هەرێم نیوز
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری دهۆک، لە چوارچێوەی بەسەرکردنەوەی پرۆژەی نیشتمانیی کارەبای24 کاتژمێری ناسراو بە (پرۆژەی ڕووناکی) سەردانی چەند ماڵێک و شوێنی کاری هاووڵاتییانی شارەکەشی کرد.
ئەمڕۆ یەک شەممە 11ی ئایاری 2025، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە گەڕەکی بەرۆشکێ لە شاری دهۆک، سەردانی چەند ماڵ و دوکان و فرۆشگە و نانەواخانەیەکی کرد، کە ماوەیەکە لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی، کارەبایان بۆتە 24 کاتژمێری.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی سەردانەکەی سەرۆک وەزیران بڵاویکردۆتەوە، هاووڵاتییان خۆشحاڵی خۆیان بە ئەنجامدانی پڕۆژەکە نیشاندا و دەستخۆشیان لە حکومەت کرد بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە نیشتمانییە، کە هەموو کوردستان دەگرێتەوە.
مەسرور بارزانی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم پڕۆژەیە لە هەموو کوردستان ئەنجام دەدرێت و ئەوەی تا ئێستا کراوە لە سەنتەری شارەکان بووە و بڕیارە تا کۆتایی 2026 هەموو پارێزگا و ناوچە و شار و گوندەکانی هەرێمی کوردستان ببنە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری.
مەسرور بارزانی داواشی لە هاووڵاتییان کرد، کە زێدەڕۆیی لە بەکارهێنانی کارەبادا نەکەن و بە پێی پێداویستی خۆیان بەکاری بهێنن و بەفیڕۆی نەدەن و هاوکاری حکومەت بن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ ئەوەی حکومەتیش بەردەوام بێت لە خزمەتکردنی هاووڵاتییان.
دڵنیاییشی دا، “نرخی کارەبا بۆ زۆرینەی هاووڵاتییان نرخێکی گونجاو دەبێت و کەمتر دەبێت لەو نرخەی ئێستای کارەبای مۆلیدە و کارەبای نیشتمانی بەیەکەوە”.
تا ئێستا 600 هەزار هاووڵاتی لە پرۆژەی ڕووناکی و کارەبای 24 کاتژمێری سوودمەند بوون و بڕیارە تا کۆتایی ئەم مانگە، ژمارەکە بگاتە یەک ملیۆن سوودمەند لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان.لە کۆتایی ئەمساڵیش، سەنتەری سەرجەم شارەکان دەبێتە 24 کاتژمێری و کۆتایی 2026 یش هەموو هەرێمی کوردستان سوودمەند دەبێت .