هەرێم نیوز
پەرلەمانی عێراق دەچێتە پشووەوە و وەرزەی یاسادانانی لەم هەفتەیەوە کۆتایی دێت.
درەنگانێکی شەوی رابردوو سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پاڵپشت بە مادەی 57ی دەستووری عێراق و مادەی 22ی لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق، بڕیاریدا وەرزی یەکەمی ساڵی چوارەمی یاسادانانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق رۆژی هەینی 9ی ئایاری 2025 کۆتایی بێت.
بەپێی راگەیەنراوەكە پەرلەمان بۆ دوو مانگ دەچێتە پشووەوە، بەڵام کاری چاودێریی پەرلەمان بەردەوام دەبێت.
بەپێی پەیرەوی ناوخۆ، ساڵانە پەرلەمانی عێراق و هەرێم دوو وەرزی دوومانگی پشوودانیان هەیە.
پێشتریش، شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتیی کوردستان، رۆژی چوارشەممە، 7ی ئایاری 2025 رایگەیاند، رۆژی 9ی ئەم مانگە ئەم وەرزەی یاسادانانی پەرلەمان کۆتایی دێت و پەرلەمان بۆ دوو مانگ دەچێتە پشووەوە، بەڵام کاری چاودێریی پەرلەمان بەردەوام دەبێت.
ئەم هەفتەیە دوو کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دیاری کران؛ رۆژانی دووشەممە و سێشەممە، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی هیچ کامیان نەکران.