێت و دەسەڵاتی بە سەرۆکایەتی پەرلەمانداوە کە هەمواری ژمارەی ئەندامانی لیژنەکان بکات بەمەرجێک لە دوو ئەندام زیاتر نەبێت، کەچی لە کۆبوونەوەکاندا دەرکەتووە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە 24 ئەندام پێکهاتووە.

شاخەوان عەبدوڵڵا روونیکردووەتەوە، کە ئەمە پێشێلکردنی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراقە کە ئەمەش کاریگەری لەسەر پرۆسەی دەنگدان لە لیژنەکە دەکات.

هەر لە نووسراوەکەدا، شاخەوان عەبدوڵڵا کارەکانی لیژنەی دارایی هەڵپەساردووە و تا پێداچوونەوە بە پەیکەری پێکهێنانی لیژنەکە دەکەن و ژمارەی ئەندامانی لیژنەکە رێکدەخەنەوە بۆ 23 ئەندام لەبری 24 ئەندام و سڕینەوەی ناوی ئەندامێکی لیژنەکە کە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان زیادە.

هەروەها جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ماوەی 24 کاتژمێری داناوە بۆ لیژنەکە کە کار کەسەر ناوەڕۆکی ئەو نووسراوە بکات و دەرئەنجامەکەشی بۆیان بگەڕێننەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP