دواین هەواڵ

عێراق‌

 22/09/2023

برێت مەکگۆرک: پێشوازی لە ڕێککەوتنی ئەم دواییەی به‌غدا و هه‌رێم ده‌كه‌ین

هەرێم نیوز

بریت مەكگۆرك، جێگری یاریدەدەری سەرۆكی ئەمریكا‌ و هەماهەنگكاری كۆشكی سپی رایگه‌یاند، پێشوازی لە رێککەوتنی ئەم دواییانەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەبارەی دابینکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان ده‌كات.

كۆشكی سپی له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا باسی له‌وه‌كردوه‌، له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، مەکگۆرک پێشوازی لە رێککەوتنی ئەم دواییانەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەبارەی دابینکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان کردوە.

به‌رپرسانی ئه‌مریكا جەختیان لەسەر پێویستی كردنەوەی بۆری نەوتی نێوان عێراق‌و توركیا كردوە لە زوترین كاتدا.

14ی ئه‌م مانگه‌ شاندێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی و قوباد تاڵه‌بانی سه‌ردانی به‌غدای كرد و له‌گه‌ڵ سودانی و به‌رپرسانی دیكه‌ی عێراق كۆبوه‌وه‌ و پێشنیاری پێدانی 800 ملیار دیناری مانگانه‌ی كرد بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، به‌ڵام سێ رۆژ دواتر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق ده‌نگیدا له‌سه‌ر ناردنی دو ترلیۆن و 100 ملیار دینار بۆ ماوه‌ی سێ مانگ واتا هه‌ر مانگێك 700 ملیار دینار.

پێشتر نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كردبو، سودانی و برێت مکگۆرک تاوتوێی پەیوەندییە گشتییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا و چۆنیەتی بەهێزکردن و پەرەپێدانیان كردوه‌، لەسەر ئاست و بوارە جۆراوجۆرەکاندا بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی هەردو گەلی دۆست.

سودانی جەختی لە هەوڵەکانی عێراق کردەوە بۆ بەردەوامبون لە پەیوەندییە ستراتیژییەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکان، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ئاڵوگۆڕکراو و هاوبەشی ئابوری بنیاتنەر و ئاماژەی بەوەدا کە گۆڕەپانی وەبەرهێنان لە عێراق کراوەیە بۆ بەشداریکردنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە پلانەکانی چاکسازی و بنیاتنانەوەی ژێرخانی عێراق.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP