دواین هەواڵ

کوردستان‌

 28/05/2023

ئاوات شێخ جەناب: لیژنەی دارایی مافی دەستکاریکردنی ماددەکانی یاسایی بودجەی نییە

هەرێم نیوز

وه‌زیری دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، گۆڕانکاریکان لە بودجەدا بۆ دروستکردنی کێشەیە و بچوککردنەوەی هەرێمە بۆ ئاستی پارێزگا و بچوکتریش، دەشڵێت: لیژنەی دارایی مافی دەستکاریکردنی ماددەکانی یاسایی بودجەی نییە.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، ئاوات جه‌ناب نوری، وه‌زیری دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "به‌ گوێره‌ی رێككه‌وتنه‌كان تا په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ كێشه‌ی دارایی له‌ نیوان هه‌ولێر و به‌غدا نابێت."

دەشڵێت: لیژنەی دارایی مافی دەستکاریکردنی ماددەکانی یاسایی بودجەی نییە.

ئاماژەی بەوەشکرد، گۆڕانکاریکان لە بودجەدا بۆ دروستکردنی کێشەیە و بچوککردنەوەی هەرێمە بۆ ئاستی پارێزگا و بچوکتریش".

ئەوەشى خستەڕو، "ئەو رێککەوتنەی حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا کردویەتی لە ئەنجامی جەولەیەکی دورودرێژی دانوستان بوە کە لە 2019 دەستیپێکرد سەرئەنجام یاسای بودجەی 2020 رێککەوتنمان لەسەرکرد بەڵام نەگەیشتە پەرلەمان، دواتر بۆ یاسای بودجەی 2021 رێککەوتنمان کرد و لە پەرلەمان پەسەندکرا، ئەم دو رێککەوتنە پێشکەوتنی بەخۆوەبینی بۆ ئەم رێککەوتنەی دوایی، کە لەسەر بودجەی 2023، 2024 و 2025 رێککەوتین، ئەو رێککەتنە سیاسیەی کرا ئیدارەی دەوڵەتی لێدروستبو کە دواتر حکومەتی پێدروستکرا و لە پەرلەمان دەنگی لەسەردرا".

ئاماژەی بەوەشکرد، پێیانوایە هەر دەستکاریەک لە پڕۆژەی بودجەدا بکرێت لە دەرەوەی رێککەوتنی هەرێمی کوردستان و بەغدا بەنادەستوری و یاسایی ناودەبەن، هەروەها بڕیارێکی دادگای فیدڕاڵی هەیە کە هەمو دەستکاریەکی دەقەکانی حکومەت تایبەت بە بودجە لە پەرلەمان رەتدەکرێتەوە، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق مافی زیادکردن یاخود لابردنی دەقیان نیە.

لە بارەى پاشەکەوتى موچەشەوە ڕایگەیاند، هەركەسێ هەوڵی گەڕاندنەوەی پاشەكەوت بكات، خۆم دەستی ماچ دەكەم، بەڵام بەبێ تەرخانكردنی پارە چۆن پاشەكەوت دەدەیتەوە؟

وتیشى:  ئەو پاشەكەوتە و ئەو قەرزەی (تی بی ئاو) مانگانە دەگاتە دەوری ١٨٠ ملیار دینار و ناسكە پیاوەتی پێ دەكرێ، ئەی چۆن پارەكە دەدەن؟

ڕاشیگەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوی بۆ پاشكەوت ناوە، یەكەمیان لە ئەمانات دەریهێنا و كردی بە قەرز، چونكە پلانی هەبوو.

باسى لەوەشکرد، لە ٢٠١٣ بەدواوە ئەوەی بودجەی بۆ فەرمانبەرانی ئێمە نەدەنارد لە كاتێكدا بۆ فەرمانبەرەكانی مووسڵی دەنارد لەژێر دەستی داعش، دەبێ ئەو پارەیە بگەڕێتەوە و هیوا دەخوازم بتوانین ئێمە بە جارێك هەمووی بدەینەوە، نەك ١٠٪ و ٢٠٪.

شەوی 25ی ئەم مانگە، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق مادەکانی 13 و 14ی لە پرۆژەیاسای رەشنوسی بودجەی عێراقی پەسندکرد دوای گۆڕانکاری لەو بڕگانەی پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، گۆڕانکاریەکە مشتومڕی زۆریان بەدوای خۆیدا هێنا.

گۆڕانکاریەکان تایبەت بە پشکی هەرێم لە لایەن ئەندامە شیعەکانى لیژنەکە پێشکش کرابون، لە کاتێکدا ئەندامانی پارتی دەنگییان پێنەداوە و یەکگرتوی ئیسلامیش تەنها دەنگی بەبڕگەیەکیان داوە کە تایبەت بوە بە دانەوەی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران، بەڵام یەکێتی دەنگی بە پرۆژە یاساکە داوە.

لەبەشێکی پڕۆژەیاساکەدا هاتوە، پارێزگای ناڕازی دەتوانێت ناڕازی بونی خۆی دەرببڕێت، ئەوکات بەغدا بەشە بودجەی ئەو پارێزگایە بەجیا لەهەرێمی کوردستان بنێرێت، ئەم بڕگەیە نیگەرانی لەسەر داهاتوی یەکگرتویی هەرێمی کوردستان دروستکردوە بە تایبەت کە پێشتر بەرپرسانی یەکێتی و پارتی ناکۆکبون لەسەر چۆنیەتی مامەڵە لەگەڵ بەشە بودجە و داهاتی سلێمانی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP