دواین هەواڵ

کوردستان‌

 28/05/2023

مەسرور بارزانی: بەمزووانە پرۆسەیه‌كی گرنگ لە بواری پێدانی قەرز و پێدانی پڕۆژە رادەگەیەنین

هەرێم نیوز

سه‌رۆكی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، "هەوڵدەدەین و كار دەكەین بۆ ئەوەی كوردستان بكەین بە ناوەندێك بۆ وەدیهێنانی ئاواتەكان"، دەشڵێت، "بەمزووانە پرۆسەیه‌كی گرنگ لە بواری پێدانی قەرز و پێدانی پڕۆژە رادەگەیەنین".

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانه‌ی ئاهەنگی خولی پێنجەمی دەرچووانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان، پەیامێکی ئاراستەی دەرچووان و بنەماڵەکانیان کرد و رایگەیاند، "له‌ ئێستاوه‌، ده‌ستكه‌وته‌كان ده‌بنه‌ راستی، ئه‌وه‌ی هه‌وڵتان بۆ ده‌دا و هه‌روه‌ها خه‌ونه‌كانتان كه‌ به‌ درێژایی مانه‌وه‌تان لێره‌ كه‌ هه‌وڵتان بۆی داوه‌، دێته‌دی. ئه‌و زانسته‌ی‌ لێره‌ فێریبوون، ئاماده‌یكردن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ بواره‌كانی خۆتان ببن به‌ سه‌ركرده‌ و بۆ میلله‌ته‌كه‌مان ببنه‌ پێشه‌نگ، هه‌ریه‌ك له‌ ئێوه‌ هه‌نگاو بۆ مه‌یدانی كار ده‌نێن، جیاوازییه‌كان دروست ده‌كه‌ن".

راشیگەیاند، من شانازی به‌وه‌ ده‌كه‌م، له‌ ساڵی 2012 بیرۆكه‌ی پێكهێنانی ده‌زگایه‌كم خسته‌ڕوو، بۆ ئه‌وه‌ی لاوان له‌خۆبگرێت، تێیدا رێز له‌ كه‌سه‌ ژیر و ده‌ركه‌وتووه‌كان بگیرێت و پاداشت بكرێن، هه‌لیان بۆ بره‌خسێت، كه‌ پێشتر به‌هۆی گوزه‌رانی خراپ بۆیان نه‌ڕه‌خساوه‌.

ده‌قی وتارەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم:
بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانی
بەڕێز محەممەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێەرانی عێراق
بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
میوانە بەڕێزەکان، كاربەدەستان و مامۆستایانی زانکۆی ئەمریکی کوردستان
ئەو دایک و باوکە بەڕێزانەی كە شانازی بە رۆڵەكانیانەوە دەكەن، بەتایبەتی دەرچووانی خولی ئەمساڵ (2023)
بەخێربێن بۆ زانکۆی ئەمریکی کوردستان
ئەمشەو ئێمە لێرە ئامادەین بۆ ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی ئەو سەركەوتن و دەستكەوتە گرنگەی، قوتابیانی زانکۆی ئەمریکی کوردستان بەدەستیان هێناوە، كە پاش ساڵانێك لە كاری رژد و هەوڵ و کۆششی بەردەوام، دەبێتە خاڵێكی وەرچەرخانی ژیانیان.

لەم ساتە بەدواوە، ئیتر تواناکان بەرجەستە دەبن و ئیتر هیمەتی ئێوەش بۆ وەدیهێنانی دەست پێدەكات، ئەو خەونانەشی كە بەدرێژایی ساڵانی خوێندنتان لێرە هەتانبوو، هێدی هێدی دێنە دی. ئەو زانیاری و زانستەی فێری بوون، ئێوەی بە تەواوی ئامادە کردووە تا ببنە سەرکردە لەو بوارانەی خۆتان و كەسانی پێشەنگ بۆ گەلەکەمان. ئیتر هەر یەك لە ئێوە دەچنە گۆڕەپانی كار و كۆششەوە و بەدڵنیاییەوە توانای ئەنجامدانی گۆڕانكارییتان دەبێ.

پێوەند بە بەشێکیش لە ئێوە، بەدڵنیاییەوە جیهانێكی فراونتر چاوەڕێتانە، ئەو بەشەتان روو لە  بەناوبانگترین و بەرزترین دامەزراوە نێودەوڵەتیەکانی خوێندن دەكەن و لەو دەزگا گرنگانە درێژە بە خوێندن دەدەن. بێگومان ئەوانەی ئەو رێگەیە هەڵدەبژێرن، بەو زانستەی لەم زانكۆیە فێری بوون، لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ ئەو قۆناغە، چونكە خوێندن لە  زانکۆی ئەمریکی کوردستان، بەباشی رێی بۆ خۆش كردوون تا لەو دامەزراوە ناودارە نێودەوڵەتییانە درێژ بە خوێندنتان بدەن.

ئەمە ئەو كارەیە كە من بەتایبەتی شانازیی پێوە دەکەم، ئاخر لە ساڵی (٢٠١٢)دا بیرۆكەی ئەوەم لا دروست بوو كە دەزگایەكی زانستیی ئەكادیمی دابمەزرێنم كە گەنجانی لێهاتووی كۆمەڵگەكەمان لەئامێز بگرێت و ببێتە ناوەندێک كە رێز لە گەنجانی بەهرەمەند و هەوڵدەر بگرێت و خەڵاتیان بكات، دەرفەت بۆ ئەوانە بڕەخسێنێت كە لە رێگەی ترەوە نەیانتوانیوە بارودۆخە سەختەكانیان تێپەڕێنن.

بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەم دیدگایەی لەگەڵ بەش كردم و من سوپاسگوزاری پشتیوانییەكەیم و هەروەها لەپای پاڵپشتیی بەردەوامیشی بۆ وەبەرهێنان لە تواناكانی لاوان وەدیهێنانی و ئایندەیەكی گەشتر بۆ كوردستان، دیسان سوپاسگوزارییم.

بەخۆشحاڵیەوە ئەمڕۆ نزیکەی ٧٠ لەسەدی خقوتابیانی زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە چەندین جۆری سکۆلارشیپ لە زانکۆکە دەخوێنن. ئەو قوتابیانەش سەر بە چین و توێژە جیاوازەكانی كۆمەڵگەن و لە بواری جیاواز و هەمەڕەنگدا بەهرەمەندن، هێزێكی هاندەر و پشتیوانیشن بۆ ئایندەمان. بۆیە لەنێو حەرەمی ئەم زانكۆیەدا، تەنیا بە هەوڵ و كاری رژد و كۆششی بەردەوام، سەركەوتن بەدەست دێت، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی سەر بە كام چین و توێژی ئابووری و كۆمەڵایەتیی كۆمەڵگەن و بێ حسابكردن بۆ ناسنامەی نەتەوەیی و دینی و نەژادی و رەگەزی.

زانکۆی ئەمریکی کوردستان، شوێنێكە بۆ یەكسانیی دەرفەتەكان، ئەم دامەزراوە ئەكادیمییە رەنگدانەوەی بەهاکانی كەسایەتی و بیر و ئەندیشەی مەلا مستەفای بارزانییە، ئەو رێبەر و سەركردەیەی كە تەلاری سەرەكیی ئەم زانكۆیە بەناوی ئەوەوە ناودێر كراوە، هەر ئەو بەهایانەشە كە حكوومەت و گەلی كوردستان بە هاوبەشی هەوڵ دەدەن جێگیری بكەن و بنیاتی بنێن، شوێنێك كە شایستەکان براوە دەبن و مەعریفە و داهێنان دوو هێزی پاڵنەر دەبن تیایدا و پێشەنگەکان خەڵات دەکرێن.

بێ هیچ گومانێك، كاتێ تۆ لە كوردستان وەبەرهێنانی مرۆیی دەکەیت، ژینگەیەک دەدۆزیتەوە كە نەک هەر بە تواناکانت ئاشنایە، بەڵکوو تۆ خۆشت ئامادەساز دەبیت و حەز دەكەیت پرۆژەی لەسەر بنیات بنێیت. ئەوانەش لەبیر ناكەین كە لە ئێمە زیرەکترن، یاخود ئەوانەی ئەو بیرۆکانە دەهێننە سەر مێز کە ئێمە بیرمان لێ نەکردوونەتەوە، ئێمە پێشوازی لەوانیش دەكەین.

من پێداگرم لەسەر ئەوەی کوردستان بگۆڕم بۆ كۆمەڵگەیەكی پڕ زانست و مەعریفە، متمانەی تەواویشم هەیە بەوەی كە ئەوانەی دەڕۆنە دەرەوەی وڵات بۆ درێژەدان بە خوێندنیان، دوای ئەوەی خوێندن تەواو دەكەن، هۆكاری موقنیع و گرنگیان دەبێ بۆ گەڕانەوە بۆ وڵاتەكەیان، ئەركی ئێمە ئەوەیە كە ژینگەیەكی گونجاو ولەباری وەها بخولقێنین كە سەرنجی باشترین گەنجەكانی وڵاتەكەمان بۆ گەڕانەوە بۆ وڵات رابكێشین.. من ئەمشەو ئەو بەڵێنە دەدەم و پابەندیش دەبم پێیەوە و بە دروستی كار لەسەر ئەم خاڵە دەكەم.
خوشك و بریانی بەڕێز..

ئێمە لە گۆڕانکاری ناترسین، کۆمەڵگەی ئێمە وەك هەموو كۆمەڵگەكانی تری جیهانی دەوروبەرمان، بە بەردەوامی پێش دەكەوێت، ئێمەش لە كاتێكدا كە شانازی بە مێژوو و كولتوور و دابونەریتی جوانی خۆمانەوە دەكەین، لە هەمان كاتدا وای دەبینین كە گەلێ جار خۆگونجاندنیش لەگەڵ رووداو و گۆڕانكارییەكانی جیهاندا شتێكە ناكرێ دەستەرداری بین.

ئەم بانگهێشتەی من بۆ ئێوەی بەڕێز لەمشەودا، لەکاتێکدایە كە حکومەتەکەم ئەجێندایەک پەیڕەو دەکات، کە ئامانجی بەهێزكردنی كێبەركێكاریی ئابووری و کۆمەڵگەکەمان و دەستەبەركردنی بناغەیەكی پتەوتر و خۆڕاگرترە. وەدیهێنانی ئەم گۆڕانكارییەش كارێكی ئاسان نیە، لە سەروبەندی سەركردایەتیكردنی ئەم دەستپێشخەرییشدا هەوڵێكی زۆرم داوە تا متمانەی گەلی كوردستان بەدەست بێنم، جا چ لە كەرتی گشتییدا بە پلەی یەكەم، یان لە كەرتی بانكی، كشتوكاڵی و تایبەتدا.

ئەو بڕە پارانەی لە پرۆسەی چاکسازییدا بۆمان دەگەڕێتەوە، دووبارە لە گەشەپێدانی ئابووریی كوردستاندا وەبەرهێنانی پێدەکەین، ئەوەش یارمەتیدەر دەبێ بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر و كۆمەڵگەیەكی كاراتر.

ئەمشەو من بەرامبەر ئێوە راوەستاوم و لێرەوە هانی ئەوەتان دەدەم كە لە شوێنی کارەکانتان بە باشترین شێوە توانا و بەهرەکانتان وەگەڕ بخەن، حەزیش دەكەم ئەو راستیە بزانن كە ئەوەی من لێرەدا وەك رێنووێنی بە ئێوەی دەڵێم، لە ژیانی رۆژانەی خۆمدا پیادەی دەكەم.

لێرە بەدواوە، ئێمە لەم ئەركەدا پێکەوەین، پێشنیارتان بۆ دەکەم تا پێکەوە وەک تیمێک کوردستانێکی بەهێزتر بنیات بنێین، پێكەوە کۆمەڵگەیەک بنیات دەنێین کە شانازی بە بیرەوەری و قوربانییەکانی بابوباپیرانمانەوە بکات و وڵاتێک بنیات بنێین ببێتە جێگەی شانازی بۆ ئێمە و بۆ ئەوانیش، ئێمە دەتوانین ئەو كارە بكەین و دەشیكەین.

پێم خۆشە ئەمشەو ئەم پەیامە بە باشی وەربگرن و لەگەڵ خۆتاندا بیبەن بۆ هەر جێیەك كە بۆی دەچن: یەکەم - باش تواناكانی خۆتان بزانن و تێبگەن لەوەی كە ئێوە توانای ئەنجامدانی گۆڕانكارییتان هەیە.
دووەم: خاوەن بیروباوەڕێكی بەهێز و بوێر بن.

ئەو بیرکردنەوە رەخنەگرانەیەی لێرە فێری بوون، بەهرەیەکی پێویستە لە كاروانی ژیانتاندا. ئێوە دەتوانن و پێویستە ئاسۆی سنوورەکانتان فراوانتر بكەن و راستیەكان بە دەسەڵات بڵێن، ئەو بەشداریکردنەشتان پێشوازیی لێ دەکرێت.

بۆ ئەوانەی لەنێو ئێوەدا لە بواری كارسازییدا پێشەنگن، حکومەتەکەم هانتان دەدات و پێشم خۆشە پێتان رابگەیەنم كە بەمزووانە پرۆسەی گرنگ لە بواری پێدانی قەرز و پێدانی پڕۆژە رادەگەیەنین. دواتر هەر ئەمساڵ وردەکاریی زیاتر لەو بارەیەوە ئاشکرا دەکەم. هەر وەک ئەوەی پێویستە، پڕۆسەکە پێشبڕکێکارانە دەبێت، بەڵام ئەوانە هان دەدات كە خوازیاری سەرکێشین و بیرۆكەی داهێنەرانەیان هەیە و بوێریی ئەوەیان هەیە كە هەوڵ بدەن خەونەكانیان وەدی بێنن. پێویستە بزانن كە هەموو كۆمپانیا گەورەکانی دونیا لە بیرۆکەیەک و بوێرییەكەوە دەست پێدەکەن و دواتر بەرەو پێشەوە دەڕۆن.
ئێمە و ئێوە پێکەوە، هەوڵ دەدەین و كار دەكەین بۆ ئەوەی كوردستان بكەین بە ناوەندێك بۆ وەدیهێنانی ئاواتەكان.

پێم خۆشە رێز و ستاییشی خۆم ئاڕاستەی دامەزراوەی زانکۆی ئەمریکی کوردستان و سەرکردە ئەکادیمییەکانی بکەم، کە هاوكار و یارمەتیدەر بوون بۆ بەڕێوەبردن و رێكخستنی ئاهەنگی دەرچوونی خولی ئەمساڵ لەم ئێوارەیەدا، ئەو بەڕێزانە گرووپێک لە خانمان و پیاوانی ماندوونەناسن و پابەندن بەو بەهایانەی ئێمە هیوامان خواست لەم دامەزراوەیەدا بیانبینین. کارەکانتان نەوە دوای نەوە بەردەوام دەبێت و رۆڵی كارای دەبێت لەوەی ئەم زانکۆیە بکاتە یەکێک لە باشترین زانکۆکانی ناوچەكە.

هەروەها دەمەوێت ئەوپەڕی رێز و سوپاس و پێزانینی خۆم بۆ جەنابی سەرۆک بارزانی دەرببڕم، لەپای سەركردایەتیكردن و ئەوپەڕی خەمخۆری و دڵسۆزی و كۆششكردنی لەپێناو گەلی كوردستاندا، بەڕێزیان هەمیشە نیشتمانپەروەرێكی بیروباوەڕ پتەوە و بە فەزڵی پشتیوانیی گەورەی بۆ پرۆسەی خوێندن، ئێمە ئەمشەو لێرەدا خۆمان دەبینین.

دەرچووانی خۆشەویست، پێم خۆشە بیرتان بهێنمەوە، سەرکەوتن تەنیا بە سامانێكی مادی و دانپێدانانێکی کۆمەڵایەتی پێناسە ناکرێت. سەرکەوتن واتە دەستنیشانكردنی ئامانج، واتە دروستکردنی کاریگەریی ئەرێنی و ژیانێکی پڕ لە دەستكەوت. سەرکەوتن واتە ئارامگرتن، کەوتنە شوێن ئامانجەکانی ژیان و زانینی بەهای خۆت لە جیهانێكدا كە دەیەوێ لە بەهات كەم بكاتەوە.

کاتێک خۆتان بۆ قۆناغی داهاتووی ژیان ئامادە دەکەن، دەبێ کاریگەریی هاوسۆزی و هاوئاهەنگیتان لەپێش چاو بێت. وەک سەرکردەی گەنج، ئێوە ئێستا چەندین بەرپرسیارەتیی بەكۆمەڵتان لەئەستۆدایە تا ببنە پاڵپشت بۆ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و بانگەشەكار بۆ یەکسانی. هیواخوازم ئەو بەهایانەی لەم زانكۆیەدا فێریان بوون لە تەواوی كاروانی ژیانتاندا پێوەی پابەند بن.

بە دەستی واڵاوە نەزانراوەکان لەئامێز بگرن، چونکە گەشەسەندنی راستەقینە لە جیهانە تەمومژاوییاكاندا روو دەدات. سەرکێشی بکەن، لە هەڵەكانتان فێر بن و بەردەوام بن لە تێپەڕاندنی ئەو سنوورانەی لەو باوەڕەدان دەتوانن تێیانپەڕێنن. لەبیرتان بێت، گەورەترین دەستکەوتەکان لە مێژوودا، لە رێگەی بەها جێگیرەكان و نەرمی و بوێرییەوە لەدایک بوون.

دەرچووانی خۆشەویست، کاتێک ئێوە دەچنە ناو ئەو قۆناغە نوێیەی ژیانتان، مەهێڵن ترس ببێتە لەمپەر لە ڕێگەتاندا، بەڵكوو بیكەنە سووتەمەنی تا بەرەو پێش پێی بڕۆن. ئەو ئاڵنگارییانەی لە پێشتانن پێشوازییان لێ بكەن چونكە ئەوانە دەرفەتن با لەدەستتان نەچن،  ئاخر هیچ سنوورێك نیە بۆ تواناكانی ئێوە، بۆیە من متمانەی تەواوم هەیە كە کاریگەریی گەورەتان لەسەر جیهان دەبێت.

ئاهەنگی دەرچوونی ساڵی (2023) تان پیرۆز، بێ دوودڵی هەنگاو بنێن و بەرەو پێشەوە بڕۆن، خەونەکانتان بەدی بێنن، جیهان بکەنە شوێنێکی باشتر، داهاتوو لەدەست ئێوەدایە،  من دڵخۆش دەبم كە شاهیدی دەستكەوت و سەركەوتنەكانی ئێوە بم.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP