هەرێم نیوز
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی سێ مانگی داهاتودا نرخی دۆلار دادەبەزێت و دەبێتە نرخی فەرمی کە 132 هەزار دینار.
موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، عێراق حەواڵەی دەرەکی کردوەتەوە بۆ هاوردەکردنی چەند کاڵایەکی پێویست لەلایەن بانکی ناوەندییەوە.
دەشڵێت، ئەو پێداویستییانە نزیکەی 80%ی پێداویستییەکانی بازاڕەکانی ناوخۆی عێراق پڕدەکەنەوە و بە فەرمی ئەو پرۆسەیە کراوەیە.
هەروەها ئەوەشی وت، 20%ی پێداویستییەکان دەمێنێتەوە کە پێویست ناکات بانکی ناوەندی حەواڵەی بۆ بکاتەوە کە ئەو کاڵایانە لەلایەن ئەو وڵاتانەوە هاوردەدەکرێن کە بانکی فیدڕالی ئەمەریکا سزای بەسەردا سەپاندون.
ڕاشیگەیاند، بانکی ناوەندی داوا لە بازارگانەکان دەکات داواکاری پێشکەش بکەن بۆ کڕینی دۆلار بە نرخی فەرمی و بەمەش خواست لەسەر دۆلار کەمدەبێتەوە.
باسی لەوەشكردوە، بانکی ناوەندی دواکەوت لە تەمویلکردنی ئەو لایەنانەی داوای دۆلارییان کردبوو بەهۆی ئەمەریکاوە و ئەمەش کێشەی بۆ بانک و دۆخی ئابوری عێراق دروست کرد.
ئەوەشی خستەڕوو، لە ماوەی سێ مانگی داهاتودا نرخی دۆلار دادەبەزێت و دەبێتە نرخی فەرمی کە 132 هەزار دینارە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە مانگی کانونی دوەمی ئەمساڵدا بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوەوە و 100 دۆلار 170 هەزار دیناری عێراقی تێپەڕاند.