دواین هەواڵ

ئابوری‌

 24/09/2023

لەبارەی هاتنی تەواوی 700 ملیارەکەی بەغدا، روونکردنەوە دەدرێت

هەرێم نیوز 

بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکان لە وەزارەتی بازرگانی هەرێم رایگەیاند، هیچ مەترسییەک لەسەر ناردنی 700 ملیار دینارەکە نییە و لە چەند رۆژی داهاتووش بڕەکانی دیکە دەخرێنە سەر هەژماریی بانکیی وەزارەتی دارایی و دابەشکردنی مووچەش بەپێی لیستی بڵاوکراوەی وەزارەتی دارایی بەردەوام دەبێت.

مەولوود سابیر، بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا رۆژنامەوانیدا رایگەیاند ، ئه‌مڕۆ 250 ملیار له‌ به‌غداوه‌ بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتووه‌ و چاوه‌ڕوانی گه‌یشتنی ته‌واوی 700 ملیار دینارەکە دەکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، بانكی ناوه‌ندیی عێراقی به‌پێی ئه‌و یه‌ده‌گه‌ی له‌ بانكەکانی رافیده‌ین، ره‌شید و بازرگانی عێراق هەیە، ئه‌و 700 ملیار دیناره‌ی بڕیاری له‌سه‌ر دراوه‌، بۆ هه‌رێمی كوردستان رەوانەی دەکات، بۆیە ئەو بڕە پارەیە بە یەک پاکێج ناکرێتە سەر هەژماریی بانکیی وەزارەتی دارایی.

بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکان راشیگەیاند، بانکی ناوەندیی عێراق کێشەی لە دابینکردنی نەختینەی دینار هەیە، بۆیە ناردنی 700 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان دواکەوت و بە یەک قۆناغ رەوانە نەکراوە.

جەختیشیکردەوە ، هیچ مەترسییەک لەسەر ناردنی 700 ملیار دینارەکە نییە و لە چەند رۆژی داهاتووش بڕەکانی دیکە دەخرێنە سەر هەژماریی بانکیی وەزارەتی دارایی و دابەشکردنی مووچەش بەپێی لیستی بڵاوکراوەی وەزارەتی دارایی بەردەوام دەبێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ یەکشەممە (24ـی ئەیلوولی 2023)، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی 250 ملیار دینار لە رێگای بانکی رافیدەینەوە خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکەیان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق، لیستی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بڵاوکرایەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP